له كۆنوسی لیژنه‌كه‌دا هاتوه، به‌مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی دۆسیه‌كه، له‌گه‌ڵ چه‌ندین به‌رپرسی وه‌زاره‌تی دارایی و بانكی ناوه‌ندی و دیوانی چاودێریی دارایی كۆبونه‌ته‌وه، كۆبونه‌وه‌كانیش به ئاماده‌بونی قوسه‌ی سوهه‌یل، جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌ندامانی لیژنه‌كه ئه‌نجامدراون.
لیژنه‌كه داوای له دیوانی چاودێریی دارایی كردوه راپۆرتێكی تێروته‌سه‌ل له‌باره‌ی ئه‌نجامی وردبینیكردنی مامه‌ڵه‌ی زیادكردنی ئاشكرای دراوی بیانی له 2012دا بخاته‌ڕو، دیوانی چاودێریش له 25ی ئه‌یلولی 2012 راپۆرتی ژماره 4/3/1/20094ی به لیژنه‌كه داوه، دوای تاوتوێكردنی ئه‌و راپۆرته‌ش لیژنه‌كه گه‌یشتوه‌ته چه‌ند ئه‌نجامێك.
به‌پێی ئه‌و راپۆرته، رێنمایه‌كانی بانكی ناوه‌ندی له‌باره‌ی زیادكردنی دراوی بیانی كهموكورتییان تێدابوه و چه‌ند بانكێكی دیاریكراویش سودیان له‌و رێنماییانه وه‌رگرتوه، 10 بانك ده‌ستیان به‌سه‌ر بڕی 17 ملیار و 447 ملیۆن و 490 هه‌زاردا گرتوه، ئه‌و بانكانه‌ش بریتین له بانكی (خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست) به پله‌ی یه‌كه‌م( بانكی المتحد، بانكی الشمال، بانكی اربیل، بانكی الاهلی، بانكی ئاشور، بانكی ئیسلامیی ئیلاف، بانكی كوردستان، بانكی ره‌شید و بانكی عێراقیی ئیسلامی).
هه‌ر به‌پێی ئه‌و راپۆرته، مامه‌ڵه‌ی ئه‌و بانكانه له‌لایه‌ن چه‌ند كۆمپانیا و كه‌سێكه‌وه قۆرخكراوه و نرخی گۆڕینه‌وه‌ی دراویان كۆنترۆڵكردوه، ئه‌وانیش بریتین له: كۆمپانیای به‌راری عه‌ره‌بیه (بانكی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست)، مه‌ناف ئه‌حمه‌د داود (بانكی الشمال)، عه‌لی داود عه‌لی (بانكی الشمال)، عیماد حه‌سه‌ن عه‌لی (بانكی اربیل)، كۆمپانیای میر (بانكی اربیل)، كۆمپانیای بازرگانیی بامۆك (بانكی اربیل)، كۆمپانیای حورا وادی (بانكی المتحد)، كۆمپانیای زه‌هره جیبال (بانكی المتحد)، كۆمپانیای ره‌وزه سوڵتان (بانكی المتحد)، كۆمپانیای نوخبه زه‌مان (بانكی ئه‌هلیی عێراقی)، فه‌تاح عه‌بدوڵا (بانكی ئه‌هلیی عێراقی)، موهه‌ند نیبراس (بانكی ئه‌هلیی عێراقی)، كامل ئیلیاس عه‌باس (بانكی ئیسلامیی ئیلاف)، ته‌حسین خه‌لیل حه‌سه‌ن (بانكی ئیسلامیی ئیلاف) و كۆمپانیای بادیه (بانكی ئیسلامیی ئیلاف).
لیژنه‌كه به‌رپرسیارێتی كورتكردنه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌ی دراو له‌سه‌ر ئه‌و كه‌س و كۆمپانیایانه ده‌خاته ئه‌ستۆی بانكه‌كان، چونكه ده‌بێته هۆی قۆرخكردن و زیانی زۆر به چینی ناوه‌ڕاست و خواره‌وه‌ی بازرگانه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت.
كۆنوسه‌كه ئاماژه به‌وه‌ش ده‌دات، كه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاودێریی مامه‌ڵه‌ی دراو هیچكام له‌و تێبینیانه‌ی تۆمارنه‌كردوه، له‌كاتێكدا ئه‌ركی سه‌ره‌تایی ئه‌وان تۆماركردنی ئه‌و تێبینی و حاڵه‌تانه‌یه.