دوای كۆبونەوەی ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی كوردستان لە نووسینگەی سلێمانی لەگەڵ ئەو كەسانە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا وردەكاری زیاتر لەسەر كۆمپانیاكان و دیارنەمانی ئەو پارەیە خستەڕوو.
نوێنەری سكاڵاكارەكان سیروان محەمەد لە كۆنگرەكەدا وتی: “بەناوی زیاتر لە 100 سكاڵاكارەوە هاتوینەتە نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی كوردستان لەسەر دوو كۆمپانیای حەواڵە كە سكاڵامان لەسەر تۆماركردون لەسەر ئەوەی نزیكەی یەك ملیار دۆلاریان لە خەڵكی شاری سلێمانی سەندووە بە ناوی بۆرسەی جیهانی و حەواڵەوە، لە كاتێكدا ئەو دوو كۆمپانیایە هیچ مۆڵەتێكیان نییە”.
سیروان محەمەد وتی: “ئەو دوو كۆمپانیایە هیچ مۆڵەتێكی یاساییان نییە و لەلایەن چوار كەسی عەرەب و دوو كوردەوە بەڕێوەبراون و دوای سكاڵاكردنمان لەسەریان دەستگیركران، بەڵام ئێستا ئەو كەسانە بە مادەی 456 ئازاد كراون”.
لەلای خۆیەوە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان شێركۆ حەمەئەمین لەبارەی سكاڵای ئەو كەسانەوە رایگەیاند: “دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەوەی بۆرسەی نایاسایی لەسلێمانی هەبووە و ژمارەیەك خەڵك فێڵیان لێكراوە و نزیكەی ملیارێك دۆلار براوەتە دەرەوە، ئێمە وەك ژمارەیەك پەرلەمانتار بەدواداچوون دەكەین و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بەردەوام دەبین”.
ئەو وتی: “ئەو كەسانە سكاڵای خۆیان گەیاندۆتە ئێمە و ئەمڕۆ لەگەڵیان كۆبووینەوە، ئێمە وەك ئەركی سەرشانی خۆمان لە رووی یاساییەوە بەدواداچوون بۆ ئەو كێشەیە دەكەین بۆ ئەو كەیسە بۆ ئەوەی ماف بۆ ماف خوراوان بگەڕێتەوە و یاسا سەروەر بێت”.
لای خۆشیەوە ئەندامێكی لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی كوردستان ئاواز جەنگی لە كۆنگرەكەدا گوتی: “لە هەر كات و شوێنێك پێویست بێت، ئێمە وەك پەرلەمانتار ئەركی خۆمان ئەنجام دەدەین و سكاڵا تۆمار دەكەین، بەڵام ئەو كەیسە ئێستا لە دادگایە و چاوەڕوان دەكەین بزانین لە دادگا چۆن بەڕێوە دەچێت”.