بەهۆی نەبوونی مەرجەكانی سەلامەتی تێیاندا و روودانی چەندین رووداوی دڵتەزێن بەكارهێنانی “یاری چوپی تایبەت بە منداڵان” لە سلێمانی قەدەغەدەكرێت و لەسەرەتایی هەفتەی داهاتووەوە هەڵمەتی لابردنیان دەستپێدەكات.
بەئامانجی پاراستنی سەلامەتی گیانی منداڵان و رێگری كردن لە رووداوی نەخوازراو قائیمقامیەتی سلێمانی رایدەگەیەنێت پاش بەدواداچونی پێویست سەبارەت بە شێوازی كاركردنی “یاری چوپی تایبەت بە منداڵان” كە ئێستا لە زۆربەی گەڕەك و شوێنە گشتیەكانی سلێمانیدا هەیە , لەسەر فەرمانی قائیمقامی سلێمانی بڕیاردرا رێگری لە كاركردنی هەموو ئەو جۆرە یارییانە بگرێت و لیژنەی سەلامەتی سەربە لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانیش راسپێردرا خاوەنی یارییەكان ئاگاداربكرێتەوە و لە زووترین كاتدا پابەندبن بە لابردنیانەوە.
سەبارەت بە بڕیاری لابردنی ئەو یارییانە كە تایبەتە بەمنداڵان قئیمقامیەتی سلێمانی هەموو لایەك ئاگاداردەكاتەوە مەبەست لەبڕیارەكە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی گیانی منداڵان و رێگری كردنە لەرووداوی نەخوازراو چونكە لە رابردوودا چەندین حاڵەتی دڵتەزێن تۆماركراوە كە بەهۆی نەبوونی مەرجى سەلامەتی تێیاندا دەیان منداڵ برینداربوون و سەدانی تریش ژیانیان رووبەڕووی مەترسی بوووەتەوە.
بەم دوایەش چەندین سكاڵا لە دژی خاوەنی ئەو یارییانە لە قائیمقامیەتی سلێمانی تۆمار كراوە, لەبەر ئەم هۆكارانە بڕیاری قەدەغەكردنی ئەو جۆرە یارییە دراوە و لە هەفتەی داهاتووەوە لەهەر شوێنێك “یاری چوپی تایبەت بە منداڵان” بەدی بكرێت لادەبرێن و لە ئەگەری پابەندن نەبونیشیان خاوەنەكانیان رووبەڕووی سزایی یاسایی دەكرێنەوە.