سلێمانی: 11 کەس بەتۆمەتی ڕاوكردنی ماسی و بڕینەوەی دارو سوتانی پوش وپاوان دەستگیركران

 
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: لە ماوەی 24 كاتژمێر ڕابردوودا 11 هاوڵاتی بەتۆمەتی ڕاوكردنی ماسی و برٍینی دار و سوتانی پوش و پاوان دەستگیركران.

هێمن كەمرخان بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، ڕایگەیاند : هەمیشە و بەردەوام لەپێناو پارێزگاریكردن لەسروشت و ژینگەی كوردستان و پاراستنی ئاژەڵ و باڵندە كێویەكان و سامانی ماسی مەفرەزەكانمان لەسەرجەم بەش و بنكەكان بەشەو و بەڕۆژ بەردەوامیان هەیە و تەنها لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردودا 11 سەرپێچیكار دەستگیركراون بەشێوەیەك لەسنورەكانی ماوەت هەشت هاوولاتی و لە پێنجوێن دوو هاوولاتی و هەروەها لە بەرزنجە یەك هاوولاتی سەرپێچیكار دەستگیر كراون لەسەر دیاردەكانی ڕاوكردنی ماسی و هەروەها بڕینی داری دارستانەكان و پاشان ڕادەستی دادگا كراون بۆ وەرگرتنی ڕێكاری یاسایی .

هەروەها وتیشی: لەسنوری بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن دوو حاڵەتی ئاگركەوتنەوە ڕویانداوە و لەلایەن ئەفسەر و كارمەندانی بنكەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ناڵپارێز كۆنترۆڵكراون و هۆكاری سەرەكی ئاگركەوتنەوەكە نەزانراوە بەلام لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی هۆكاری ئاگركەوتنەوەكە بەردەوامە و بەوهۆكارەشەوە زیاتر لە 100 دۆنم لە پوش و پاوان و داری سروشتی سوتاون و زیانیان پێگەیشتووە .