دەستەی نەزاهەی عیراق، شكستپێهێنانی هەوڵی بڕینی بانكێكی حكومی لە پارێزگای كەركوك لەلایەن باندێكەوە راگەیاندو ئاشكرایكرد، بەبڕیاری دادوەرو لەسەر ئەو رووداوە سێ كەس دەستگیركراون.
ئەو دەستەیە لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە، كە باندێكی سێ كەسی هەوڵیانداوە لەرێی بەكارهێنانی ناوی سەرۆكی لیژنەیەكی پەرلەمانی عیراقو بە بەڵگەی ساختە، لقی عەرەفەی بانكی رەشید لە كەركوك ببڕن.
“سێ تۆمەتبارەكە، چەندجارێك سەردانی بانكەكەیان كردووەو بانگەشەی ئەوەیان كردووە لەلایەن لیژنەیەكی پەرلەمانەوە راسپێردراون بۆ دیاریكردنی بەربەستی كارەكانیانو پێشنیاركردنی رێكاری نوێ”.
دەستەی نەزاهە ئاماژەی بەوەشداوە كە دوای دەستبەسەركردنی تۆمەتبارەكان، دەركەوتووە یەكەمیان بە درۆ بانگەشەی ئەوەی كردووە پێناسی پەرلەمانی عیراقی پێیە بەڵام لە راستیدا ئەو كەسە پێشتر لە كارەكەی لە پەرلەمان دورخراوەتەوە.
دووەم تۆمەتبار كە بانگەشەی بوونی نوسراوی رێپێدانی پەرلەمانی عیراقی كردووە، وەكو لە بەیاننامەكەی دەستەی نەزاهەدا هاتووە، ئەو نوسراوەی پێنەبووەو فەرمانبەری یەكێك لە وەزارەتەكان بووە.
هەروەها هاتووە “تۆمەتباری سێیەمیش بانگەشەی ئوەی كردووە لەگەڵ دەزگایەكی راگەیاندن كاردەكات”.
بەپێی بەیاننامەكەی دەستەی نەزاهە “لە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكاندا هەرسێ تۆمەتبارەكە دانیان ناوە بەهەوڵی دزینی بانكەكە، دوای ئەوەی متمانە لە نێو ئیدارەكەیدا دروستدەكەن لەرێی فێڵو یاری پێكردنەوە بەو هەژمارەی تۆمەتباری دووەم ویستوویەتی لە بانكەكە بیكاتەوە”.
تۆمەتبارەكان لەسەر بڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 260ی یاسای سزادان دەستگیركراون، لەلایەن دەستەی نەزاهەشەوە، بە نوسراوێكی فەرمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەو هەوڵە ئاگاداركراوەتەوە، بەوپێیەی ناوی سەرۆك لیژنەیەكی پەرلەمانیان بەكارهێناوەو بانگەشەی ئەوەیان كردووە لەگەڵ ئەودا كاردەكەن.