سلێمانی: قەیرانی دارایی بەراورد بەساڵانی ڕابردوو كاریگه‌رى بەرچاوی هه‌یه‌ له‌سه‌ر بازاڕى خورما

خاوه‌ن دووكانه‌كانی فرۆشتنی خورما ده‌ڵێن له‌م مانگه‌دا زیاتر له‌ رۆژانى تر خورما ده‌فرۆشن.

سالار سه‌عید ته‌مه‌نى 41 ساڵه‌ و ماوه‌ى 12 ساڵه‌ كارى فرۆشتنى خورما ده‌كات له‌ بازاڕى داره‌ سووتاوه‌كه‌ى شارى سلێمانى، ئه‌و باس له‌ خواردنى خورما له‌ مانگى ره‌مه‌زان و جۆره‌كانى خورما و نرخه‌كانیان ده‌كات.

سالار دەڵێت: “خواردنى خورما له‌م مانگه‌دا له‌ چاو مانگه‌كانى تر زیاترە چونكه‌ خواردنێكى به‌ سووده‌ و له‌م مانگه‌دا فرۆشتنى خورما زیادى كردووه‌”.

وتیشى: “له‌ مانگى ره‌مه‌زاندا رۆژانه‌ برێكى زۆر خورما ده‌فرۆشین به‌وه‌ى له‌ رۆژانى تر ئه‌گه‌ر سه‌د كیلۆگرام بفرۆشین ئه‌وا له‌ مانگى ره‌مه‌زاندا ده‌چێته‌ دووسه‌د كیلۆگرام چونكه‌ هاووڵاتییان له‌م مانگه‌دا خورماى زۆر به‌كاردەبەن”.

ناوبراو ئاماژه‌ى بۆئه‌وه‌شكرد، خورما له‌ ئێستادا 20 جۆرى هه‌یه‌ له‌ زۆربه‌ى وڵاتانه‌وه‌ هه‌نارده‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌كرێت به‌ تایبه‌ت خورماى ئێران كه‌ خۆشترین و جوانترین خورمایه‌ و خورماكانى عێراق زۆربه‌یان له‌ناوچوون.
 
له‌ باره‌ى نرخه‌كانیشه‌وه‌ ئه‌و ده‌ڵێت نرخى خورما له‌ جۆرێك بۆ جۆرێكى تر ده‌گۆڕدرێت له‌ ئێستاشدا نرخه‌كان جێگیره‌ به‌وه‌ى له‌ 3 هه‌زار دینارى عێراقیه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات تاوه‌كو 25 هه‌زار دینارى عێراقى”.

له‌ باره‌ى كاریگه‌ریه‌كانى قه‌یرانى دارایى هه‌رێمى كوردستان بۆسه‌ر بازاڕى خورما، سالار سه‌عید وتى: “ئه‌م قه‌یرانانه‌ى كه‌ رووى له‌ هه‌رێمى كوردستان كردووه‌ كاریگه‌رى ته‌واوى هه‌یه‌ له‌سه‌ر بازاڕى خورما به‌وه‌ى مانگى ره‌مه‌زانى ساڵانى رابردوو هاووڵاتییان زۆر به‌ زۆرى خورمایان ده‌كڕى به‌ڵام ئه‌و ماوه‌ى دووساڵه‌ هاووڵاتییان كه‌متر خورما ده‌كڕن”.