حزبه‌كه‌ی مالیكی كار بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری دارایی عيراق دەکەن

حیزبی دەعوە باڵی مالیكی كار بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری دارایی عيراق لە پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات و حەیدەر عەبادیش بۆ رێگرتن لەو هەنگاوە، خۆی دەكات بە وەزیری دارایی بە وەكالەت.

بەپێی زانیاییەكان حیزبی دەعوە هەوڵەكانی بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری دارایی چڕكردۆتەوە، ئەوەش زانراوە، بۆ ئەو مەبەستە، حیزبی ناوبراو، پشتگیری چەند لایەنێكی لە ئەنجومەنی نوێنەران بەدەستهێناوە.

پۆستی وەزیری دارایی پشكی كورد و بە دیاریكراوی پارتی دیموكراتی كوردستانە و لە دوای وەرگرتنەوەی متمانە لەهۆشیار زێباری وەزیری پێشووی دارایی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بە تۆمەتی گەندەڵی و خراپ بەكارهێنانی پۆستەكەی، تائێستا پارتی هیچ كەسی بۆ ئەو پۆستە كاندید نەكردووە.

هاوكات زانیارییەكان، ئاماژە بەوە دەدەن، تاكە رێگر لە بەردەم هەوڵەكانی حیزبی دەعوە، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانە، كە ئامادەنییە هیچ كەسێك لە حیزبی دەعوە كاندید بكات.

هەر بەپێی زانیارییەكان، حەیدەر عەبادی بۆ رێگری لەو هەنگاوەی نوری مالیكی، بڕیاری بەڕێوەبردنی وەزارەتی دارایی لەلایەن خۆیەوە بە وەكالەت دەركردووە و عەبدولرەزاق ئەلعیسا، وەزیری خوێندنی باڵا لەوەزیری دارایی بە وەكالەت لاداوە، ئەوەش خراوەتەڕوو؛ كە ئەم هەنگاوەی حەیدەر عەبادی لە پێناوی تێكنەچوونی پەیوەندییەكانێتی لەگەڵ پارتی.

جێی وتنە، هەفتەی رابردوو چەند پەرلەمانتارێكی حیزبی دەعوە و لە نێویاندا مەنسوڕ زوبێعی، پارتییان تۆمەتباركرد، بەوەی رێگری لە دانانی وەزیری نوێی دارایی دەكات.