سلێمانى: دوو ئافره‌ت کاری رۆنگۆڕى ئۆتۆمبێل دەکەن

 
وه‌ستا شادیه‌ و نیگاری شاگردی یه‌كه‌م كه‌سی ئافرەتن كه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان دووكانى رۆنگۆڕینى ئۆتۆمبێلیان داناوه‌، شادیه‌ شاره‌زاى ته‌واوى هه‌یه‌ له‌ كاره‌كه‌دا و نیگاریش وه‌ك شاگرد له‌گه‌ڵ شادیه‌ كارده‌كات، ئه‌وان ده‌ڵێن ئێمه‌ ده‌توانین شان به‌ شانى پیاوان كار بكه‌ین جا هه‌ر كارێك بێت. 

وه‌ستا شادیه‌ حه‌سه‌ن پێشتر كارى رێكخراوه‌یى ئه‌نجام داوه‌، به‌ هۆى ئه‌وه‌ش كه‌ خۆى ئۆتۆمبێلى هه‌یه‌ ئاره‌زووى ئه‌وه‌ ده‌كات خۆى ببێته‌ وه‌ستاى ئۆتۆمبێله‌كه‌ى، بۆیه‌ هه‌ستاوه‌ به‌ دانانى دووكانێكى رۆنگۆڕى ئۆتۆمبێل، دووكانه‌كه‌ى شادیه‌ له‌ نزیك فولكه‌ى خاڵه‌ حاجییه‌ له‌ شارى سلێمانى.

له‌ باره‌ى كاره‌كه‌یه‌وه‌ ڕایگەیاند: “دانانى ئه‌م دووكانه‌ خولیا و ئاره‌زووى خۆم بوو زۆر حه‌زم ده‌كرد كه‌ دووكانێك دانێم و هاوشانى پیاوان كار بكه‌م”.

وتیشى: “من له‌م كاره‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌ڵێم كه‌ ئافره‌ت ده‌توانێت هه‌موو كارێك هاوشێوه‌ى پیاو ئه‌نجام بدات، به‌ راى خۆم هیچ ئیشێك نییه‌ كه‌ تایبه‌ت بێت به‌ پیاوان یاخود تایبەت بێت بە ئافره‌تان بۆیه‌ هه‌ردوولا ده‌توانن كاربكه‌ن جا له‌ هه‌ر بوارێكدا بێت”. 

وه‌ستا شادیە ئامانجى كاره‌كه‌ى خسته‌ روو و وتى: “له‌م رێگه‌یه‌وه‌ به‌ ئافره‌تان ده‌ڵێم چاو له‌ ئێمه‌ بكه‌ن كه‌ كار ده‌كه‌ین، ئه‌وانیش بێنه‌ ده‌ره‌وه‌ى ماڵه‌كانیان و كار بكه‌ن بژێویه‌ك بۆ خۆیان په‌یدا بكه‌ن. به‌ بڕواى من ئه‌م كاره‌ى ئێمه‌ خزمه‌تێکى زۆر گرنگه‌ به‌ خۆم و دەورووبەرم”. 

له‌ باره‌ى كاره‌كه‌یه‌وه‌ ئه‌و وتى: “كارى سه‌ره‌كى ئێمه‌ له‌م دووكانه‌ زیاتر رۆنگۆڕینه‌ و په‌نچه‌رى ئۆتۆمبێل و تایه‌ باڵانسى ئۆتۆمبێل ده‌گۆڕین، ئه‌و داواشى كرد كه‌ هاووڵاتییان سه‌ردانى بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى تواناكانیان ببینن”. 

له‌ باره‌ى كارى داهاتوویانه‌وه‌ شادیه‌ وتی: “له‌ هه‌وڵداین بۆ ئه‌وه‌ى له‌ داهاتوودا بیكه‌ن به‌ سه‌نته‌رێكى چاككردنى ئۆتۆمبێل، بۆ ئه‌وه‌ی ئافره‌تانێكى زۆر بهێنمه‌ ناو كاره‌وه‌ هه‌لى كارى زیاتر بره‌خسێنم بۆ ئافره‌تان و هه‌روه‌ها له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌شدام په‌یمانگایه‌كى فێرخوازى بكه‌مه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئافره‌تان فێرى كاره‌كه‌ بكه‌م”. 

نیگار فه‌تاح ئه‌ویش هاوشێوه‌ى شادیه‌ خولیای كاره‌كه‌ى هه‌یه‌ بۆیه‌ بڕیارى داوه‌ له‌گه‌ڵ شادیه‌ كاربكات، ئه‌و باسى بیرۆكه‌كه‌ى كرد و وتى: “شادیه‌خان په‌یوه‌ندى به‌منه‌وه‌ كرد پێى وتم كه‌ بیرۆكه‌یه‌كى له‌و شێوه‌یه‌م هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌نجامى بده‌م، منیش زۆرم پێخۆش بوو بۆیه‌ بڕیارمدا له‌گه‌ڵی كار بكه‌م”.

وتیشى: “زۆر ئاسودەین به‌ كاره‌كه‌مان و داوا له‌ ئافره‌تان دەکەم هاوشانى پیاوان كاربكه‌ن و سه‌رمایه‌یه‌ك بۆ خۆیان په‌یدا بكه‌ن”.

نیگار هەروەها وتی: “دوكانه‌كه‌مان له‌ كاتژمێر 9 به‌یانی كراوه‌ ده‌بێت بۆ كاتژمێر 6:30 ی ئێواره‌”.