لەم مانگەوە ژمارەیەكی زۆر لەكرێكار بەشێوەی گرێبەست دادەمەزرێنو لێپرسراوی دۆسیەی مرۆیی لەئیدارەی گەرمیانیش بڕی ئەو پارەیە ئاشكرادەكات كە ئەو كرێكارانە وەری دەگرن.
(بێستون ژاڵەیی) لێپرسراوی دۆسیەی مرۆیی لەئیدارەی گەرمیان بەگەلی كوردستانی راگەیاند، لەم مانگەوە زیاتر لە 500 كرێكاری خۆماڵیو ئاوارەی ناوچەكە هەلی كاریان بۆ دەرەخسێنرێتو لەلایەن ڕێكخراوی (جی ئای زێت)ی ئەڵمانی تایبەتە بەپرسی ئاوارەو كۆچبەران بودجە بۆ مووچەی ئەو كرێكارانە تەرخانكراوە.
وتیشی، ئەو ڕێكخراوە ئامانجیەتی بەدامەزراندنی ئەو كرێكارانە، ڕێگری لەكۆچی بێ شوماری خەڵكی عیراقو كوردستان بۆ دەرەوەی وڵات بكات.
بێستون ژاڵەیی ئاماژەی بەوەشدا, ئەو رێكخراوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی گەرمیان ڕێككەوتووە، كە هەلی كاری ئەو كرێكارانە لەبواری سەوزكردن و پڕۆژەكانی ئاوی خواردنەوەدا بێت.
ئەوەشی رونكردووە، بڕی پارەی دیاریكراو بۆ رۆژانەی كرێكارانی ئاسایی 25 هەزار دینارەو كرێكاری هونەریش 40هەزار دینارەو پرۆژەكەش بۆ یەك ساڵەو قابیلی درێژكردنەوەشە بۆ چەند ساڵێكی تر.