كۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی ئاشكرای دەكات، بەرهەمی رۆژانەی كێڵگەی نەوتی تەقتەق بۆ 16 هەزار بەرمیل نەوت كەمیكردووە.
كۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندوە، لەمانگی ئایاردا بەرهەمی كێڵگەی نەوتی تەقتەق، 16 هەزارو 917 بەرمیل بووە لە رۆژێكدا، ئەوە لەكاتێكدایە كە بەرهەمی ئەو كێڵگەیە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا گەیشتبووە 140 هەزار بەرمیل لەرۆژێكدا.
كۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی لەمانگی ئاداری ئەمساڵدا، ڕاپۆرتێكی لەبارەی یەدەگو ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی كێڵگەی تەقتەق بڵاوكردەوە، بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتەش، كۆمپانیاكە پێشبینی كردبوو ئەمساڵ تێكڕای بەرهەمی رۆژانەی كێڵگەی تەقتەق لەنێوان 24 بۆ 31 هەزار بەرمیل نەوت بێت، بەڵام پێناچێت بگاتە ئەو بڕەش، چونكە رۆژانە كەمتر لە 20 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمی هەیەو لەئێستاشدا بەرهەمی رۆژانەی ناگاتە 17 هەزار بەرمیل.
گەنەڵ ئینێرجی باسی لەوەشكردوە، لەئەنجامی ئەوەی لەساڵانی رابردوودا فشارێكی زۆر خرایەسەر بیرە نەوتیەكان بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بكەن، ئاوێكی زۆر تێكەڵ بە نەوتی ناو بیرەكان بوو، بەوهۆیەشەوە ئاستی بەرهەمهێنانی كێڵگەی تەقتەق بەڕێژەیەكی مەترسیدار كەمیكرد.