لیژنەكانی سلێمانی: فرۆشیاران پابەندی رێنماییەكانن

لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: بەدواداچونیان بۆ جێبەجێكردنی مەرج و رێنماییەكان كردوەو زۆربەی فرۆشیاران پابەندن و ئەو كاسبكارانەش كەپابەند نەبوون رووبەڕووی سزایی یاسایی كراونەتەوە.

بەپێی راگەیەنراوێكی قائیمقامیەتی سلێمانی كە كۆپیەكی بۆ ماڵپەری ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی نێردراوە، ئاماژەی بەوەداوە كە لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بەردەوامن لە سەردان و چاودێریكردنەكانیان بەمەبەستی دڵنیابوونەوە جۆری خواردن و پێداویستییەكان و بەرزنەكردنەوەی نرخی كاڵاو شتومەك، سەرۆكی لیژنەهاوبەشەكانیش دەڵێت زۆربەی فرۆشیاران پابەند بە جێبەجێكردنی مەرج و رێنماییەكان.

ئەوەشخراوەتەڕوو: رۆژی هەینی لە هەڵمەتێكی بەرفراوانیاندا لە ناوبازاڕی شاری سلێمانی لیژنە هاوبەشەكان بەدواداچونیان بۆ جێبەجێكردنی مەرج و رێنماییەكان كردوەو زۆربەی فرۆشیاران پابەندن و ئەو كاسبكارانەش كەپابەند نەبوون رووبەڕووی سزایی یاسایی كرانەوە.

لەوبارەیەوە گۆران قادر سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامەیتی سلێمانی رایگەیاند: لەمانگی رەمەزاندا سەردان و پشكنیینەكانیان زیاتر كردووەو  بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێكردنی مەرج و رێنماییەكان بە بەردەوامی لیژنەكان سەردانی بازاڕو ماركێت و فرۆشتگاكان دەكەن، لەدواین سەردانیاندا لە ناوبازاڕی سلێمانی زیاتر لە 100 شوێنی جیاوازیان  بەسەركردوەتەوە،  ئەوەی تێبینی دەكرێت زۆربەی كاسبكاران پابەندن بەجێبەجێكردنی مەرج و رێنماییەكانەوە و زۆربەیان نرخیان لەسەر كاڵاكان داناوە، كە ئەمەش ئەوە نیشان دەدات بەدواداچونی لیژنەكان ئەنجامی باشیان هەبووە.

سەرۆكی لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەشڵێت: بەردەوام دەبن لە سەردان و پشكنینەكانیان و لەهەر شوێنێك كەموكوتی هەبێت لێپرسینەوە دەكرێت.