گەنمی جووتیارانی هەرێم لە لایەن حكوومەتەوە وەرناگیرێت و لە بازاڕەكانیشدا پارە ناكات، ئەمەش وای كردووە نرخی گهنمی جووتیاران بەراورد بە تێچووەكەی بێت و جووتیاران تەنیا ماندووبوونیان بۆ بمێنێتەوە.
ئەو جووتیارانەی هەرێمی كوردستان ساڵانە زەوییەكانیان بە گەنم و جۆ دەچێنن، لە ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانەوە لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە چاندنی گەنم بەرەوپێشچوونی باشی بە خۆوە بینی لە ڕووی ڕێژەی چاندن و بەرهەمەوە، بە جۆرێك لە 600 هەزار تەن بەرهەمی گەنمی ساڵانەوە توانراوە بگەیەنرێتە یەك ملیۆن و 600 هەزار تەن، بەڵام وەرنەگرتنی گەنم لە ئەمساڵدا لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە نرخی گەنمی بە ڕێژەیەكی بەرچاو دابەزاندووە.
كەریم حەسەن، جووتیارێكی گوندی گەرمكی ناحیەی باوەنوورە لە ئیدارەی گەرمیان وتی: ״ساڵانی ڕابردوو بەرهەمەكانمان ڕادەستی سایلۆكان دەكرد، بە نرخێكی باش دەفرۆشرا، بەڵام بۆ ئەمساڵ تا ئێستا گەنممان لێ وەرنەگیراوە، لە بازاڕیشدا یەك تەن گەنمی پلەیەك 300 هەزار دینار دەكات، ئەمەش هاوتای تێچووەكەیەتی و هیچ قازانجێكمان دەست ناكەوێت و تەنیا ماندووبوونمان بۆ دەمێنێتەوە.״
ئەو جووتیارە ساڵی ڕابردوو گەنمی ڕادەستی سایلۆ کردووە و هێشتا پارەکەی وەرنەگرتووەتەوە و وتیشی: ״جگە لەوەی بەرهەمەكانمان لێ وەرناگن، پارەی بەرهەمی ساڵی ڕابردوویشمان پێ نادەن، حكوومەت بە تەواوی بێئومێدی كردووین نە ئەوەتا بەرهەمەكانمان وەربگرێت نە ئەوەتا بازاڕێكمان لە ناوەوە یان لە دەرەوە بۆ بكاتەوە بۆ ساغكردنەوەی.״
وەزارەتی بازرگانیی عێراق ساڵانە بۆ درووستكردنی ئارد گەنمی جووتیارانی عێراق وەردەگرێت، لە ئەگەری نەبوونی گەنمی ناوخۆی عێراقدا ناچارە گەنم لە دەرەوە هاوردە بكات، بۆیە لە ساڵانی ڕابردوودا بە شێوەیەك گەنمی پلەیەك یەك تەنی 792 هەزار دینار و پلەدوو 682 هەزار و پلەسێ 582 هەزاری پێ دەدرا، بەڵام بۆ ئەمساڵ نرخەكەی كەم كرایەوە بە شێوەیەك گەنمی پلەیهك 560 هەزار و پلەدوو 480 هەزار و پلەسێ 420 هەزار دینار.
ئەنوهر عومەر، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ڕایگەیاند: ״ڕێژەی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێم بەرزبوونەوەی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە و جێگەی دڵخۆشییە، بە شێوەیەك بەرهەمی ساڵی ڕابردووی جووتیاران یەك ملیۆن و 200 هەزار تەن بوو، بەڵام بۆ ئەمساڵ پێشبینی دەكەین زیاتر لە یەك ملیۆن و 600 هەزار تەن بێت״.
وتیشی: ״تا ئێستا حكوومەتی عێراق ئامادە نییە وەك ساڵانی ڕابردوو بەرهەمی جووتیاران وەربگرێت، حكوومەتی هەرێمیش توانای وەرگرتنی گەنمی نییە، بۆیە لە ڕۆژانی ئاییندەدا وەزارەتی كشتوكاڵ هەوڵهكانی دەخاتە گەڕ بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە لەگەڵ حكوومەتی ناوەنددا.״
تێكچوونی پەیوەندییەكانی حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2013دا بە بڕینی بەشەبودجەی هەرێم لە لایەن حكوومەتی ناوەندەوە كۆتایی نەهات، لە سێ ساڵی ڕابردوودا حكوومەتی ناوەند پابەند نەبووە بە ناردنی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێم، سەرەڕای هەوڵەكانی نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عێراق و بەرپرسانی هەرێم، بەڵام تا ئێستا حكوومەتی عێراق نزیكەی 500 ملیار دیناری گەنمی جووتیارانی هەرێم قەرزارە.
غەریب مستەفا، جێگری سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێریی لە پەرلەمانی كوردستان بە ״ئاژانس״ی وت: ״ئەو بودجەیەی حكوومەتی ناوەندی بۆ كڕینی گەنمی جووتیاران تەرخانی كردووە لە 17% بۆ كڕینی گەنمی جووتیارانی هەرێم تەرخان دەكرێت، ئەمەش ڕێژەیەكی كەمە و تەنیا دەتوانرێت نزیكەی 500 هەزار تەن گەنمی جووتیارانی هەرێم ساغ ببێتەوە״.
وتیشی: ״لیژنەكەمان نووسراوی ئاڕاستەی حكوومەت كردووە بۆ ئەوەی بە زووترین كات ئەو گرفتە لەگەڵ حكوومەتی ناوەنددا چارەسەر بكەن، لەبەر ئەوەی ئەمه گرفتێکی گەورەیە پێویستە پەلە بكرێت لە چارەسەركردنی، لە لایەكی ترەوە پارەی ئەو جووتیارانەی نەدراوە ڕەوانە بكرێت و پێیان بدرێت״.
ئەو گەنمەی لە عێراقدا بەرهەم دەهێنرێت بەشی ناوچەكانی عێراق ناكات، بەڵام گەنمی هەرێم دوو هێندەی پێویستییەكانی هەرێمە، وەرگرتنی گەنم لە لایەن حكوومەتهوە بۆ پاڵپشتیی جووتیارانە، بەڵام حكوومەتی ناوەندی گەنمی هاوردەی كەمتر لەسەر دەكەوێت بۆیە ئەوان نایانەوێت پاڵپشتیی جووتیارانی هەرێم بكەن.
لە بودجەی سیادیی عێراقدا بڕی یەك تریلیۆن و 550 ملیار دینار تەرخان کراوە بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، لەو بڕە بودجەیە هەرێمی كوردستان 230 ملیار دیناری بەردەكەوێت.
بە وتەی ئەندامەكەی لیژنەی كشتوكاڵ، بەم پێیە بڕوات ئاسایشی خۆراك لە هەرێمدا لە ژێر مەترسیدایە لەبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان جێگەی 450 هەزار تەن گەنمی هەیە بۆ خەزنكردن، حكوومەتی ناوەندییش نزیكەی 500 هەزار تەنێك وەردەگرێت، ئەوەی دەمێنێتەوە مەترسیی لەناوچوون یان هەڕاجكردنی بە نرخێكی كەم لێ دەكرێت كە سەرجەمیان مەترسین بۆ داهاتووی كشتوكاڵیی هەرێم.
ئاژانس