ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت لە ھاوکاری کردنی کوردستان

شاندێکی بازرگانی کوردستان سەردانی ھەرێمی باڤاریایان کردو کاربەدەستانی ئەو هرێمەی ئەڵمانیا ڕایانگەیاند لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن.
 
عوسمان فەتاح، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی‌و نوێنەری ژوور لەم شاندە بازرگانییەدا بەماڵپەڕی بازرگانی‌و پیشەسازی ڕاگەیاند لە ھەرێمی باڤاریا لەگەڵ خاتو کاترین باوەرو کۆیلەر بەرپرسی بەشی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان لەدیوانی حکومەتی باڤاریا کۆبوینەوەو باسی ھەرێمی کوردستانمان بۆ کردن، پێمانڕاگەیاندن کە بونیاتنانەوەی کوردستان بەشێکە لە بونیاتنانەوەی ژێرخانی ئابوری عێراق، ئەویش لەڕێگەی ئەو پرۆژە گەورە ئابوریانەی کە ئەنجام دەدرێن و جێبەجێ دەکرێن لەڕێگەی کەرتی تایبەتەوە”.
 
پێشمانڕاگەیاندن “ساڵی ٢٠١٤ ھەولێر بە پایتەختی گەشتیاری ھەڵبژێردراو لەلایەن پەرلەمانەوە شاری سلێمانی وەک بەپایتەختی ڕۆشنبیری دیاریکرا“.
 
نوێنەری ژوور ئاماژەی بەوەشدا “لەکۆبونەوەکەشدا جەغتمان لەوە کردەوە کە ھەرێمی کوردستان ٦ ھەزار کارگەی تیا دامەزراوە جگە لەپرۆژەی بچوک و پیشەسازی کە شاری سلێمانی بەگرنگترین شاری پیشەسازی عێراق دادەندرێت‌و ڕۆڵێکی گرنگی ھەیە لەدابینکردنی پێداویستیەکانی ناوخۆو بۆ دەرەوەشی ھەناردە دەکات لەوانە کارگەکانی چیمەنتۆ کە ساڵی ٢٠١٦ بڕی بەرھەمھێنانی گەشتوەتە ٧ ملێۆن تەن و لەمساڵدا بەنیازن بەرھەمھێنان بگەیەننە ٨ ملێۆن تەن، کارگەی دەرمان و خشت و ئاسنمان ھەیە، کە کارگەی ئاسنەکەمان گەورەترین کارگەیە لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا”.
 
عوسمان فەتاح وتی “لەبارەی کشتوکاڵەوە پێمانوتون کە کوردستان شوێنێکی گونجاوو لەبارە بۆ بەرھەمھێنان کە لەساڵی ٢٠١٦دا بەرھەمی گەنم ٤٥٠ ھەزار تەن بووەو پێشبینی دەکرێت بۆ ئەمساڵ بگاتە ١ ملێۆن تەن، لەبارەی ژمارەی کۆمپانیاکانی کوردستانەوە پێمانڕگەیاندن لە کوردستاندا ٢١ ھەزار کۆمپانیا و ئەوانەی لقیان کردۆتەوە تۆمارن کە ٦٢٦٠ کۆمپانیا دەکەوێتە سلێمانی کە ٦٣٠ کۆمپانیایان بیانین‌و ١٤ کۆمپانیایان ئەڵمانین کە لەبواری بەڵێندەرایەتی و گواستنەوە و ڕاوێژکاری و بیناسازی کاردەکەن و چەند کۆمپانیایەکی جیھانی و براندی نێودەوڵەتی بریکاریان ھەیەو لەڕێگەی ھەرێمی کوردستانەوە بەرھەمەکانیان دەچێت بۆشارەکانی تری عێراق”.
 
عوسمان فەتاح ئاماژە بەوەشدا خاتو کاترین باوەر بەرپرسی بەشی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان لەدیوانی حکومەتی باڤاریا پێیڕاگەیاندین ئێمە ھەمیشە دەمانەوێت لەھاوکاریکردنی کوردستان بەردەوامبین و ھیوادارین کۆمپانیاکانتان بتوانن کاری باش‌و پەیوەندی بەھێز لەگەڵ کۆمپانیاکانماندا دروستبکەن تا بەھەموو شێوەیەک کاری زۆرتر پێکەوە بکەین”.

لەکۆتایی کۆبونەوەکەدا نوێنەری ژوور دیاری ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی پێشکەشی نوێنەرانی ھەرێمی باڤاریا کرد.