ئێوارانی مانگی رەمەزان لە مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی جیاوازترە لە مزگەوتەكانی دیكەی شارەكە و هەرێمی كوردستان، زۆرترین كەس روو لە مزگەوتەكە دەكەن، هەندێكیان بۆ مەبەستی خواپەرستی و ئەنجامدانی نوێژ و پەرستشەكان، بەشێكی تریشیان بۆ بەربانگ كردنەوە و نان خواردنی ئێوارە كە رۆژانە لەو مزگەوتەدا خوانی نزیكەی هەزار و 500 كەس ئامادە دەكرێت.
مزگەوتی كاك ئەحمەدی شێخ ناسراو بە مزگەوتی گەورەی سلێمانی دیارترین مزگەوتی شارەكەیە و دەكەوێتە ناوەندی شاری سلێمانی و چەقی بازاڕی شارەكەوە و بە هۆی هەڵكەوتەی شوێنی مزگەوتەكەش رۆژانە زۆرترین كەس سەردانی ئەم مزگەوتە دەكەن.
مزگەوتی گەورەی سلێمانی لە ساڵی 1199 كۆچی بەرانبەربە 1784ی زاینی لە لایەن ئیبراهیم پاشای بابان دروستكراوە (ئیبراهیم پاشای بابان، میری میرنشینی بابان بووە و هەمان ساڵ شاری سلێمانی بنیاد ناوە)، ئەم مزگەوتە گەورەترین و بە ناوبانگترین مزگەوتی سلێمانی بووە، یەكەم مزگەوت بووە كە نوێژی هەینی تیادا ئەنجام دراوە و گۆڕی میرەكانی بابان و كاك ئەحمەدی شێخ لەناو مزگەوتەكەدایە و رۆژانە هاووڵاتیان سەردانیان دەكەن.
لە ساڵی ١٣٠٨ی كۆچی لەسەر بڕیاری سوڵتانی عوسمانی، سوڵتان عەبدولحەمیدی یەكەم، منارە لە سلێمانی لەم مزگەوتەدا دروستكراوە .
ئێوارانی رەمەزانی ئەم مزگەوتە زۆرترین كەس لەخۆی دەگرێت، بەشی زۆریان ئەو كرێكار و خەڵكە بیانییانەن كە لە شاری سلێمانی كار دەكەن یان ئاوارە و پەنابەرن و بۆ ژەمی ئێوارە و بەربانگ كردنەوە روو دەكەنە مزگەوتەكە.
سەروەر رەئوف گەنجێكی دانیشتووی شاری سلێمانییە و وەك سەرپەرشتیار و چێشتلێنەری مزگەوتەكە رۆژانە كاردەكات، ئەو دەڵێت: “لەم مانگی رەمەزانەدا رۆژانە خواردنی هەزار و 200 تا هەزار و 500 كەس ئامادە دەكەین، ئەوانەشی ئێواران روو لێرە دەكەن و خواردنیان پێدەدەین لە هەموو نەتەوە و رەگەزەكانی تێدایە لە كورد و عەرەب و ئێرانی و توركمان و ئێزدی و كەسانی بیانی، زۆربەی ئەو كەسانەش كرێكار و كەسانی ئاوارە و پەنابەرن و هاتوونەتە شارەكەوە”.
ئەو وتی “پێدانی خواردن لەم مزگەوتە چەندین ساڵە هەیە و پێش رەمەزانیش ژەمی نیوەڕۆیان هەبووە و دەدرایە ئەو كەسانە، بەڵام لە مانگی رەمەزاندا بڕی خواردنەكە زیاتر دەكەین و زۆرترین كەس لێی سوودمەند دەبن”.
بە وتەی سەرپەرشتیارانی مزگەوتەكە پێدانی خواردن لەو مزگەوتەوە بە هەژاران بۆ 60 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و لەو كاتەوە تا ئێستا بەردەوامی هەیە، تێچووی خواردنەكەش لە لایەن خێرخوازانەوە دەدرێت.
مامۆستا محەمەد حسێن پێشنوێژی مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی، ئێواران جگە لە پێشنوێژی كردن، سەرپەرشتی و چاودێری كاروبارەكانی مزگەوتەكەی دەكات.
ئەو ئاماژەی بەوەكرد، جگە لە ئامادەكردنی خواردن بۆ ئەو كەسانەی وەك كرێكار و خەڵكانی بیانی ئێواران روو لە مزگەوتەكە دەكەن، خوانی بەربانگ بۆ نوێژخوێنانی ناو مزگەوتەكەش ئامادە دەكەن، هەموو ئەوانەش لە لایەن خەڵكانی خێرخوازەوە ئەنجام دەدرێت.
جاسم محەمەد هاووڵاتییەكی تەمەن 40 ساڵانی خەڵكی قەزای خانەقینە (قەزایەكی سەربە پارێزگای دیالەیە) ، ئەو خاوەنی چوار سەر خێزانە و بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیانی خۆیی و خێزانەكەی هاتووەتە شاری سلێمانی و كرێكاری دەكات.
جاسم وتی: “من كەمئەندامم و 13 ساڵە كاری كرێكاری دەكەم، ئێستا بە هۆی ئەم دۆخە داراییەوە دەستكەوتنی كار زۆر كەم بووەتەوە و هەفتانە دوو رۆژ ئیش و كارمان دەست دەكەوێت، ئەمڕۆش بۆ بەربانگ كردنەوە هاتوومەتە ئەم مزگەوتە و ئەوەی دەكرێت خێرێكی گەورەیە بۆ فەقیر و هەژاران”.