هەرێم بازاڕی دراو ڕادەستی بەغدا دەكات


كردنەوەی دوو لقی بانكی ناوەندیی عێراق لە هەرێمی کوردستان كۆتایی بە بازاڕی دراو دەهێنێت لە هەرێم کە پێشتر کە ژێر کۆنتڕۆڵی بانکی کوردستاندا بووە، بڕی ئەو پارەیەش ئاشكرا دەكرێت كە حكوومەتی هەرێم لە ماوەی ڕابردوودا بە هۆی قەیرانی داراییەوە دەستكاریی كردووە لە 42 بانكدا.

بڕیارە لە ئاییندەیەكی نزیكدا بانكی ناوەندی دوو لقی خۆی لە هەرێمی كوردستاندا بكاتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش وێبسایتی فەرمی بانكەكە لە 28ی ئەم مانگەدا هەلی كاری پەیوەست بە بواری كاروباری بانكیی لە هەولێر ڕاگەیاند و بەشێك لە لایەنە پەیوەندیدارەكانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، لە ئاییندەیەكی نزیكدا، بە كاتی جیاواز دوو لقی بانكەكە لە هەرێمدا دەكرێنەوە.

پێشتر دوو لقی بانكی ناوەندی لە هەرێم هەبوو، حكوومەتی هەرێم داوای كرد كارەكانی لەژێر چاودێریی وەزارەتی داراییدا بێت، بەڵام ئەمە بە سەرپێچیی یاسای نێودەوڵەتی دادەنرێت، بۆیە ئەو دوو لقە وەك بانكی بازرگانی كارەكانیان دەكرد.

عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری بانكی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی ڕایگەیاند: ״بڕیارە بانكی ناوەندی دوو لق لە هەرێمی كوردستان بكاتەوە، یەكەم جار لە هەولێر دەیكاتەوە و دواتر لە سلێمانی، بەمەش كاروبارەكانی مۆڵەتپێدان بە بانكەكانی دیكە و كۆمپانیاكانی هەواڵەكردنی دراو و گۆڕینەوەی دراو دەدات، سیستمی بانكی لە هەرێمی كوردستاندا بە ڕێنمایی و یاساكانی بانكی ناوەندی ڕێك دەخرێت״.

وتیشی: ״بانكی ناوەندیی هەرێم ئەركێك جێبەجێ دەكات كە ئەركی وەزارەتی داراییە و دوای ئەوە ئەو ئەركە دەخاتە سەر بانكێكی دیكە، هەرچی ئەو ئەركانەی تایبەت بێت بە ئەركی بانكی مەركەزی، دەگوازرێتەوە بۆ لقەكانی ئەو بانكە و كارە بانكییەكان لە هەرێمی كوردستاندا ڕێك دەخاتەوە״.

ئەو دوو لقەی بانكی ناوەندی پارە دەدەنە بانكە بازرگانی و ئەهلییەكان، دواتر هاووڵاتییان دەتوانن لەوێوە سوودمەند بن.

هاوار شێخ ڕەئوف بەڕێوەبەری ״دوورخراوە‌״ی بانكە بازرگانییە ‌حكوومییەكانی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاند، بانكی ناوەندی دراوی دۆلار دەداتە بازرگان و بانكەكان، پارە دەچێتە بانكەكانەوە و خەڵك دەتوانێت دواتر لەو بانكانەوه‌ لێی سوودمەند بن.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لە هەرێمی كوردستاندا تەزەخومی ئیداریی هەیە لە ڕووی ڕێكخستنی كاری بانكییەوە، چوار بەڕێوەبەرێتیی بانكیی هەیە، كە دەكرێت لە چوارچێوەی دامەزراوەیەكدا كۆ بكرێنەوە.

هاوار وتیشی: ״لە ئێستادا بانكی كوردستان دۆلار دەخاتە بازاڕەوە، بەڵام ئەگەر ئەو دوو لقە لە هەرێمی كوردستان بكرێنەوە، لە ڕاستیدا دەبێت ئەوان، دۆلار بخەنە بازاڕەوە و بەهای دۆلار و دینار لە بازاڕدا ڕێك بخه‌ن״.

پەرلەمانتارێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لە دوای درووستبوونی قەیرانی داراییشەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستكاریی پارەی 42 لقی بانكی كردووە لە هەرێمی كوردستان و ئەو بڕە پارەیەش بە 6 ترلیۆن دینار مەزەندە دەكرێت.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق وتی: ״دوای درووستبوونی قەیرانی دارایی، هەرێم دەستكاریی پارەی 42 بانكی كردووە و بڕی ئەو پارەیەش بە 6 ترلیۆن دینار مەزەندە دەكرێت، پارەكەش هیی ئەو بانكە ئەهلی و بیانیانە بوو كە فەرعیان لە هەرێم هەبووە״.

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئەگەر ئەو دوو لقەی بانكی ناوەندی بڕیارە لە هەرێمی كوردستاندا بكرێنەوە، كارەكانیان بە پێی پێوەری بانكی ناوەندی بێت ئەوا سوودی بۆ هەرێمی كوردستان دەبێت.

عزەت سابر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان ڕاگەیاند، ئەگەر ئەو دوو لقی بانكە بە پێی پێوەرەكانی بانكی ناوەندیی كاری بانكیی بكەن سوودی دەبێت بۆ هەرێمی كوردستان، له‌وانه‌ یەدەگی دراوی عێراق بەشێكی لە هەرێمی كوردستان دابنێن و مووچەی 100 مووچەی بده‌ن بە فەرمانبەرانی كوردستان و پارێزگاریی بەهای دینار و دۆلار لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان بكه‌ن، ئەوا سوودی دەبێت، بەڵام ئەگەر تەنیا بۆ چاودێریكردنی كاری بانكە بازرگانییەكان هاتبێت ئەوا سوودی بۆ هەرێمی كوردستان نابێت.

بانكی ناوەندیی هەر وڵاتێك پاشای بانكەكانه‌ لەو وڵاتەدا، پارەش چاپ دەكات و پارەش دەداتە بانكەكانی دیكە بە قەرز، هاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەی وەرگرتنی پارەوه‌ بە قەرز لە بانكەكانی دیكە سوودمەند بن.

بانكی ناوەندی یه‌كێكی دیكە لە ئەركەكانی ڕێكخستنی بەهای دینار و دۆلارە لە عێراقدا، بە كردنەوەی ئەو دوو لقەش وەكو ئەوەی ئاماژەی بۆ كرا ئەركەكانیان وەكو خۆی جێبەجێ بكەن ئەوا حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بازاڕی دراوی لە دەست دەدات و خستنەڕووی دۆلار و ڕاگرتنی بەهای دینار و دۆلار لە هەرێمی كوردستاندا دەبێتە ئەركی ئەو دوو بانكە.
 
 
 
 
ئاژانس