حەشدی شەعبی دەستبەسەر دەیان كارگەی بلۆك و چەو و لمدا دەگرێت

میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە ناوچە كوردستانییەكانی سنووری كەركووك، دیالە و سەڵاحەدین، دەستیان بەسەر چەندان كارگەی بلۆك و چەو و لمدا گرتووە و بەو هۆیەوە نزیكەی هەزار كرێكار “بێكار” كەوتوون.

ماوەی دوو ساڵە چەكدارانی حەشدی شەعبی دەستیان بەسەر دەیان كارگەی دروستكردنی بلۆك و چەو و لمدا گرتووە و بەو هۆیەوە سەرمایەدارانی شارۆكەی خورماتوو دەیانەوێت كارگەی تر لەسەر “چەمی ئاوەسپی” نزیك لە خورماتوو دروست بكەنەوە.

هاوڕێ هێمن چالاكی مەدەنی لە خورماتوو، راگەیاند، تەنیا شوێنێك لە سنووری شارۆكەكەمان سیمای گەشتیاری هەبێت و گەشتیاران رووی تێبكەن، چەمی ئاوەسپییە، بەڵام كۆمەڵێك سەرمایەدار دەیانەوێت كارگەی چەو و لمی لەسەر دروست بكەن، ئەوەش پاش دەست بەسەرداگرتنی كارگەكانیان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە.

زیاتر دەڵێ‌، “ئەو سەرمایەدارانە نزیكەی 10 كارگەیان لە رۆژئاوای خورماتوو هەبوو، بەڵام دوو ساڵە حەشدی شەعبی دەستی بەسەردا گرتوون، لە بەرامبەردا دەیانەوێت كارگەی تر لەسەر چەمی ئاوەسپی دروست بكەن”.

شەلال عەبدول قایمقامی شارۆكەی خورماتوو، روونی كردەوە، “بەهیچ شێوەیەك رێگە نادەین لەسەر چەمی ئاوەسپی هیچ پڕۆژەیەك ئەنجام بدرێت بەتەنیا پڕۆژەی گەشتیاری نەبێت”.

لەلایەكی تریشەوە كارگەكانی سنووری پارێزگای دیالە بەتایبەت لە نێوان خانەقین و شارەبان و سەعدیە بە دەردی كارگەكانی سنووری خورماتوو، رۆیشتوون.

سامی حەمید كرێكارێكی عەرەب خەڵكی شارۆكەی شارەبان كە لە كەلار كاری بیناسازی دەكات، بە”وشە” دەڵێ‌، “پێشتر 70 كرێكار لە كارگەیەكی دروستكردنی خشت كارمان دەكرد، بەڵام كارگەكە لەگەڵ هێرشەكانی داعش وەستا، پاشان حەشدی شەعبی هاتە ناوچەكە و كارگەكانیش بەگەڕ نەخرانەوە”.

حەسەن سلێمان سەرمایەدارێكی كوردی سنووری پارێزگای دیالە كە لە ناوچەی ئیمام وەیس /نزیك سەعدیە/ كارگەی بلۆكی هەبوو، دەڵێ‌، “كارگەكەمان پاش شەڕی داعش و هاتنی چەكدارانی حەشدی شەعبی داخست”.

حەسەن سلێمان روونی كردەوە، “لە رێی نێوان هەرێم و دیالە 11 كارگەی چەو و لم داخراون كە زیاتر لە 200 كرێكار كاریان تێدا دەكرد، چەندان كارگەیش لە نێوان خانەقین و نەفتخانە داخراون و كاركردن تێیاندا راوەستاوە”.

عومەر محەمەد بەرپرسی لقی گەرمیانی سەندیكای كرێكاران و پیشەوەران، ئاشكرای كرد، “وەستانی كارگەكانی سنووری نێوان گەرمیان و كەركووك و دیالە و سەڵاحەدین لەشكرێك لە بێكاری دروست كردووە”.

روونی كردەوە، “هەزار كرێكار لانی كەم بەهۆی وەستانی كاری ئەو كارگانەوە كە بە 50 كارگە مەزندەی دەكەین، بێكار بوون”.

وشە