لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزاندا، خواستی هاووڵاتیانو رۆژوانان بۆ كڕینی شەربەتی خۆماڵیی مێوژ لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانو شاری سلێمانی بەتایبەت زیاد دەكات، بەجۆرێك وەك رۆژوانان ئاماژەی بۆ دەكەن، ئەو شەربەتە خۆماڵییە تامو چێژێكی تایبەتی هەیەو بەلای ئەوانەوە پەسەندترینە.
بۆتە خواردنەوەیەكی باو
زۆربەی ئێوارانو لەگەڵ نزیكبوونەوەی بەربانگ، قەرباڵغییەكی زۆر لە بەردەم شەربەتفرۆشەكانی ناو بازاڕی سلێمانی دروست دەبێت، كە زۆركات قەرەباڵغی كڕیارانو رۆژوانان لە بەردەم ئەو فرۆشیارانەدا بەجۆرێكە، پێشبینی ئەوە دەكرێت كە پێدەچێت قەیرانی نەبوونی شەربەتی مێوژ دروستبووبێت..!.
بەشێكی زۆر لە رۆژوانان دەیانەوێت هەموو ئێوارەیەك لەكاتی بەربانگكردنەوەدا شەربەتی خۆماڵیی مێوژ لەسەر سفرەكانیان بێتو لەئێستادا بوونی ئەو خواردنەوەیە بۆتە باو.
ئاپۆرای كڕیاران
رۆژووانێك كە بەوتەی خۆی 15 خولەكە لە بەردەم دوكانێكی فرۆشتنی شەربەتی خۆماڵی وەستاوەو هێشتا نۆرەی نەهاتووە، بۆ كەناڵی گەلی كوردستانی روونكردەوە، هەمیشە دەبێت شەربەتی خۆماڵی مێوژ لە بەربانگكردنەوەدا لەسەر سفرەی خواردنەكەمان هەبێت، چونكە خواردنەوەیەكی سروشتییەو سوودی بۆ تەندروستی رۆژوانان هەیە، كە چەند سەعاتێكی زۆر لە خواردنو خواردنەوە دووركەوتۆتەوە.
رۆژووانێكی دیكە دەڵێت: «تەنیا لە مانگی رەمەزاندا شەربەتی مێوژ دەكڕمو خۆمو خێزانەكەم حەزمان لێیەتی، بەجۆرێك لەگەڵ بەربانگدا دەستبەجێ رۆژۆكەم بە شەربەتی خۆماڵیی مێوژ دەشكێنم».
دروستكردنی شەربەتی مێوژ
ئەوانەی سەرقاڵ بوون بە دروستكردنی ئەم جۆرە شەربەتەوە، مەتحو سەنایەكی باشی مێوژی ناوچەكانی كوردستان دەكەن، یەكێك لە وەستا دێرینەكانی دروستكردنی شەربەتی مێوژ لە سلێمانی كە ئەزموونێكی زۆری لە دروستكردنی ئەو شەربەتە هەیەو شەربەتە مێوژەكەی ناوبانگێكی زۆری هەیە دەڵێت: «مێوژی ناوچەكانی كوردستان لە جۆرێكی زۆر باشدایە بۆیە ئێمەش ئەو جۆرە مێوژە بەكاردەهێنین. سەرەتا مێوژەكە دەشۆرێتەوەو دواتر بۆ ماوەیەك دادەنرێت بۆ ئەوەی نەرم بێتەوەو پاشان دەخرێتە ناو ئامێری تایبەت بە هاڕین «قیمەكردن»، بەجۆرێك بۆ هەموو سەتڵێكی 80 لیتری بڕی 12 كیلۆ مێوژی خوساوی تێدەكەین. دواتر گیراوەكە لە رێگەی گوێنییەوە دەخرێتە سەتڵەوەو هەندێك شەكری تێدەكرێتو دواتر دەفرۆشرێت».
جۆرە باشەكانی مێوژ لە كوردستان
سەبارەت بەجۆری ئەو مێوژەی كە بەكاریدەهێنن، ئەو وەستایە روونیدەكاتەوە، بەگشتی مێوژی ناوچەكانی دۆڵی جافایەتی بەكاردەهێنین، مێوژی ناوچەكانی (سەرگەڵو، یاخسەمەر، شاقووڵی) لە جۆرە باشەكانی مێوژن لەكوردستاندا.
ئەو ئاماژە بەوەشدەكات، لەمانگی رەمەزاندا خواستی زۆر لەسەر شەربەتی خۆماڵیی مێوژ هەیەو لەگەڵ نزیكبوونەوەی بەربانگ، قەرباڵغییەكی زۆر دروست دەبێتو كڕیاران نۆرەی بۆ دەگرن.
هەر لەنێو بازاڕەكانی شاری سلێمانیدا تێبینی ئەوە دەكرێت، كە شەربەتی مێوژی هاوردەكراو كەمترین خواستی لەسەرە، چونكە وەك كڕیاران باسی دەكەن، وەك شەربەتە خۆماڵییەكە تامو چێژی نییە.
کوردستانی نوێ