قه‌یرانی‌ كشتوكاڵ: خانووی‌ پلاستیكی‌ به‌نموونه‌


هه‌ر له‌دێرزه‌مانه‌وه‌ مرۆڤ  بیری‌ له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ له‌ژیانی‌ ناجێگیریی، واته‌ كۆچ به‌دوای‌ بژێوی‌ ژیاندا واز بهێنێت‌و راوكردن تاقه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ به‌رده‌وامی‌ ژیانی‌ نه‌بێت. دیاره‌ كوردستان خه‌ڵكانێكی‌ تێدا ژیاوه‌ هه‌وڵیانداوه‌ كشتوكاڵ بكه‌نه‌ هۆی‌ سه‌ره‌كی‌ جێگیربونیان‌و سه‌رچاوه‌ی‌ تری‌ بژێویان، گوندی‌ (چه‌رمۆ) له‌ناوچه‌ی‌ چه‌مچه‌ماڵ به‌ڵگه‌ی‌ حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌، تا ئێستاش ئاسه‌واری‌ ماوه‌. 

به‌وه‌ش ده‌توانین بڵێین دانیشتوانی‌ گوندی‌ (چه‌رمۆ) ده‌ستیان هه‌بووه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ كشتوكاڵ‌و سه‌قامگیربوونی‌ مرۆڤ، له‌و سه‌رده‌مه‌وه‌  ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ی‌ ئێمه‌ ڕۆڵی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌بووه‌ له‌دابینكردنی‌ به‌رهه‌می‌ كشتوكاڵی‌. له‌سه‌ره‌تای‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ ئه‌وه‌ی‌ مرۆڤ خه‌ریكی‌ چاندن بێت‌و ئامێری‌ زۆر ساده‌ی‌ به‌كارهێناوه‌و زیاتر  هێزی‌ بازوی‌ به‌كارهێناوه‌، دوای‌ شۆڕشی‌ پیشه‌سازی‌ له‌ئه‌وروپا ئامێر ڕۆڵێكی‌ گه‌وره‌ی‌ بینی‌ له‌پێشكه‌وتنی‌ به‌رهه‌می‌ كشتوكاڵی‌، به‌مه‌ش توانرا پێداویستی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مرۆڤایه‌تی‌ دابینبكرێت، هه‌رچه‌نده‌ دانیشتوانی‌ سه‌رزه‌وی‌ زۆریش زیادی‌ كردبوو. ئه‌م گه‌شه‌كردنه‌ بووه‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ مرۆڤ بیر له‌ڕێگه‌ی‌ زانستی‌ بكات، به‌شێوه‌یه‌ك به‌توانایه‌كی‌ كه‌م به‌رهه‌مێكی‌ زۆر به‌ده‌ستبێنێت. ئه‌م به‌ره‌و پێشچوونه‌ هه‌مو لایه‌نه‌كانی‌ كشتوكاڵی‌ گرتووه‌، سه‌وزه‌یش یه‌كێكه‌ له‌به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵیه‌ گرنگه‌كان. بۆیه‌ بیر له‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌ ڕاده‌ی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ زیاد بكرێت‌و له‌هه‌مان كات له‌وه‌رزه‌ جیاجیاكان ده‌ستبكه‌وێت به‌شێوه‌یه‌ك ئاو‌و هه‌وا ڕێگر نه‌بێت. 

كشتوكاڵی‌ داپۆشراو ڕێگه‌چاره‌یه‌كی‌ گونجاو بووه‌ له‌زاڵ بوون به‌سه‌ر ئه‌م كۆسپه‌، خانووی‌ شوشه‌و خانووی‌ پلاستیكی‌ كاریگه‌ری‌ گه‌وره‌یان بووه‌ له‌پێشخستنی‌ ئه‌م سه‌كته‌ره‌. له‌سه‌ره‌تای‌ ده‌ستپێكردنی‌ ئه‌م جۆره‌ چاندنه‌، وه‌كو له‌مێژوو باس كراوه‌ یه‌كه‌مجار له‌سه‌رده‌می‌ ئیمپراتۆری‌ ڕۆمانی‌ تیباریوس له‌ساڵی‌ 30 پاش زایینی‌ به‌شێوه‌ی‌ ساكار به‌كارهاتووه‌، به‌ڵام به‌شێوه‌ی‌ زانستی‌ له‌ساڵی‌ 1599 له‌لایه‌ن زانای‌ روه‌كناسی‌ فه‌رره‌نسی‌ “گول تشارلیز” به‌كارهێنراوه‌، روه‌كی‌ (ته‌مر هندی‌ ) تێدا به‌رهه‌مهێنراوه‌ بۆمه‌به‌ستی‌ پزیشكی‌ وه‌ك ده‌رمان بۆچاره‌سه‌ری‌ نه‌خۆشی‌، خانوی‌ شوشه‌و خانوی‌ پلاستیكی‌ له‌ڕوی‌ پێكهاته‌و به‌كارهێنان به‌به‌رده‌وامی‌ گۆڕانكاری‌ به‌سه‌ردا هاتووه‌ تا گه‌شتۆته‌ ئه‌م جۆره‌ی‌ ئێستا كه‌ گونجاوه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی‌ به‌روبومی‌ جۆراوجۆر، له‌ڕوی‌ ته‌كنه‌لۆژیاوه‌ش زۆر پێشكه‌وتووه‌.

 گرنگی‌ چاندن له‌خانووی‌ پلاستیكی‌
1- زیادكردنی‌ به‌رهه‌م به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو.
2- پاراستنی‌ ڕووه‌ك له‌ئاو‌و هه‌وای‌ نه‌خوازراو.
3- به‌رهه‌مهێنانی‌ به‌روبومه‌ جۆراوجۆره‌كان جگه‌ له‌وه‌رزی‌ خۆی‌ وه‌ك به‌رهه‌مهێنانی‌ ته‌ماته‌ له‌زستان، كه‌ خۆی‌ هاوینه‌یه‌.
4- پاراستنی‌ ڕووه‌ك له‌نه‌خۆشی‌.
5- به‌كارهێنانی‌ ڕێژه‌یه‌كی‌ زۆر كه‌م له‌ئاو.
6- له‌ڕووی‌ جۆریه‌وه‌ به‌رهه‌مێكی‌ باشی‌ هه‌یه‌.

لایه‌نه‌ نه‌رێنیه‌كانی‌ چاندن له‌خانووی‌ پلاستیكی‌
1- پێویستی‌ به‌ئاستی‌ هۆشیاری‌‌و زانستی‌ به‌رزه‌.
2- خێرا بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ نه‌خۆشی‌ ئه‌گه‌ر كه‌م ته‌رخه‌می‌ بكرێت له‌ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی‌.
3- پێویستی‌ به‌جۆری‌ تایبه‌ت له‌و تووه‌ زۆر گرانه‌ بۆیه‌ هۆكارێكه‌ بۆ زیادبوونی‌ تێچونی‌ به‌رهه‌م.
4- له‌به‌ر به‌كارهێنانی‌ ئامێری‌ گه‌رم كه‌ره‌وه‌و ساردكه‌ره‌وه‌ پێویستی‌ به‌تێچونی‌ زۆر هه‌یه‌.
سه‌ره‌تای‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ به‌كار هێنانی‌ خانووی‌ پلاستیكی‌ له‌عێراق به‌كوردستانیشه‌وه‌، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناوه‌ڕاستی‌ سه‌ده‌ی‌ پێشوو، به‌ڵام نه‌جوتیار توانی‌ پێی‌ ئاشنا بێت‌و نه‌حكومه‌ت هه‌وڵیدا ببێته‌ دیارده‌یه‌ك. هه‌روه‌ها حكومه‌تی‌ عێراق گرنگی‌ زیاتر به‌به‌رهه‌می‌ نه‌وت‌و زۆربه‌ی‌ دێهاته‌كانی‌ كوردستانی‌ كاول كردو خۆی‌ خزاندبووه‌ ناو چه‌ندین شه‌ڕو ئاژاوه‌ی بێهوده‌وه‌ بۆیه‌ كه‌رتی‌ كشتوكاڵی‌، وه‌ك پێویست گرنگی‌ پێنه‌درابوو، هه‌رچه‌نده‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ئێستا باشتر بووه‌. ئه‌م جۆره‌ له‌چاندنه‌ش پشتگوێ‌ خرابوو. 
له‌باشوری‌ كوردستان، ساڵی‌ 2007 ده‌توانین به‌سه‌ره‌تایه‌ك دابنێین بۆ به‌كارهێنانی‌ خانووی‌ پلاستیكی‌، سه‌ره‌تا به‌گڕوتینێكی‌  باشه‌وه‌، به‌ڵام دوای‌ ئاڵوگۆڕ كردن به‌وه‌زیره‌كان، كه‌م كه‌م پشتگوێ‌ خرا، به‌ڵام خه‌ڵكی‌ به‌رده‌وام بوو، ئه‌ویش به‌پشتبه‌ستن به‌توانای‌ خۆیان.
وه‌كو چۆن ئاماژه‌مان پێدا نه‌وت هۆیه‌كه‌ بۆ دواكه‌وتنی‌ كشتوكاڵ له‌عێراق، به‌هه‌مانشێوه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان زۆر خراپتر، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌مترین بودجه‌ی‌ دانابوو بۆ كه‌رتی‌ كشتوكاڵ، هه‌روه‌ها هێزی‌ كاری‌ لادێكانیان هێنایه‌ ناو شار به‌بڕوبیانووی‌ جۆراوجۆر. 
ئه‌مڕۆیش دوای‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ ئابووریه‌، خه‌ڵك  به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو ڕووی‌ كردۆته‌ كشتوكاڵ، به‌ڵام له‌به‌ر بێ‌ هاوكاریكردنی‌ حكومه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی‌ نازانستی‌ كار ده‌كه‌ن. له‌ماوه‌ی‌ دوو ساڵی‌ ڕابردوو زیاتر له‌2000 خانووی‌ پلاستیكی‌ زیادی‌ كردووه‌، زۆربه‌یشی‌ به‌بێ‌ مۆڵه‌ت‌و به‌ده‌ر له‌ڕێنماییه‌كانن.

گرنگترین كێشه‌كانی‌ خانووی‌ پلاستیكی‌ له‌كوردستان:
1- جگه‌ له‌وه‌ی‌ حكومه‌ت چه‌ند ساڵێكه‌ بودجه‌ی‌ دیاری نه‌كردووه‌ بۆ كه‌رتی‌ كشتوكاڵ، هه‌وڵیشی‌ نه‌داوه‌ ئاستی‌ وشیاریی‌ جوتیار به‌رزبكاته‌وه‌.
2- تا ئێستا نه‌توانراوه‌ بازاڕێكی‌ مسۆگه‌ر په‌یدا بكرێت بۆ به‌رهه‌می‌ خانووی‌ پلاستیكی‌.
3- زاڵبوونی‌ جۆرێك له‌به‌رهه‌م، ئه‌ویش (خه‌یاره‌) بۆته‌ هۆی‌ لاسه‌نگی‌ له‌بازاڕدا.
4- جۆرێك له‌بێ سه‌روبه‌ری‌ دیاره‌ له‌كۆمپانیا كشتوكاڵیه‌كان تا ڕاده‌یه‌ك به‌ئاره‌زووی‌ خۆیان یاری‌ به‌بازاڕ ده‌كه‌ن.
5- په‌كخستنی‌ بانكی‌ كشتوكاڵی‌.
6- گرانی‌ سوته‌مه‌نی‌‌و یه‌كه‌ی‌ كاره‌با.
7- ناڕێكی‌ له‌به‌ڕێوه‌بردنی‌ كاروباری‌ علوه‌كان.
8- گوێنه‌دان به‌جۆری‌ به‌رهه‌م له‌ڕووی‌ ته‌ندروستیه‌وه‌ ئه‌میش كاریگه‌ری‌ خراپی‌ كردۆته‌ سه‌ر ته‌ندروستی‌ هاوڵاتی‌‌و كێشه‌ش بۆ هه‌نارده‌كردنی‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات دروستكردووه‌.

ئاماری‌ خانووی‌ پلاستیكی‌:
ئه‌مه‌ی‌ خواره‌وه‌ ئاماری‌ گشتی‌ خانووی‌ پلاستیكیه‌ له‌كوردستان به‌پێی‌ سه‌رچاوه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵ‌و سه‌رچاوه‌كانی‌ ئاو تا كۆتایی‌ ساڵی‌ 2015، هه‌رچه‌نده‌ له‌و كاته‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ سه‌رسوڕهێنه‌ر خانووی‌ پلاستیكی‌ زیادیكردووه‌و له‌م خشته‌یه‌شدا دیاری‌ نه‌كراوه‌.

له‌كۆتاییدا زۆر سوپاسی‌ وه‌زیری‌ كشتوكاڵ‌و سه‌رچاوه‌كانی‌ ئاو ده‌كه‌ین ڕۆڵێكی‌ به‌رچاوی‌ هه‌بووه‌ له‌دانانی‌ گومرگ له‌سه‌ر به‌رهه‌می‌ كشتوكاڵی‌ هاورده‌، به‌وه‌یش ساڵی‌ 2015 جوتیار سوودمه‌ند بوو له‌و بڕیاره‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ كێشه‌ی‌ دابه‌زینی‌ نرخی‌ به‌رهه‌می‌ ناوخۆ ئه‌مساڵ دووباره‌ سه‌ری‌ هه‌ڵدا، بۆیه‌ بۆ ته‌واوكردنی‌ ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌ی‌ وه‌زیر به‌باشی‌ ده‌زانین ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی‌ خواره‌وه‌ ڕه‌چاو بكرێت بۆ پاڵپشتی‌ به‌رهه‌مه‌ ناوخۆییه‌كان: 
1- به‌زانستی‌ كردن‌و به‌سیسته‌م كردنی‌ پڕۆسه‌ی‌ كشتوكاڵ له‌كوردستاندا.
2- دابینكردنی‌ بازاڕی‌ مسۆگه‌ر بۆ به‌رهه‌می‌ ناوخۆ ئه‌گه‌ر هاتوو له‌پێوییستی‌ خۆمان زیاتر بوو.
3- به‌پیشه‌سازیكردنی‌ به‌رهه‌می‌ خۆماڵی‌.
 
وه‌سفی‌ خه‌لیل ئیسماعیل
راوێژكاری‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ 
گه‌شه‌پێدانی‌ خانوی‌ پلاستیكی‌
گۆڤاری بازرگانی‌و پیشەسازی