سلێمانى:رێژەى هاوردەکردنى بەروبوومى سەوزەو میوە بۆ مانگى 6 دیارى کرد

 
رێژەى هاوردەکردنى بەروبوومى سەوزەو میوە لە پارێزگاى سلێمانى بۆ مانگى حوزەیران دیارى دەکرێت و بەڕەچاوگرتنى پێگەیشتنى بەروبوومى ناوخۆیى لەم وەرزەداهاوردەکردنى بەروبوومى دەرەکى رێکدەخرێت.
ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی ڕای گەیاند” لەگەڵ  لیژنەی چاودێری کردنى بەروبومی سەوزەو میوە لە پارێزگای سلێمانی کۆبوینەوە و پاش هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەروبوومی ناوخۆیی لەم وەرزەدا رێژەی هاوردەکردنی بەروبومی ناوخۆ بۆ مانگی 6 دیارى کرا بۆ دروستکردنی هاوسەنگیش لە نێوانی بەرهەمی هاوردەکراو بەروبومی ناوخۆیدا بڕیاردرا بە رەچاوکردنی پێگەیشتنی بەروبومی ناوخۆیی سەوزەو میوە لەم وەرزەدا باجی زیاتر لەسەر هەموو ئەو سەوزەو میوانە دابنرێت کە لەم وەرزەدا لەناوخۆی هەرێمی کوردستان پێدەگات ، ئەو بەروبومانەش کەهێشتا لە ناوخۆی هەرێم پێنەگەیشتوون بەهەمان شێوەی رابردوو رێگە بەهاودەکردنیان بدرێت”
وتیشی” بەپێى ئەو هەڵسەنگاندنەى کە لیژنەکە کردوویەتى لەم وەرزەدا پارێزگاى سلێمانى مانگانە پێویستى بە 650-700″ تۆن سەوزەو “300” تۆن میوە و “600-700″ تۆن قارچک دەبێت و چاوەڕێش دەکرێت لە مانگى 6 دا بەهۆى پێگەیشتنى بەروبومى ناوخۆیى 35%  ئەو پێداویستیانە پڕبکرێتەوە و لە چەند مانگى داهاتووشدا بەهۆى پێگەیشتنى هەموو جۆرەکانى سەوزەو میوە بەروبوومى ناوخۆیى رێژەى 80% بۆ 90% پێداویستى بازاڕ پڕبکاتەوە”
قائیمقایمی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا” بۆ ساخکردنەوەى بەروبوومى جوتیاران بڕیاردرا بایەخى زیاتر بەبەروبوومى ناوخۆیى بدرێت و بەپێى پێگەیشتنى وەرزى بەروبوومە ناوخۆییەکان رێگە بە هاوردەکردنى بەروبوومى دەرەکى بدرێت”.