گوڵ و گوڵزار، خولیایه‌كی جێبایه‌خی زۆربه‌ی هۆڵهندییهكانه، ئه‌وانه‌شی ده‌چنه ئه‌و وڵاته له‌لایه‌ن گوڵه‌وه ههستو وبینینهكانی داگیرده‌كرێت، كه‌سیش گله‌یی لهداگیركارهكهی ناكات‌و به‌شانازییه‌وه ته‌سلیم ده‌بێت، چونكه جهنهراڵو سوپاكه‌ی، ره‌نگ و جوانی و بۆنی خۆشه.
پارك‌و باخچه‌كان، ئینجانه‌و گوڵدانی ماڵه‌كان، بگره ده‌ستی زۆربه‌ی رێبوارهكانیش به‌بێ گوڵ نین، بێگوڵی له‌و وڵاته زه‌حمه‌ته، به‌شێكی فه‌زڵی ئه‌و كلتوره‌ش بۆ گه‌وره پاركی ( كیوكن هۆف) ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه سه‌رسامكه‌ره له‌جوانی و گوڵزارو چاندنی ئه‌و هه‌سته ناخدا، وه‌كچۆن گوڵه‌كانی له‌خاكدا رواندووه.
مه‌رجی بینین
كیوكن هۆف (keukenhof)، پاركێكی وه‌رزییه كه له ناوه‌راستی مانگی چوار تا ناوه‌راستی مانگی پێنج به‌رووی خه‌ڵكدا ده‌كرێته‌وه، كه تێیدا به‌شێوازێكی هونه‌ری و دیزانێكی سه‌رنجڕاكێش زیاتر له (7) ملیۆن گوڵ كه زیاتر له (70) جۆره ده‌ڕوێندرێن، كه هۆڵه‌ندییه‌كان ئه‌و ماوه‌یه بۆ سه‌ردانكردن له ده‌ست ناده‌ن، جیا له‌وه‌ش له زۆربه‌ی وڵاتانی دیكه‌وه بۆ سه‌ردانی دێنه هۆڵه‌ندا كه زۆربه‌یان به‌گروپی گه‌شتیاریی له‌و ماوه‌یه‌دا سه‌ردان ده‌كه‌ن، « هه‌ركه‌سێك سه‌ردانی هۆڵه‌ندا بكات و كیوكن هۆف نه‌بینێت، واته سه‌ردانی هۆڵه‌ندای نه‌كردووه»، بۆیه مه‌رجه له‌سه‌ردانی هۆڵه‌ندا، كیوكن هۆفیش ببینیت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌ردانه‌كه‌ش له‌كاتی كردنه‌وه‌ی پاركه‌كه‌دا نه‌بێت كه 40 رۆژێكه، ئه‌وا دیسان هۆڵه‌ندات نه‌بینیوه!.
باخچه‌ی چێشتخانه
رووبه‌ری كیوكن هۆف، 32 هێكتاره و له ساڵی 1949 دا دروستكراوه، سه‌ره‌تا سه‌رچاوه‌ی بیرۆكه‌كه له‌لایه‌ن هه‌ندێك جووتیاره‌وه بووه، كه وه‌ك شوێنێك بۆ فرۆشتن و پیشاندانی گوڵ‌و گوڵزار بۆ دیاریی ناوخۆ‌و وڵاتانی ئه‌وروپا به‌كار ده‌هێنرا، به‌ڵام پێشتر له‌سه‌ده‌ی پانزه‌دا باخچه‌یه‌كی نزیك ئه‌م پاركه و به‌شێكی پاركه‌كه‌ش بۆ چاندنی سه‌وزه و میوه و گوڵ بووه، بۆیه ناوی « كیوكن هۆف»ی لێنراوه، كه به‌زمانی هۆڵه‌ندیی واته «باخچه‌ی چێشتخانه».
پاركه‌كه له‌نزیك ئه‌مستردام پایته‌ختی هۆڵه‌ندایه، له زۆربه‌ی شاره‌كانی دیكه‌وه ته‌واوی هۆیه‌كانی گواستنه‌وه له‌پاس و میترۆ و شهمهندۆفێر و رێگه‌ی دیكه ده‌سته‌به‌ركراون كه ده‌چنه سه‌ر رێی كیوكن هۆف، كه له شاری لیس-ه، و شاری هارلم كه‌وتۆته باشوورییه‌وه. سه‌رباری گه‌وره‌یی پاركهكهو قه‌ره‌باڵغی به‌رده‌وام، ته‌واوی ئاسانكاریی بۆ گه‌شتیاران كراوه به‌تایبه‌تی رووبه‌رێكی ئێجگار فراوان تایبه‌ت كراوه بهپاركینی ئۆتۆمبێڵ، كه ئه‌وه‌ش سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌ی داهاته.
پێكهاته‌ی كیوكن هۆف
له‌ناو پاركه‌كه‌دا سه‌دان جۆر گوڵی زه‌نبه‌قی فره ره‌نگی تێدایه كه زیاتر 4 ملیۆن و 500 هه‌زار دانه‌یه، هه‌روه‌ها جۆره‌ها دار‌و دره‌ختی تێدایه، زیاتر له 280 جێی دانیشتنی تێدایه، له‌گه‌ڵ 32 پرد و 15 نافووره، چه‌ندان جێگه‌و شوێنی تایبه‌تیشی تێدایه بۆ فرۆشتنی دیاریی تایبه‌ت به‌گوڵ و تۆ و سه‌لك و شه‌تڵی گوڵ.
زیاتر گه‌شتیاران به‌پێ ده‌گه‌ڕێن، ته‌نیا ئه‌وانه نه‌بێت كه به‌هۆی ته‌مه‌ن یان نه‌خۆشییه‌وه له‌سه‌ر كورسی تایبه‌تن، بۆیه 15 كم رێگه‌ی پیاده‌ی هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئاشی هه‌وایی كه مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1892ی زایینی، له‌هه‌ندێك جێگه‌شدا شهمهندۆفێر هه‌یه كه گه‌شتیاران ده‌توانن ته‌واوی پاركه‌كه بی خێرایی ببینن، یاخود بۆ رێگه ئاوییه‌كانیش به‌له‌می بچووك هه‌یه، به‌ڵام هه‌ردووكیان فشاری زۆری گه‌شتیارییان له‌سه‌ره، بۆیه كات به‌شی بینینی جوانییه‌كان ناكات.
هه‌رله‌و پاركه‌دا چه‌ندین په‌یكه‌رو تابلۆی هونه‌ریی سه‌رنجراكێش هه‌ن، كه تێكه‌ڵ به‌سروشتی جوانی بوون، هه‌ندێكیان جێگیرن، هه‌ندێكیشیان كاتین تاكۆتایی مانگی پێنج كراوه‌ن، بۆیه ئه‌و جێگایه‌ش بۆ هونه‌ر هه‌ڵبژێرداروه تاوه‌كو زۆرترین بینه‌ری هه‌بێت، نه‌ك ته‌نیا هۆڵه‌ندییه‌كان.
نرخی تكت
پاركه‌كه سایتی ئه‌لیكترۆنی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه، هه‌روه‌ها چه‌ندین نه‌خشه و زانیاری له‌سه‌ر كیوكن هۆف به گه‌شتیاران ده‌درێت، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ چوونه ژووره‌وه و كڕینی تكت، نرخی هه‌ر تكتێك 16 ئیرۆیه، به‌ڵام بۆ منداڵی ته‌مه‌ن 4-11 ساڵ ته‌نیا 8 ئیرۆیه، بۆ سه‌ردانی گروپیش نرخه‌كه‌ی بۆ هه‌ر كه‌سێك 13 ئیرۆیه، بۆیه هه‌ركه‌سێك زانیاری پێویست بێت، ده‌توانێت ده‌ستی بكه‌وێت، تا ئه‌و رۆژه‌ی سه‌ردانی كیوكن هۆف-مان كرد له 30/4/2017 نزیكه ملیۆنێك كه‌س سه‌ردانیان كردبوو، كه هێشتا 15 رۆژێكی مابوو بۆ ته‌واو بوونی واده‌كه‌ی.
له‌ناو پاركه‌كه‌دا گه‌شتیار به‌بێ كامێرای فۆتۆ، یان مۆبایل نا‌بینیت كه سه‌رقاڵی وێنهگرتنو تۆماركردنی یادگاریی نه‌بێت، جیالهوانیش ژماره‌یه‌كی زۆر فۆتۆگرافه‌ر به‌تایبه‌تی سه‌ردان ده‌كه‌ن بۆ وێنه‌گرتنی دیمه‌نی سهرانجراكێش، كه زۆرێكیان وه‌ك كارت چاپده‌كرێن و ده‌فرۆشرێنه‌وه.
نانی گوڵ
جیاله‌وه‌ی به‌هۆی سه‌ردانی گه‌شتیارانه‌وه ئه‌و پاركه سه‌رچاوه‌ی داهاتێكی باشه، له‌رێی فرۆشتنی گوڵ-یشهكهوه سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌ی داهاته به‌تایبه‌ت بۆ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌ندا، كه به‌پێی بۆردی زانیاری ساڵانه كه له‌به‌شێكی پاركه‌دا دانراوه، ساڵانه 600 ملیۆن بۆ یه‌ك ملیار ئیرۆ داهاتی فرۆشتنی گوڵ كه پاركه‌كه به‌رهه‌می ده‌هێنێت، به‌پێی زانیاری بۆرده‌كه ته‌نیا ساڵی 2016 داهاتی فرۆشتنی گوڵ (681) ملیۆن ئیرۆ بووه‌و كڕیارهكانییشی وڵاتانی ( ئه‌مریكا-110 ملیۆن ئیرۆ، ئه‌ڵمانیا-75 ملیۆن، ژاپۆن-50 ملیۆن، به‌ریتانیا-46 ملیۆن، چین-42، فه‌ره‌نسا-30 ملیۆن، روسیا-30 ملیۆن، كه‌نه‌دا -26، ئیتاڵیا- 25 ملیۆن، مه‌كسیك- 23 ملیۆن ) بووه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی بۆ ناوخۆی هۆڵه‌نداش سه‌رچاوه‌ی داهاته‌كه‌ی زۆر باشه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت، هیچ وڵاتێكی عه‌ره‌بی له‌و لیسته‌دا نین كه گوڵ له هۆڵه‌ندا ده‌كڕن.
هه‌ر له‌ماوه‌ی ئه‌و 30-40 رۆژه‌ی كردنه‌وه‌ی پاركه‌كه‌دا جموجۆڵێكی زۆر ده‌كه‌وێته هۆڵه‌ندا به‌تایبه‌تی كه‌رتی گواستنه‌وه‌و گه‌یاندنی ئاسمانی‌و ده‌ریایی و وشكانی، به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان له 60 ساڵی رابردوودا تائێستا زیاتر 54 ملیۆن كه‌س له‌سه‌رتاسه‌ری جیهانه‌وه چوونه‌ته كیوكن هۆف و هۆڵه‌ندایان بینیوه، كه ئه‌وه‌ش سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌و وڵاته بۆ ده‌ستكه‌وتنی داهات، كه دواتر به‌جۆرێك له جۆره‌كان ده‌یخاته‌وه خزمه‌تی هۆڵه‌نداو هۆڵه‌ندییه‌كان، ، ئه‌شی «باخچه‌ی چێشتخانه- كیوكن هۆف» ناولێنانێكی ته‌واو بێت، كه نان به گوڵ په‌یدا ده‌كات.
هه‌رچه‌نده دوای كۆتایی هاتنی ئه‌و ماوه‌یه‌ی بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌رگای كیوكن هۆف دانراوه، چالاكی پاركه‌كه تواو نابێت، به‌ڵكو به‌درێژایی ساڵ چالاكی هه‌مه‌جۆری تێدا ده‌كرێت، له‌وانه كاستڵ ڤیست، وێنته‌ر بۆ خانمان، كریسمس و ئاهه‌نگه مۆسیقییه‌كان به‌تایبه‌تی، ئاهه‌نگی مۆسیقای كلاسیك.