موسه‌ده‌ق ئه‌و سه‌ركرده‌ به‌هێزه‌ی نه‌وت سه‌ریخوارد

ژمارەیەک لە مێژوونووسان موسەدەق تەنها وەک پیاوێکی سیاسی وەسف دەکەن، کە باوەڕی بە یاسا و رێسای دیموکراسی هەبووە، لەم گۆشەنیگاوە، موسەدەق هێمای سەربەخۆیی و دیموکراسی خوازی بوو، ئەگەر چی لە بنەماڵەیەکی سوننەتی لە دایک ببوو، بەڵام لە سیاسەتدا رەفتار و سیاسەتێکی مۆدێرنی رەچاو دەکرد. ئەم تایبەتمەندی و شێوە رەفتارەی موسەدەق، زۆرتر لە میانەی کاروباری نوێنەرایەتیکردنی لە پەرلەمان رەنگی داوەتەوە(١)

جێگایەک کە تێیدا بەرگری توندی لە مافەکانی خەڵک دەکرد و لە ئامادەکردن و پەسەندکردنی زۆر لەیاسا مەدەنیەکان، قسەی یەکەمی پێ بووە، وەک کەسایەتییەکی شوێندانەر. بە سەرنجدان بەوەی کە بواری خوێندنی مافەکان بوو، بەباشی ئەم ئەرکەی راپەڕاندووە و لەم بوارەدا پێشەنگ بووە. کاریگەری سیاسی و بواری کارکردنی مەدەنیانەی موسەدەق بە ئاراستەی یاسا مەدەنیەکان و پەسەندکردنیان لەپەرلەمان، ئێستاش جێی سەرنج و بایەخ و لێ وردبوونەوەیە. (٢)

موسەدەق بۆ پەسەندکردنی ئەم یاسایانە، هه‌وڵی جدی ده‌دا، بۆیه‌ وه‌ك پێشڕەوی خەڵک ده‌ناسرا، هەر ئەو بوو کە دەیگوت ناوەڕاستی شەقام، پەرلەمانە. بەڵام به‌جۆرێكیش پەیامی خەڵکی لە بیرکردبوو، دەنگێک کە لە سەر سفرەی بەتاڵ و فەقیرانەی خەڵک بەرز دەبووەوە. (٣)

موسەدەق لە جەوی سیاسی دەوروبەرەکی، یەک شتی لە بیر کردبوو، پێی وابوو خۆماڵکردنی نەوت سەرەتای چارەسەری و کۆتایی کێشەکانە. لە نەبوونی دامەزراوەی سیاسی و مەدەنی، سیاسییەک کە بیهەوێ پشتی دەسەڵاتێک کە چەکی بە دەستەوەیە لە عەرز بدات، چارێکی نییە مەگەر ئەوەی پشت بە دەنگی شەقام ببەستێت. دروشمی خۆماڵی کردنی پیشەسازی نەوت، دروشمێکی خەڵکیانە و سادە بوو، هەر ئەمەش موسەەدقی گەیاندە دەسەڵات. بەڵام موسەدەق نەیتوانی لە رووی مادییەوە، ئەم دورشمەوە بکات بە دەستکەوت. (٤)

هەر بۆیە، رۆژی کودەتاکە خەڵکەکە نەهاتنە سەرشەقام و موسەدەقیان بە تەنها هێشتەوە، نە تەنها بەرگرییان لێ نەکرد، بەڵکوو لە دژیشی وەستانەوە. موسەەدق کە بەردەوام پشتی بە رای جەماوەر و شەقام دەبەست، تەنانەت رۆژی کودەتاکەش بە هۆی متمانەی لە رادەبەدەری بە خەڵک، نەیتوانی بەربەرەکانێی کودەتاچییەکان بکات. ئەو تەنانەت هۆشدارییەکانی کەسە نزیەکانیشی بە هەند وەرنەگرت (٥)

  • موسەدەق کێ بوو؟

مانگی مەی ١٨٨٢ ،وەزیری نووسینگەی  ناسرەدین شا بوو بە خاوەن کورێك، کە دواتر جڵەوی بزووتنەوەیەکی گەورەی سیاسی و ئابووری بە دەستەوە گرت، دواهەنگاویشی خۆماڵیکردنی پیشەسازی نەوتی ئێران بوو. هەنگاوێک کە ئێستاشی لەگەڵ بێت بە گەورەترین هەوڵ لە میژووی سەربەخۆیی ئابووری ئێران هەژمار دەکرێت.(٦)

محەممەدی موسەدەق، کوڕی میزرا هیدایەتوڵڵا ئاشتیانی بوو، کە لە سەردەمی ناسرەدین شا بەوەزیری نووسینگەی شا بەناوبانگ بوو. کەسێک کە شای ئێران، حیسابی تایبەتی لە سەر دەکرد و هەر بەم هۆیەشەوە لە دوای مەرگی میرزا هیدایەتولڵا لە ساڵی ١٨٩٢ ،پیشە و کاروبارەکەی رادەستی کوڕە ١٠ ساڵانەکەی کرد و ناسناوی «مصدق‌ السلطنه»ی بۆ هەڵبژارد. ناوێک کە دواتر بە محەممەدی موسەدەق ناوبانگی دەرکردو کاتی مەرگیشی هەر بەو ناوە دەناسرایەوە.

محەممەد، دوای خوێندنی سەرەتایی لە تەورێز، رووی کردە تاران و کاتێک کە تەمەنی ١٧ ساڵ بوو وەک ژمێریاری داهاتی باج و ماڵیات دیاریکرا. لە سەردەمی مەشرووتە ئەم پیشەیە کەوتبووە بەر نەفرەت و رقی خەڵک، هەر بۆیە موسەدەقیش وازی لێ هێنا. لە تەمەنی ١٩ ساڵی لەگەڵ کچی سێهەمین خەتیب یان هەمان بەرنوێژی تاران، ژیانی هاوبەشی پێکهێناو بەرهەمی ئەم ژیانەش دوو کوڕ بە ناوەکانی ئەحمەد و غوڵام حسێن، سێ کچ بە ناوەکانی منصوره و ضیااشرف و خدیجه بوو. (٧)

لە یەکەمین خولی هەلبژاردنەکانی ئەنجومەنی مەشروتیەت، لە چینی ئەعیان و ئەشرافی ئیسفەهان وەک نوێنەرهەڵبژێردرا. بەڵام بەو هۆیەی کە تەمەنی نەگەیشتبووە ٣٠   ساڵ،ئێعتبارنامەکەی رەدکرایەوە،تا ئەوەی کە رووی کردە فەرەنسا و دوای تەواو کردنی زانستە سیاسیەکان، چووە سویس و خوێندنی دکتۆراکەی لەوێ تەواو کرد. کاتێک گەڕایەوە بۆ ئێران، وەک سیمایەکی سیاسی جێی خۆی کردەوە، بەجۆرێک کە زۆرێک لە پۆستە سیاسیەکانی ئەو سەردەمەی ئەزموون کرد. له‌وانه‌ وەزارەتی ماڵیە، وەزارەتی عەدلیە، پارێزگار، وەزارەتی دەرەوە، نوێنەرایەتی پەرلەمان، سەرۆکوەزیرانی و سەرئەنجام سەرکردایەتی کردنی بزووتنەوەی خۆماڵیکردنی پیشەسازی نەوتی ئێران.

هەڵبژاردنی موسەدەق بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، لە مانگی مەی ١٩٥٣، سەرنجەکانی لە پەرلەمانەوە  بۆ سەرشەقامەکان راکێشا، شەقام ببووە سەرچاوەیەکی هێزو مانۆڕی سیاسی بەرەی نەتەوەیی کە موسەەدق سەرکرایەتی دەکرد. (٨)

رۆژنامەی حکومەتیی “اطلاعات”ی ئەو کات، لەم بارەوە دەنووسێت: موسەدەق بۆ گوشار خستنە سەر نەیاران و خستنە ژێر رکێفی پەرلەمان، بەرەدوام پشت بە خۆپیشاندان و سەرشەقامەکان دەبەستێ. جەماڵ ئیمامی، نوێنەری ئەو کاتی پەرلەمان، وێڕای هێرشکردنە سەر موسەدەق دەڵێت: سیاسەتمەداری بۆتە سیاسەتی سەر شەقام. سەیری هەر شوێنێک دەکەی گردبوونەوە و میتینگە، گردبوونەوەی خوێندکاران، قوتابیان، منداڵانی تەمەن ٧ ساڵ،لەم  خۆپیشاندانە وەڕز و بێزار بووینە.. چۆنە کاتێک سەرۆکوەزیران لە گەل پرسێکی سیاسی بەرەوڕوو دەبێتەوە، دەست بە جێ ده‌ڵێت: لەگەڵ خەڵکی قسەدەکەم، موسەدەق کابرایەکی پۆپۆلیستە. (٩)

مێژوونووسانی سەدەی بیستەم، موسەدەق بە پیاوێکی پاک و بە دوور لە گەندەڵی وەسف دەکەن، بەتایبەتی جەخت لە سەر هۆگری و مەیلی ناسیۆناڵیستی و نەتەوەخوازی ناوبراو دەکەنەوە.

ستیڤین کینزر، رۆژنامەنووسی ئەمریکی و نووسەری کتێبی “هەموو پیاوەکانی شا”  دەربارەی موسەدەق دەنووسێت: ئاوێتەبوونی بەکگراوەندی ئەشرافی وێڕای ئاستی باڵای خوێندنەکەی، کەسایەتی سەرنجڕاکیشی لە ناوبراو خستبووە روو. بەر لە خوێندنەکەی لە ئەوروپا، بەشدارییەکی چالاکانەی لە شۆڕشی مەشرووتەی ئێراندا هەبووە و بە کردەوە ئاشنایەتی لە گەڵ پرۆسەی سەربەخۆیی خوازی و دیموکراسی پەیدا کردبوو.(١٠)

عەلی ئەنساری، مامۆستای مێژوو لە زانکۆی سەنت ئەندرۆز، لەبارەی خولیا  وئایدیا سیاسیەکانی موسەدەق دەڵێت: ئەو پێی وابوو کە دەبێ شێوازێکی نوێ لە پەیوەندیەکان گەڵ بیانیەکان گرێ بدرێ. دەبێ بیر لە پەیوەندی نوێ بکرێتەوە و ماڵئاوایی لە پەیوەندیە کلاسیکەکانی سەدەی ١٩ بکرێت.(١١)

ستیڤین لە کتێبی هەموو پیاوەکانی شا دەڵێت: بەلای موسەدەقەوە کە ئەو کات لە مووچەو مەزرای خۆیان ژیانی خۆی تێپەڕ دەکرد، هیچ کام لە چاکسازیەکانی رەزا شا بەگوێرەی پێویست وڵامدەر نەبوون، چ بگات بەوەی کە پێی وابێت حکومەتی رەزاخان، حکومەتێکی باشە. (١٢)

مەجید بەیات، نەوەی موسەدەق لە بارەی باپیری خۆی دەڵێت:باپیرم بە هچ شێوەیەک دژایەتی لە گەڵ شا نەبوو، چ شای قاجار و چ شای پەهلەوی. تەنها لایەنێک کە بە لایەوە ناپەسەند و جێی ناکۆکی بوو، ئەو بوارانە بوو کەلەگەڵ حەز و ویستی دیموکراتی و ئازادیخوازانەی باپیرم ناتەبا بوون. (١٣)

موسەدەق بە پێچەوانەی رواڵەتی ئەشرافی، هیچ کات سیمای پیاوێکی وێنا نەدەکرد کە بتوانێت وڵاتێک بجووڵێنێت، پەرلەمان بۆ ئەو وەک تریبون وابوو، پەرلەمانی بەدامەزراوەیەک دەزانی کەسەرباری هەموو زەخت و گوشارەکان، بەستراوە بە دەسەڵاتی دەرەکی و تەنانەت خودی دەربارنەبێت.

ئه‌و بۆ چەند خولێک نوێنەرایەتی خەڵکی تارانی لە پەرلەمان لە ئەستۆ بوو. پەرلەمانی وەک تریبونێک بۆ لەقاودان و مەحکوم کردنی سیاسەتەکانی بەریتانیاو روسیا و دواتر ئەمریکیەکان بەکار دەهێنا. باوەڕی وابوو کەخودی ئێرانیەکان باشتر لە هەر کەسێک ئیدارەی وڵاتەی خۆیان دەکەن. ئەم بیروباوەڕەی موسەدەق ئەو کاتەی  دەنگی دایەوە کە وێنەکەی لە سەر بەرگی گۆڤاری تایمز بڵاو کرایەوە. موسەدەق باوەڕی ئەوتۆی بە بەشداری و چالاکی لە کاروباری حزبیدا نەبوو. ئەو زۆرتر پشتی بە شەقام و بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی دەبەست و رێوشوێنی تایبەت بە خۆی هەبوو.(١٤)

دوای تەواو بوونی خولی شەشەمی ئەنجومەن (پەرلەمان)، چالاکییە سیاسیەکانی موسەدەق راوەستا. بەهۆی دەستوەردانی دەوڵەت لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان، و لە سیاسەت دوور کەوتەوە و زۆربەی کاتەکانی لەئەحمەد ئاوا بەکاری وه‌رزێری و خوێندنەوە تێپەڕ دەکرد. (١٥)

کریستۆفێر دی بلیگ، رۆژنامەنووس و لێکۆڵەری بەریتانی لە کتێبی، ئێرانی نیشتمانپەروەر، محەممەد موسودەق و کودەتای بەریتانی کە بە پێی بەڵگەنامەکانی ئارشیوی حکوتەکانی ئەمریکا، بەریتانیا و وڵاتانی دیکە نووسراوەتەوە، و تیایدا وژیانی سیاسی موسەدەقی گێڕاوەتەوە، دەنووسێت: ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی ١٧هەم، سەرنجی خستە سەر سیاسەتی ناوخۆیی، بۆ لاوازکردنی سەڵتەنەت خوازەکان و کۆنەپاریزانی لایەنگری بەریتانیا، گەڵاڵەی ١٩٤٤ ی خۆی دەربارەی هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردنەکان بە کۆمەلێک تێبینی خستە بەر دەم پەرلەمان. بە پێی گەڵاڵە نوێیەکە، نەخویندەوارەکان لە دەنگ دان بێ بەش نەدەکران، بەڵام بۆ خەڵکی خوێندەوار و نەخوێندەوار جیاکاری کرا و رێژەی نوێنەرایەتی شارەکانی، بەتایبەت لە تاران زیاد کرد. بەرەی نەتەوەیی لە شارە گەورەکان زۆربەی دەنگەکانی بە دەست هێنا، بەڵام نەیتوانی زۆرینە بۆ خۆی دابین بکات.

دوای ٥ مانگ مشتومڕی پەرلەمانی، مانگی ژولای ١٩٥٢، موسەدەق بە پشتبەستن بەمافی یاسایی سەرۆکوەزیران بۆ دیاریکردنی وەزیری جەنگ، دەرگایەکی دیکەی لە ململانێی بەرووی پەرلەماندا کردەوە، دوای ئەوە کە شا ئەم مافەی بە فەرمی نەناسی، موسەدەق دەستی لە کار کیشایەوە و بێ ئەوەی کە بگەرێتەوە بۆ پەرلەمان، راستەوخۆ پەیوەندی بەخەڵکەوە کرد: بەو ئەنجامە گەیشتووم  کە  پێویستیمان بە وەزیرێکی جەنگی جێی متمانە هەیە، چون شا داواکاری منی رەتکردۆتەوە، بڕیارم دا دەست لە کارەکەم بکێشمەوە. لەئێستادا بەو دۆخەی کە لە ئارادایە، ئەو بزووتنەوەی کە دەستی پێکردووە، ناتوانی بگاتە ئەنجام. (١٦)

 ئەم گۆشەگیریە یارمەتییەکی زۆری بە موسەدەقی کرد، لەگەیشتن بە ئامانجەکانی. چونکە هەمووان دەیانزانی ئەو لەزێدی خۆی ژیانی ئاسایی خۆی تێپەڕ دەکات. بەڵام هاوکات سەلماندبووی کە لە گەڵ رەزاخان ئاویان بۆ جۆگەیەکدا ناڕوات. (١٧)

مێژوو لە  یاری سیاسی کەمی نییە. محەممەد رەزا شای پەهلەوی دوو جار گیانی پیاوێکی رزگار کرد کە لە رادەبەر رقی لێی بوو. هەر کات ویستبای لە گەمەی سیاسی خۆی بە کەسێکی لاواز و بێ توانا وەسفی بکات، دەیگوت: خۆم من موسەدەق نیم لە ژێر لێفەوە وڵات ئیدارە بکەم. (١٨)

هوشەنگ  نەهاوەندی، نووسەرێک لە لە سەردەمانی سەدەڵاتدارێتی حەمەرەزا شا، لە ئێران وەزیر بووە، دەڵێت: یەکەمین نیشانەکانی ناکۆکی لە نێوان شاو موسەدەق ئەو کاتە دەرکەوت، کە باسی نەوت کەوتە رۆژەڤەوە. هیچ کەس لە دژی خۆماڵیکردنی نەوت نەبوو، بێجگە لە لایەنگرانی دەوڵەتی بەریتانیا و تودەییەکان نەبێت. هۆی دژایەتی توودەییەکان ئەوە بوو کە دەیانهەویست نەوتی باکور بدەن بەسۆڤییەت. خەڵک بە گشتیی لایەنگری ئەم سیاسەتەی موسەدەق بوون. موسەدەق پێی وابوو دەبێ هەر جۆرێک بێت بیر لە ئابووری بێ نەوت بکەنەوە. هەڵەی گەورەی موسەدەق دوای ئەوەی کە لە دادگای لاهە سەرکەوتنی بە دەست هێنا، ئەوە بوو کە دەبا بە جۆرێک لە گەڵ بەریتانیەکان رێککەوتنی کردبایە. لێرەوە ناکۆکیەکانی لە گەڵ شا زەقتر بووەوە، چونکە شا لایەنگری رێککەوتن بوو، بە پێچەوانەی موسەدەق کەباوەڕی با سازنی لەو چەشنە نەبوو.(١٩)

شا کە پێگە و جێگەیەکی قاییمی نەبوو، نەیدەتوانی بە شێوەی ئاشکرا لە دژی یاسایی خۆماڵیکردنی نەوت بوەستێتەوە. بەگوتەی ئابراهامیان، مەسەلەی نەوت بە شێوەیەک لای بیرورای گشتیی جێگیر و سەرنجراکێش بوو کە لە بنەڕەتدا شا نەیدەتوانی دژایەتی موسەدەق  و یاساکە بکەت.(٢٠)

دوای ئەوەی کە رەزا شا ملی رێگای دوورگەی موریسی گرتبووە بەر و کوڕەکەی پاڵی بە کورسیەکەیەوەدا، موسەدەق بۆ پیرۆزبایی لە شای تازە کە ژێستی شایەکی دیموکراتی گرتبوو، سەردانی شای گه‌نجی کرد.

موسەدەق وەک نەریتی پیاوە بە ئەزموونەکان، ئامۆژگاری شای کرد کە لە سیاسەتدا رەوشت و میراتی باوکی نەگرێتە بەر، چون بەرەوڕووی چارەنووسی محەممەد عەلی شا دەبێتەوە. وەبیری هێنایەوە کە وەک ئەحمەد شا تەعامول بکات، كه‌نەدەستی لە سیاسەت وەردەدا، نەرێککەوتنی شەرمهێنی لە دژی خەڵکی ئێران واژۆ دەکر. شا بەلاتاوەوە وڵامی دایەوەو گوتی: کۆتاییەکەی، ئەحمەد شایش دوور خرایەوە. موسەدەق بە ئارامی پێی گوت: بەو جیاوازیەی کە خەڵک لە رۆیشتنی ئەحمەد شا خۆشحاڵ نەبوون. لێرەدا مەبەستی باوکی شای جەوان بوو کە دوور خراوە بۆ دوورگەی موریس هەڵکەوتوو لە باشوری رۆژئاوایی ئۆقیانوسی هیند. (٢١)

محەممەد عەلی شای قاجار، شەشەمین پاشای ئێڵی قاجارەکان بوو. ساڵی ١٩٠٦ی زایینی گەیشتە دەسەڵات و دژایەتی توندی مەشرووتەی کرد. دواتر ئەنجومەنی شوورای میللی تۆپباران کرد و دەستی دایە کوشتاری ئازادیخوازان، کۆی ئەم رووداوانە بە”استبداد صغیر”بە ناوبانگە.

دوای ئەوەی کە تاران لە لایەن مەشرووتەخوازەکانەوە کۆنتڕۆڵ کرا، پەنای بردە بەر باڵوێزخانەی روسیا لە تاران، سەرئەنجام لە ژێر گوشاری دەرەکی  وناوخۆیی، بە ناچاری لە ئێران دوور خرایەوە و ئەحمەدی کوڕی جێگای گرتەوە.(٢٢)

ئەحمەد شا، نەوەی موزەفەردین شا و کوڕی محەممە دعەلی شا بوو، دوای دوروخراوەنەی باوکی، جێگاکەی گرتەوە، بە پێچەوانەی هاوسەردەمەکانی بە کەسێکی کراوە و تێگەیشتوو دەناسرایەوە، لە دژی هەر جۆرە رێککەوتنێک لە گەڵ بیانەکان بوو، کە لە بەرژەوەندی خەڵکەکەی نەبوایە. رستەیەکی بەناوبانگی هەیە کەدەڵێت: ئەگەر بریار بێت نیستمانی خۆم بفرۆشم، باشتر وابوو لە سویس کەلەمم فرۆشایە، نه‌بومایه‌ته‌ شای وڵاتێک، لە قاجارەکان تەنها ٧ کەس پاشایەتیان بە نەسیب بووه‌،  لەو ٧ کەسەش ته‌نها دوو کەسیان تونیان شێوه‌یه‌ك لە ئازادی و سەروەری بۆ خەڵک و وڵاتەکەیان بەدیبێنن، ئه‌وانیش ئەحمەد شا و موزەفەردین شای باپیری بوون.(٢٣)

  • لە پەرلەمانتارییەوە بۆ سەرۆکوەزیران

دوای خۆماڵی کردنی پیشەسازی نەوت، لە ٢٠ مارسی ١٩٥١، سێر فڕانسیس شپرد، باڵوێزی بەریتانیا لە تاران، پێی وابوو لە ئەگەری دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانێکی بەستراوە بە وڵاتەکەی، دەکرێ کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکەن. ناوبراو داوای لە شا کرد کە سەید زیا تەباتەبایی بە پەرلەمان بناسێنێت و شایش ئەم پێشنیارەی قبووڵ کرد. باڵوێزی بەریتانیا لە نامەیەکدا جەختی کردەوە کەبەریتانیا لەژێر سێبەری هەڕەشەی خۆماڵی کردنی نەوت، ئامادە نییە هیچ دانوستانێک بکات.

باڵیۆزی فه‌ڕه‌نسه‌ پێی وابوو، بەم نمایشی هێزە دەتوانێ بۆچوونی خۆی بسەپێنیت، لەمانگی مەی ١٩٥١ تەنانەت نەتەوەخوازەکانیش نەیاندەتوانی پێشبینی ئەوە بکەن، كه‌لەدانیشتنی پەرلەمانی ئێران، بۆ هەڵبژاردنی سەید زیا چی روو دەدات. (٢٤)

موسەدەق پاڵەوانی گۆڕەپانەکە بوو، هەمووان چاوەڕێیان دەکرد کە لەم دانیشتنەدا، جڵەوی دژایەتی لەگەڵ بەریتانیا بگرێتە دەست و بە گوتاری ئاگرین هێرش بکاتە سەر کاندیدای شا، بەڵام کاتێک کە سەرۆکی پەرلەمان پرسیاری کرد کێ دەیهەوێ قسە بکات، موسەدەق بێدەنگی هەڵبژارد.

له‌وكاته‌دا کەسێک بە ناو جەمال ئیمامی کە بەستراوە بە دەربار و بەریتانیەکان بوو، یەکەم کەس قسەی کرد، بێ ئەوەی ناوی کاندیدی شا و بەریتانیەکان ببات، موسەدەقی کردە ئامانج، بەده‌بڕینێكی پڕ لەسووکایەتی  هێرشەکانی بۆ سەر موسەدەق دەست پێکرد، ئەوی بە کەسێکی زۆر بڵێ و نابەرپرسیار وەسف کرد، کە ئۆگری درێژدادڕی و قسەی بێ بنەمایە و تەنانەت ئیدیعای سەرۆک وەزیریشی هەیە.

دوای تەواو بوونی قسەکانی ئیمامی، بێ دەنگی سێبەری خستە سەر دانیشتنەکە، موسەدەق بەئارامی هەستا و گوتی به‌فەخر و شانازییەوه‌ خۆم کاندید ده‌كه‌م بۆ سەرۆکوەزیران، سەرۆکی پەرلەمان كاندیده‌كانی خسته‌ به‌رده‌م ده‌نگدان، و موسەدەق بە رێژەی ٧٩ بەرانبه‌ر به‌ ١٢ دەنگ، بوو بەسەرۆکوەزیرانی ئێران.

له‌رۆژی ٢٨ی ئەپریلی ١٩٥١ بە فەرمی ئه‌و پۆسه‌ته‌ی وه‌رگرت، به‌ڵام ١١ یازده‌ رۆژ دواتر، هێنری گریدی، باڵوێزی ئەمریکا لە ئێران، لە تارانەوە راپۆرتیکی ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کرد. گریدی نووسیبووی : شا لە بابەتی خۆماڵی کردنی نەوتی ئێران و بوون بە سەرۆکوەزیری موسەدەق خەمناک و بێ تاقەتە، بە پێی راپۆرتەکەی گریدی، شا پێی وابووه‌ کە موسەدەق ناتوانێ زۆر به‌رده‌وام بێ، هەر بۆیە سەبارەت بە پرسی خۆماڵیکردنی نەوت رەشبینه‌.(٢٥)

د. موسەدەق دوو ساڵ و سێ مانگ سەرۆکوەزیرانی ئێران بوو، بەڵام هەر لەم ماوە کورتەدا هەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی یاسای خۆماڵیکردنی پیشەسازی نەوت، هەروەها سنووردارکردنی دەسەڵاتی شای ئێران، لە چوارچێوەی یاسای مەشرووتە، ناوی خۆی لە مێژووی هاوچەرخی ئێران و جیهان تۆمار کرد.(٢٦)

  • ئابوری بێ نەوت و خۆماڵی کردنی نەوت

له‌سه‌رده‌می موسه‌ده‌قدا، پشکی نەوت لە پەیوەندیە سیاسی و ئابوریەکانی جیهان، رۆژ لە دوای رۆژ لەزیادبووندابوو، به‌ڵام هێشتاش دۆخی ئاڵۆزی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دارایی وڵاتانی جیهانی سێهەم، بە جۆرێک بوو کەبه‌کردەوە نه‌وتی کردبووه‌ بەڵای گیانی ئابوری وڵاتانی خاوه‌ن نه‌وت، بەتایبەت کە گەندەڵی دەزگای سیاسی و ئیداری، رێگای بۆ سازان و خیانه‌ت و بەبادانی سەرەوت و سامانی ئەو وڵاتانە خۆش کردبوو، و زۆریەک لەبڕیاربەدەستان و سیاسیەکانی ناوخۆی کردبووه‌،‌ سەوداچی و وابەستە بە بیانیەکانه‌وه‌. (٢٧)

لێرەوه‌ کە لە چەند گۆشەنیگایەوە تەرکیز دەخرێتە سەر ژیان و بەسەرهاتی موسەدەق، بەدەر لە  هەڵە و کەموکۆڕیەکانی، دەبێ بۆ مێژووی بگوترێ کە هەوڵەکانی بۆ خۆمالیکردنی پیشەسازی نەوت جێی ستایش و تێڕامانە. پێشبنی ناكرێت، كه‌ئەگەر کودەتایان لە دژ نەکردبایە، ئیدارەکەی تا کەی و چۆن به‌رده‌وام ده‌بوو، و چی پێده‌كرا، بەڵام هێزێکی پاڵنەری مێژووی سیاسی هاوچەرخ، لەسەردەمی موسەەدق، كاركردن بوو له‌سه‌ر ئابوری بێ نەوت، کە ئه‌گه‌ر بكرایه‌ سەرئەنجامێکی چاوەڕواننەکراوی بۆ خۆی و بزووتنەوەکەی بەدواوە بوو.

تایبەتمەندییەکی دەوڵەتی موسەدق بیركردنه‌وه‌ له‌ئابووری بێ نەوت بوو، ئەم بیرۆکەیە سەرنجی زۆریەک لەسیاسیەکانی بۆ لای خۆی راکێشا، ژمارەیەک بە نامومکینیان دەزانی و ژمارەیەکێش پێداگرییان لەسەر دەکرد، بەریتانیا لە هەوڵدا بوو، لەناوخۆی ئێران بزووتنەوەکە بەلارێدا ببات و بەکردەوە بەرەنگاری بزووتنەوەکە ببێتەوە.