وەزیری نەوتی عێراق تەئكید دەكاتەوە، هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان ناچێتە ژێرباری كەمكردنەوەی رێكەوتنی بەرهەمهێنانی نەوت، كە وڵاتەكەی لەگەڵ رێكخراوی ئۆپیك لەسەری رێكەوتووە.
(جەبار لعێبی) وەزیری نەوتی عێراق بە ماڵپەڕی ئۆیل پرایس-ی راگەیاندووە، كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە، بەڵام هەوڵ دەدەین هەرێمیش لەپڕۆسەی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی وڵات بەشداربێت.
ئاماژەی بەوەشدا، پلانی هەیە بەم نزیكانە سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەكە گفتوگۆ دەكات.ماڵپەڕی ئۆیل پرایس ئەوەشی خستوەتەڕوو، یەدەكی نەوتی هەرێمی كوردستان بە 45 ملیار بەرمیل مەزەندە دەكرێت، هەروەها هەناردەی نەوتی كێڵگەكانی باكوری عێراق كە لە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمدایە نزیكەی 600 هەزار بەرمیلە لە رۆژێكدا و زۆربەشی لەرێگەی هێڵی گواستنەوەی كەركوك- جەیهان توركیاوە هەناردە دەكرێت.
لەو چوارچێویەشدا، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمیش لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، پێشوازی لە وەزیری نەوتی عێراق دەكەن بۆ دانوستانی بونیات نەرانە، سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشە هەڵ پەسێر دراوەكانی نەوت و غاز و باشتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.