نرخی کارەبای موەلیدەی ئەھلیەکان بۆ مانگی ئایار لە سنوری پارێزگای سلێمانی بە 40 دینار و نیو دیاری دەکرێت و وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبا رایدەگەیەنێت خشتەی کارپێکردنی مۆلیدە ئەھلیییەکان جێگیر نییە.
ئێوارەی ئەمڕۆ 2017.5.28 ئاوات محەمەد قائیمقامی قەزای مەڵبەند سلێمانی بە ئامادەبوونی سالار حسام الدین بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی و نوێنەرانی ھەریەک لە ئاسایشی ئابووری، کۆنترۆل، وەرشەی ناوەندی و سەندیکای مۆلیدە ئەھلییەکان لە دیوانی قائیمقامیەت کۆبویەوە.
لە دوای کۆبوونەوەکەش ئاری علی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی، رایگەیاند: نرخی سەعاتێک ئەمپێری کارەبای مۆلیدە ئەھلیەکان بۆ مانگی ئایار بە 40 دینار و نیو دیاری کراوە.
دەربارەی کارەبای دابینکراو لە مانگی حوزەیران ووتی: خشتەی پێدانی کارەبا لە کاتژمێر 11ی پێش نیوەرۆ بۆ کاتژمێر 4ی بەرەبەیانی رۆژی دواتر بەھەردوو کارەبای نیشتمانی و مۆلیدی ئەھلی بۆھاوڵاتیان دابین دەکرێت، واتە کارپێکردنی مۆلیدە ئەھلیەکان جێگیر نییە، ھەرکاتێک کارەبای نیشتمانی بڕا مۆلیدە ئەھلیەکان کارەبا بۆ ھاوڵاتیان دابین دەکەن .