کوردێک دەگاتە لوتکەی دەماوەند، لۆگۆی ژووری بازرگانی سلێمانیش بەرز دەکاتەوە

شاخەوانێکی ناسراوی کرماشان کە ئەزموونێکی باڵای لەم وەرزشەدا هەیە و پێشتر
چەندین لوتکەی بەرزی ئێرانی بڕیوە لە دوا ئەزموونی خۆیدا گەیشتە لوتکەی
دەماوەند وەک بەرزترین لوتکەی ئێران و لۆگۆی ژووری بازرگانی و پیشەسازی
سلێمانیشی لەو شوێنەدا بەرز کردووەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕەزا
ڕەحمەتیان کە هاوکات سەرنووسەری گۆڤاری جام کوردییە وەک یەکەم گۆڤاری
هاوبەشی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان لە دوایین ئەزموونی
شاخەوانی خۆیدا هەینی ڕابردوو گەیشتە لوتکەی کێوی دەماوەند و وەک هێمایەک
بۆ دۆستایەتی و هاوکاری و پەیوەندییەکی گەرمی نێوان جام کوردی و ژووری
بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، لۆگۆی ئەم ژوورەی بەرز کردەوە.
ڕەحمەتیان
وتی: بە پێی ئەوەی کە وەک جام کوردی خۆمان لە هەرێمی کوردستان نزیک دەزانین
و دانیشتووانەکەی بە لامانەوە جێی ڕێز و خۆشەویستین هەردەم لێرە لە وڵاتی
ئێران هەوڵی پتەوبوونی ئەم دۆستایەتییەمان داوە، بە تایبەت برادەرانی ژووری
بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کە چەندین وێستگەی پێکەوە کارکردنمان هەبووە،
بەم بۆنەشەوە لۆگۆی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیم وەک دووپات
کردنەوەی ئەو ڕێز و خۆشەویستییە لە بەرزترین لوتکەی ئێران هەڵکردووە.
دەماوەند
کێوێکە لە باکوری وڵاتی ئێران و بە بەرزترین لوتکەی ئێران، ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست و بەرزترین لوتکەی گڕکانیی ئاسیا دادەنرێت.
کێوی دەماوەند لە
قەزای ئامۆل سەر بە پارێزگای مازندەران کەوتووەتە زنجیرە چیاکانی ئەلبۆرز.
لە ساڵی ٢٠٠٨ وەک یەکەم ئاسەواری سرووشتی ئێران لە ڕیزی ئاسەوارە
نیشتمانییەکانی ئەم وڵاتەدا تۆمار کراوە.
لە دەماوەند لە ئەفسانەکانی
دێرینی ئێران ناو براوە و ناوبانگەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زۆحاکی
ستەمگەر و ئەژدیهاکەی لەم کێوەدا کۆت و زنجیر کراون. دەماوەند لە ٦٩
کیلۆمەتری باکوری ڕۆژهەڵاتی تاران، ٦٢ کیلۆمەتری باشوری ڕۆژئاوای ئامۆل و
٢٦ کیلۆمەتری باکوری رۆژئاوای شاری دەماوەند هەڵکەوتووە. بەرزی ئەم لوتکەیە
دەگاتە ٥٦٧١ مەتر.