لە پانێڵەكەدا كە ئەمڕۆ لە كۆلێجی زانستە كشتوكاڵییەكانی زانكۆی سلێمانی بە ئامادەبوونی وەزیری كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە مامۆستایانی كۆڵێجەكە و شارەزایانی بواری كشتوكاڵ دەستی پێكرد، دوو پانێڵ لە بارەی (سێكتەرەكانی بەروبوومی رووەكی و خۆراك ، سێكتەرەكانی بەروبوومی ئاژەڵی پیشەسازی خۆراك ئابووری كشتوكاڵی و ئاو) پێشكەش دەكرێن و مامۆستایانی پسپۆڕی بوارەكە بەشدارن تێیدا.
لە ئێستای هەرێمی كوردستاندا ئەم كەرتە رووبەڕووی چەندین گرفت و ئاستەنگ بووەتەوە كە بۆتە هۆی ئەوەی كەرتی كشتوكاڵ پاشەكشەیەكی بەرچاو بەخۆوە ببینێت.
راگری كۆلێجی زانستە كشتوكاڵیەكان لە زانكۆی سلێمانی دكتۆر، كارزان تۆفیق وتی: “ئەم پانێڵە كێشەكانی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان بە سەرتاسەری لەخۆ دەگرێت لە كێشەی خاك و ئاو و بەروبوومی كێڵگەیی و باخداری و كێشەكانی پیشەسازی و خۆراك ، كێشەی بە بازاڕكردن كە ئەوە لە ئێستادا كێشەیەكی زۆر گەورەیە ، ئەوانە هەموو لە دوو توێی ئەم پانێڵەدا باس دەكرێن و ئەم كێشانە دەخرێنەڕوو”.
ئەو وتی: “كار دەكرێت بۆ ئەوەی زانستیانە چارەسەر بۆ ئەو كێشانە بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی لە كۆتایی پانێڵەكەدا ببن بە راسپاردە و بدرێنە لایەنی پەیوەندیدار بۆ كاركردن لەسەریان”.
راگری كۆلێجی زانستە كشتوكاڵیەكان ئەوەشی وت “گرنگی پانێڵەكە گرنگیدانێكی راستەوخۆیە بە زانستیكردنی ئەم كەرتەیە كە تا ئێستاش ئەم كەرتە لە رووی زانستییەوە زانستێكی زۆر كەمی تێدا بەكارهاتبێت، بۆیە دەمانەوێت لە رووی زانستییەوە كێشەكان چارەسەر بكرێت ، بەو رێگەیەش بەشێكی زۆری كێشەكان كۆتاییان دێت و سەرهەڵنادەنەوە ، بۆ ئەو مەبەستەش كەسانی پسپۆڕ لە بەشەكەمان و دەزگا پەیوەندیدارەكانی تر هاوكارمان دەبن و وا دەكەین ئەم كەرتە بگەینینە كەناری ئارامی”.
ئەو نیگەرانی خۆشی نیشاندا لەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی بە كەرتی كشتوكاڵ نەداوە و كەمترین بوودجەی لە بوودجەی گشتی ساڵانە بۆ كەرتی كشتوكاڵ تەرخان كردووە، لەو بارەیەوە وتی:” ئەم كەرتە بە بەردەوام لە قەیرانی دارایی بووە بە هۆی ئەوەی حكوومەت كەمترین بوودجەی بۆ تەرخان كردووە، ئێستا قەیرانەكە ئەوەندەی تر بە هۆی قەیرانی داراییەوە قوڵتر بووەتەوە ، بۆیە كاریگەرییەكی زۆر قوڵتری دروستكردووە”.