لەڕێگەی کەرتی تایبەتەوە پرۆژەی تەلەفریک لەھاوینەھەواری ئەحمەد ئاوا جەێبەجێ دەکرێت


لەپێناو زیاتر ڕاکێشانی گەشتیار لەڕێگەی کەرتی تایبەتەوە ھەوڵدەدرێت پڕۆژەی تەلەفریک لەھاوینەھەواری ئەحمەد ئاوا جێبەجێبکرێت و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری ھەڵەبجەش ووردەکاری پڕۆژەکە ئاشکرادەکات.

سامان کەریم بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری ھەڵەبجە ڕِاگەیاند: لەپێناو پەرەپێدانی زیاتر بەکەرتی گەشتوگوزار و لەڕێگەی کەرتی تایبەتەوە پڕۆژەیەکی گەشتیاریی لەھاوینەھەواری ئەحمەد ئاوا جێبەجێدەکرێت.

وتیشی: پڕۆژەکە خۆی لە دروستکردنی تەلەفریکدا دەبینێتەوە و ڕەزامەندی دەستەی وەبەرھێنانی بۆ وەرگیراوە، لەھەمانکاتدا پرۆژەی کردنەوەی ١٠٠ ڤێلا و ڕێستۆرانت بۆمانەوەی گەشتیاران جێبەجێدەکرێ و ئێمەش وەک لایەنی پەیوەندیدار ھاوکارین بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە.

ئاماژەی بەوەشکرد تەلەفریکەکە لەبەری پەڵگەوە درێژدەبێتەوە بۆ سەرچاوەی زەڵم و لەلایەن کۆمپانیایەکەوە جێبەجێ دەکرێت و جگەلەوەش تیمێکی لەشارەزایانی وڵاتی نەمسای ھەماھەنگ دەبن و لەئێستادا چاوەڕێی تەواو بونی کارەکانی ئێمەن بۆئەوەی دەست بەئەنجامدانی پڕۆژەکە بکەن.

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری ھەڵەبجە باسیلەوەشکرد تا پرۆژە زیاتر لە سێکتەری کەرتی گەشتوگوزار لە سنورەکە ئەنجامبدرێت داھات زیاد دەکات، بەڵام لەئێستادا تەنھا دوو پرۆژەمان ھەیە کە داھاتی بۆ خۆمان بگەڕێتەوە، لەوانەش کابینەکانی ئەحمەد ئاوا و ئوتێلی ھەڵەبجەیە،”بۆیە بەنیازین لەداھاتوودا باجی گەشتیاری و وەرگرتنی کارتی ھاتنەناوەوە بۆ گەشتیاران جێبەجێ بکەین و داھاتەکەی بچێتە بەڕێوەبەرایەتیەکەمان و لەخزمەتگوزاریەکاندا خەرجی بکەینەوە”