٧٠٠ ھەزار کەس لە موسڵ ئاوارە بوون

رێکخراوی یونسێف رایگەیاند لە وەتەی دەستپێکردنی ئۆپەرایسیۆنەکانی موسڵ، ٧٠٠ ھەزار کەسی سڤیل ئاوارە بوون و پێشبینی ئاوارەبوونی ٢٠٠ ھەزار سڤیلی دیکەش لە شارەکە دەکرێت.

نوێنەری یونسێف لە عێراق، پیتر ھۆکینس بە رێگەی مۆبایل بەشداری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ کرد و نیگەرانی لەبارەی دۆخی ھاووڵاتی سڤیلی بەری رۆژئاوای ناوەندی موسڵ دەربڕی کە ھێشتا لە ژێر کۆنترۆڵی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دایە.

ھۆکینس ئاماژەی بەوەش دا کە ئاڵۆزییەکانی موسڵ، زۆرترین کاریگەری لەسەر منداڵان دروستکردووە و گوتیشی: “شەڕوپێکدادانەکان درێژەی ھەیە و منداڵ و ئافرەتانی شارەکەش لە دۆخێکی نالەباردان. بە تایبەتی منداڵان چەند ھەفتەیەکە لە ئاو و خۆراک بێبەشن. منداڵەکان بەھۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ کاریگەرییان لەسەر دەمێنێتەوە”.

ھۆکینس رایگەیاند گەمارۆکانی بەری رۆژئاوای موسڵ درێژەی ھەیە و ژمارەی ئاوارەکانی بەری رۆژئاوای شارەکە گەیشتووەتە ٥٠٠ ھەزار کەس.

ناوبراو راشیگەیاند کە لە وەتەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی موسڵ، ٧٠٠ ھەزار کەس ئاوارە بوون و پێشبینی ئاوارەبوونی ٢٠٠ ھەزار سڤیلی دیکەش لە شارەکە دەکرێت.