حكومەتی عێراق بۆ ئەمساڵ ئامادە نییە گەنمی جوتیارانی هەرێم وەربگرێت، حكومەتی ئێران ئامادەیی پیشانداوە بە وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی، هەرێم بەڵام مەرجی هەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 25ی ئایاری 2017، عەبدولرەحمان عەلی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە لیژنەی كشتوكاڵ ڕایگەیاند: باشترین چارەسەر بۆ نەهێشتنەوەی ئەو گەنمەی لە لای جوتیارانە ئەوەیە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕێك پارە تەرخان بكات و ئەو گەنمە لە جوتیاران بكڕێتەوە.
ئەندامەكەی پەرلەمانی كوردستان وتیشی: لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵ باس لە شوێنگرەوەی عێراقمان كردوە لە ئەگەری وەرنەگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان ئێران ئامادەیە گەنمی هەرێمی كوردستان بكڕێت.
پەرلەمانتارەكە بۆ وشە ئاشكرایكرد، ئێران مەرجی هەیە بۆ كڕینی گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان و دەیەوێت خۆی نرخەكە دیاری بكات و نرخەكەی كەمتر بێت لە بازاڕ.
جێگەی باسە ساڵی پار هەرێمی كوردستان زیاتر لە ملیۆنێك و 500 هەزار تۆن گەنمی بەرهەمهێنا، بەڵام بۆ ئەمساڵ حكومەتی عێراق ئامادە نییە تەواوی گەنمی هەرێمی كوردستان وەربگرێت لە جوتیاران و تا ئێستەش ئەو كێشەیە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.