قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند بەئامانجی بایەخدانی زیاتر بەكەرتی كشتوكاڵ و زیادكردنی بەروبوومی ناوخۆیی ئامادەن هەموو هاوكاری و كارئاسانییەك پێشكەش بەخاوەنی پرۆژەو كێڵگەكانی تایبەت بە بەخێوكردنی پەلەوەر بكەن، بەپێی ئامارێكیش بەبەراورد بە چەند ساڵی رابردوو لە پارێزگای سلێمانی رێژەی بەرهەمهێنانی پەلەوەری ناوخۆیی بۆ ئاستێكی بەرچاو زیادی كردووە.
بەپێی راگەیەنراوێكی قائیمقامیەتی سلێمانی ئەمڕۆ 25ی ئایاری 2017، ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لێپسراوانی پەیوەندار لە پارێزگای سلێمانی و بەڵێندەرانی تایبەت بە بەرهەمهێنانی پەلەوەر كۆبۆتەوەو پاش دەستنیشانكردنی گرفت و ئاستەنگەكان هەڵسەنگاندن بۆ هاوردەكردن و ئاستی بەرهەمەمی ناوخۆیی پەرلەوەر كرا لە پارێزگاری سلێمانی و بەڕەچاوگرتنی زۆری خواست لەسەری بڕیاردراوە بایەخی زیاتر بە پرۆژەو كێڵگەو كوشتارگەكانی تایبەت بە پەرلەوەر بدرێت.
قائیمقامی سلێمانی راشیگەیاندوە: دڵخۆشین بەوەی لەم ساڵانەی دوایدا پرۆژەكانی تایبەت بە بەرهەمهێنانی پەلەوەری ناوخۆیی گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینوەو ئێستا دەتوانین بڵێین تا ئاستێكی باش پێویستی بازاڕ پڕدەكاتەوە كە ئەمەش هۆكارێكی باشە بۆ بوژانەوەی ژێرخانی ئابووری و پشت بەستنی كەمتر بە هاوردەكردنی پەلەوەر لە دەرەوەی هەرێم .
ئەوەشی رونكردۆتەوە: بەمەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و پڕكردنەوەی پێداویستی بازاڕ هەرچی پێویست بێت لە هاوكاری و كارئاسانی ئامادەن پێشكەشی خاوەنی پرۆژەكانی بكەن.
لە كۆبوونەوەكەشدا پاش هەڵسەنگاندن بۆ بەروبوومی ناوخۆی و زۆری خواست لەسەر بەرووبومی پەرلەوەر لە مانگی رەمەزاندا بڕیاردراوە بایەخی زیاتر بە بەروبومی ناوخۆیی بدرێت و بەپێی پێویستی و خواستی بازاڕ رێگە بەهاوردەكردنی بەروبوومی پەلەوەری دەرەكی بدرێت.
لە چوارچێوەی ئەو گەشەسەندنانەی كە بەدی هاتووە بەپێی ئامارێك لە سنوری پارێزگای سلێمانی (495) پرۆژەی بەخێوكردنی پەلەوەر هەیە كە لە ساڵێكدا توانای بەرهەمهێنانی (18 بۆ 20) ملیۆن مریشكی هەیە، بەمەش رێژەی 87% پێداویستی بازاڕی ناوخۆ پڕدەكاتەوە ، هاوكات دوو كوشتارگە لە پارێزگای سلێمانی هەیە كە لە سەعاتێكدا توانای سەربڕینی 7 هەزار مریشكی هەیە، 9 پرۆژەی هەڵهێنانی جوجكە هەیە كە لەتوانایدایە لە ساڵێكدا 37 هەزار جوجكە هەڵبهێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا 5 كارگەی بەرهەمهێنانی ئالیك لە پارێزگای سلێمانیدا هەیەو رۆژانە بەروبوومی ئالیك لە رێگەیانەوە رەوانەی پڕۆژەكانی تایبەت بە بەرهەمهێنانی پەلەوەر دەكرێت لە پارێزگاكەدا.