حكوومەتی عێراق بە سیاسیەتێك كە دایڕشتووە دەیەوێت سەرجەم قەرزەكانی بداتەوە بەڵام شارەزایانی ئابووری وای بۆ دەچن كە ئەو سیاسەتەی حكوومەتی عێراق رووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە و هۆكارەكەشی بۆ دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕكانی جیهان و بەردەوامی شەڕەكانی دژبە داعش دەگێڕنەوە.
لەو كاتەی شەڕی دژبە داعش دەستی پێكردووە، نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان دابەزیووە و عێراق بە دەست قەیرانی داراییەوە دەناڵێنێت.
ــ زۆری خەرجییەکان
وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، عەبد زەهرە هینداوی رایگەیاند كە بە هۆی شەڕی دژبە داعش ساڵانە بوودجەی گشتی عێراق بە رێژەی سەدا ٤٠ی كەمی كردووە.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو عەبد زەهرە هینداوی وتی: “قەرزەکانی ناوخۆ و دەرەوەی سەر عێراق بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە، ١٦٢ ملیار دۆلار كە لەو بڕە ٤١ ملیار دۆلاری قەرزی وڵاتانی كەنداوە”.
ئەو قەرزانەی كە عێراق لە وڵاتانی كەنداو وەرگرتووە بۆ كاتی شەڕی هەشتاکانی سەدەی رابردووی عێراق-ئێران دەگەڕێتەوە كە ئەو كات وڵاتانی كەنداو بۆ كڕینی چەك پارەیان بە قەرز دابوو بە عێراق.
ــ بە هەدەردانی پارە
لەمبارەیەوە وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق گوتی: “ئەو پارەیەی كە راستەوخۆ لە شەڕی دژبە داعش، مووچەی هێزە عێراقییەكان، كڕینی چەك و یارمەتی ئاوارەكان خەرجكراوە، ١٥٠ ملیار دۆلارە”.
عەبد زەهرە هینداوی وتیشی: “خەرجییە ناڕاستەوخۆكانی گرێبەستەكان بۆ پڕچەككردنی هێزە عێراقییەكان لەگەڵ دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانی، ئەنبار، سەڵاحەددین، دیالە، نەینەوا و بەشێك لە ناوچەكانی هەردوو پارێزگای كەركووك و بەغدا دەگرێتەوە”.
وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان ئاماژەی بەوەش دا كە كۆی قەرزە ناوخۆییەكانی سەر عێراق، ١٢١ ملیار دۆلارە.
ــ قەرزەكانی ناوخۆ
راوێژكاری كاروباری سەرۆكوەزیرانی عێراق، مزهر محەمەد ساڵح رایگەیاند كە بەشێك لە قەرزەكانی ناوخۆ لە ئەستۆی بانكەكاندایە و هەروەها وەزارەتی دارایی قەرزە ناوخۆییەكان دەداتەوە وەك مووچەی فەرمانبەرانی كۆمپانیە حكوومییەكان.
مزهر محەمەد ساڵح وتی: “بەشێك لە قەرزەكان بۆ سەردەمی رژێمی پێشوو دەگەڕێنەوە كە پەیوەستدارە بە چاپكردنی دراو و بەشێك لە قەرزەكانی ناوخۆ هی جووتیارەكانە كە بە درێژایی ساڵ بەرهەمەكانیان بە حكوومەت دەفرۆشن لەگەڵ قەرزی كۆمپانیا و بەلێندەران كە پڕۆژەكان جێبەجێ دەكەن”.
راوێژكاری كاروباری ئابووری حكوومەتی عێراق باسی لەوەش كرد كە لە ساڵی ٢٠١٤ و هاوكات لەگەڵ خەرجی سەربازی بۆ شەڕی دژبە داعش و دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا، بوودجەی عێراق رووبەڕووی كورتهێنان بووەتەوە كە ئەوەش حكوومەتی عێراقی ناچار كردووە پەنا ببات بۆ قەرزکردن”.
ــ عێراق بۆ دانەوەی قەرزەكان پێویستی بە ٣٠ ساڵە
مامۆستا لە زانكۆی موستەنسڕییە، عەبدولرەحمان مەشهەدانی وای بۆ دەچێت كە لە ئێستادا بە هۆی پابەندبوونەكانی رێكخراوی ئۆپێك بە رێككەوتننامەی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، تا ڕادەیەك نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا باش بووە.
عەبدولرەحمان مەشهەدانی وتی: “عێراق پێویستی بە ٣٠ ساڵە بۆ ئەوەی بتوانێت سەرجەم قەرزەكانی بداتەوە”.
ــ ٢٠ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بە قاچاغ براوەتە دەرەوە
بە وتەی بەرپرسانی عێراق لە دوای پڕۆسەی ئازاکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣وە، پارەیەكی زۆر بە قاچاغ براوەتە دەرەوە و لە ئێستایشدا ئەنجوومەنی نوێنەران لیژنەیەكی بۆ هێنانەوەی ئەو پارانە پێكهێناوە.
لەمبارەیەوە سەرۆكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبووسی رایگەیاند كە ئەنجوومەنی نوێنەران دەستیكردووە بە بەدواداچوون بۆ ژمارەیەك دۆسیەی گەندەڵی ئەوەش بە ئامانجی هێنانەوەی ئەو پارانەی كە بە قاچاغ براونەتە دەرەوە.
محەمەد حەلبووسی وتی: “لیژنەیەك لە ئەندامانی لیژنەی دارایی، دیوانی چاودێری دارایی، دەزگای هەواڵگری و دەستەی گشتی دەستپاكی پێكهێنراوە و بە پێی ئەو راپۆرتەش كە بە دەست لیژنەكە گەیشتووە، ئەوە پشتڕاست كراوەتەوە كە بڕی ٢٠ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بە قاچاغ براوەتە دەرەوە”.
سەرۆكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران دووپاتی كردەوە كە بە دەركردنی بڕیارێكی سیاسی لە لایەن حەیدەر عەبادی، عێراق دەتوانێت ئەو بڕە پارانەی كە بە قاچاغ براونەتە دەرەوە، بگەڕێنێتەوە”.