بە ئامادەبوونی عومەر ئەحمەد ئەمین(عومەر قەڵادزێی) لە بری پارێزگاری سلێمانی و بەسەرپەرەشتی ئاوات محەمەد قائیمقامی قەزای ناوەندی سلێمانی ، لیژنەی ئەمنی سلێمانی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی سلێمانی لە بینای قائیمقامییەت كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا بۆ دانانی چەند رێنمای و رێوشونێك بۆ پێشوازی لە مانگی رەمەزانی پیرۆز.
لە كۆبوونەوەكەدا كە ئەوقافی سلێمانی و نوێنەری یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان ئامادەیی بوون، تاوتوێی چەندین بیرۆكەو پێشنیار كرا بۆ رێزگرتن لە مانگی پیرۆزی رەمەزان و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بتوانن مانگەكە بە ئارامی و ئاسودەی تێپەڕێنن.
لەو رووەوە تەئكید كرایەوە كە روشوێنە ئەمنییەكان و چاودێری نرخەكان و چاودێری تەندروستی لە بازارەكان و شوێنە گشتییەكان توندوتۆڵ بكرێت و لەو مانگەشدا بەهەمان شێوەی پێشوو لەسەر رێكخستنەوەی بازارەكان بەردەوام بن.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا بریار درا چەند رێنمایەك دەربكرێت و لیژنەیەكیش بۆ سەرپەرەشتی كردنی جێ بەجێ كردنی رێنماییەكان پێكبهێنرێت.
سەبارەت بە چێشتخانە و رێستۆرانتەكان لە كۆبوونەوەكەدا بریاردرا لەمانگی رەمەزاندا هەموویان مۆڵەتی كردنەوەیان هەبێت و كراوە بن، بەمەرجێك رێز لە مانگی پیرۆزی رەمەزان بگرن و تایبەتمەندی ئەو مانگە لەبەرچاو بگرن.
لەبارەی شوێنەكانی مەی فرۆشتن و مەی خواردنەوە، لە كۆبوونەوەكەدا بریاردرا سەرجەم دوكانەكانی فرۆشتنی مەی لە مانگی رەمەزاندا دابخرێن، بەڵام یانەكانی تایبەت بە خواردنەوە لەرۆژدا دابخرێن و لەدوای بانگی ئێوارە مۆڵەتی كردنەوەو كاركردنیان پێ بدرێت.هەروەها رێگری بكرێت لە خواردنەوەی مەی لە شوێنە كراوەكان و سەر شەقام و جادەكان.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا قائیمقامی سلێمانی باسی لە كارەكانی رێكخستنەوەی بازارەكانی كردوو رایگەیاند بەردەوام دەبن لەسەری ، ئاشكراشی كرد لەناو بازارەدا چەندین شوێنیان دابنین كردووە بۆ دەستگێر و دەست فرۆشەكان و ئەو شوێنانە دەتوانێت شوێنی كار بۆ ژمارەیەكی بەرچاو لەو كەسانە دابین بكات.