سلێمانی خولقێنه‌ری داهێنان و شاكاره
سلێمانی به مێژوو لاوه، به‌ڵام به بیر‌و ئه‌ندێشه‌و ئه‌ده‌ب و هونه‌ره‌كه‌ی باڵا. جوانی و ره‌نگینی و پیت و به‌ره‌كه‌تی ئه‌م شاره، خوڵقێنه‌ری ئه‌و هه‌موو داهێنان و شاكاره كهموێنانهیه كه مێژووی گه‌لێكی سته‌مدیده‌و رابردوو لێڵكراوی وه‌ك كانیاوی به‌هار روونكردووه‌ته‌وه. به‌رزو پیرۆزن ئه‌و هه‌وڵانه‌ی نه‌وه‌كانیان خسته‌سه‌ر ئه‌و راسته رێگه‌یه‌ی به‌لاڕێدا نه‌چن و شوێنپێیان ون نه‌كه‌ن.
كه‌ی دامه‌زرا؟
به مه‌به‌ستی پاراستنی ره‌سه‌نایه‌تی و بوژاندنه‌وه‌و گه‌شه‌پێدانی هونه‌ری مۆسیقای كوردی، له شێوازێكی ره‌سه‌ن و هاوچه‌رخدا (تیپی مۆسیقای سلێمانی) ساڵی (١٩٦٧) له شاری سلێمانی، به ده‌ستپێشخه‌ری كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندی لاوی به‌توانای ئه‌م شاره، دامه‌زرا.
ته‌مه‌نی ده‌بێته 50 ساڵ
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت به‌وردی، راستی مێژوویی ئه‌و دروستبوونه بێ گرێ و گۆڵ بخه‌ینه‌ڕوو، پێویستمان به دیكۆمێنت و وته‌ی ئه‌و شایه‌تحاڵانه ده‌بێت كه خۆیان راسته‌وخۆ له‌ناو رووداوه‌كاندا ژیاون، خۆشبه‌ختانه بۆ نووسینه‌وه‌ی مێژووی ئه‌م رووداوه هونه‌رییه گرنگه كه پێده‌نێته په‌نجا ساڵه‌ی ته‌مه‌نیه‌وه، كارێكی زۆر گران نیه‌و گه‌لێك له‌و كه‌سایه‌تیانه‌ش كه خۆیان له‌ناویدا كارێكته‌ر بوون له ژیاندا ماون و زۆر له وته‌كانیان ده‌بنه سه‌رچاوه‌و وێنه‌كانیش دیالۆگی رووداوه‌كان دروست ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ بابه‌تێكی مێژوویی بێ هه‌ڵه‌و كه‌موكورتی نابێت.
چۆن بڕیاریاندا ئه‌و ناوه‌ی لێبنێن؟
كاتێك تیپی هونه‌ری میللی ره‌شید ساڵی ١٩٦٧ له شاری به‌غداوه دێنه سلێمانی بۆ سازدانی ئاهه‌نگێكی تایبه‌ت به خۆیان، رابه‌ری ئه‌و تیپه (حقی شبلی) له كاتی سه‌ردانیدا بۆ یه‌كێك له قوتابخانه‌كانی سلێمانی، توانای كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندی مۆسیقی ده‌بینێت كه سه‌رقاڵی پرۆڤه ده‌بن، پێیان سه‌رسام ده‌بێت، له‌میانه‌ی گفتوگۆیاندا هونه‌رمه‌ند (ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی) داوا ده‌كات رێگه‌یان بده‌ن به‌جیا بۆ ماوه‌ی بیست خولهك له ئاهه‌نگه‌كه‌یاندا به‌شداربن كه له هۆڵی ئاماده‌یی سلێمانی پێشكه‌شكرا، ئه‌مانیش له‌پێش چوونه سه‌ر شانۆكه بڕیاریاندا به‌ناوی (تیپی مۆسیقای سلێمانی)ه‌وه بچنه‌سه‌ر شانۆ‌و چه‌ند به‌رهه‌مێكی جوان پێشكه‌ش بكه‌ن كه بووه جێی ره‌زامه‌ندی و خۆشحاڵی بینه‌ران.
پێشتر به ناوی جۆراوجۆر كاریان كردووه
ده‌كرێت ئه‌مه ببێته سه‌ره‌تایه‌كی به‌هێزو هانده‌رێك بۆ دروستبوونی ناوی ئه‌م تیپه كه بۆ یه‌كه‌مجار ئه‌و ناوه‌یان له خۆیان نابێت، هه‌رچه‌نده پێشتریش ئه‌م كۆمه‌ڵه هونه‌رمه‌نده له‌ناو چالاكی قوتابخانه‌كان و خانه‌ی مامۆستایان‌دا یه‌كیان گرتبوو، هونه‌رمه‌ند (ولیه‌م یوحه‌نا) هاوكاری كردوون و كاری هونه‌ریان پێكه‌وه كردووه‌و وه‌ك تیمێك جۆرێك له هاوخه‌می و هاوسۆزی یهكیخستبوون، جارجاره له‌ژێر ناوی جۆراوجۆردا به ناوی تیپه‌كانی مۆسیقای (خۆشی و به‌ختیاری) یان (هیوا) كاریان كردبوو، له‌وكاته‌دا زۆربه‌ی ئاماده‌كارییه هونه‌رییه‌كان له‌ناو چالاكی قوتابخانه‌كاندا ئه‌نجام ده‌دران، هونه‌رمه‌ندان (ئازاد شه‌وقی و ئه‌نوه‌ر تۆفیق) وه‌ك كاربه‌ده‌ستان كارئاسانی زۆریان بۆ كردبوون، زۆرجاریش له‌به‌ر بێ جێگایی له‌ناو قوتابخانه‌كاندا یان له ماڵه‌كاندا پرۆڤه‌كان كراون.
مۆڵه‌تی ره‌سمی له حكومه‌تی عیراقی وه‌رده‌گرن
دیاره ئه‌ندامانی سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ئه‌م تیپه رۆڵی به‌رچاویان هه‌بووه له له‌خۆبوردویی و خۆڕاگری و به‌رده‌وامیدان، ئه‌مه‌ش بۆخۆی رابردوویه‌كی شكۆمه‌ندانه‌ی ئه‌و به‌ڕێزانه‌یه. به‌مشێوه‌یه به‌رده‌وام ده‌بن و به‌شداری چه‌ندین چالاكی هونه‌ری و خێرخوازی و بۆنه‌ی نیشتمانی ده‌كه‌ن، پاشان له (2/4/1969) له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی شانۆ یه‌كده‌گرن و (تیپی نواندن و مۆسیقای سلێمانی) داده‌مه‌زرێنن. به‌ڵام دوای ساڵێك له‌به‌ر تایبه‌تمه‌ندێتی كاره هونه‌رییه‌كانیان جیاده‌بنه‌وه‌و هه‌رخۆیان به‌رده‌وامی به كاره هونه‌رییه‌كانیان ده‌ده‌ن، دواتر هه‌وڵده‌ده‌ن مۆڵه‌تی ره‌سمی وه‌ربگرن، هه‌ربۆیه به‌ناوی ده‌سته‌یه‌ك بۆ دامه‌زراندنی (تیپی مۆسیقای سلێمانی) داوایه‌ك پێشكه‌ش به (وزاره الاعلام) له به‌غدا ده‌كه‌ن كه به‌پێی مه‌رجه‌كانی ئه‌وكاته‌ی وه‌زاره‌ت پێویستی به‌وه ده‌كرد به‌لای كه‌مه‌وه سێ له ئه‌ندامانی پێشكه‌شكار ده‌رچووی په‌یمانگه یان ئه‌كادیمیای هونه‌ری بن، هه‌ربۆیه مۆڵه‌ته‌كه به‌ناوی به‌ڕێزان (ئه‌نوه‌ر عومه‌ر محه‌مه‌د قه‌ره‌داغی وه‌ك سه‌رۆكی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر، فه‌ره‌یدون سه‌عید جه‌عفه‌ر دارتاش، فه‌رید عیسا نزر سرافیان، ولیه‌م یوحه‌نا خنا نیشو، محه‌مه‌د ئه‌مین حسێن ئه‌حمه‌د) پێشكه‌ش ده‌كرێت و به نووسراوی (وزاره الاعلام – الموءسسه العامه للازاعه والتلفزیون والسینما –قسمی السینما و المسرح – العدد/ مسارح/ ١٠٢٩٧ التاریخ/ ٢٣/٥/١٩٧٣) له‌و مێژووهداو به‌و ناوانه‌ی سه‌ره‌وه به شێوه‌یه‌كی ره‌سمی مۆڵه‌تی كاركردنیان له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقیه‌وه پێده‌درێت.
هه‌وڵی ونكردنیان دراوه
پاش ئه‌وه‌ی ده‌ستێك له‌و بهڕێوهبهرێتییهدا كاری كردبوو بۆ ونكردنی داواكه‌یان، به‌ڵام به بینینی خوالێخۆشبوو (حه‌قی شبلی) كاره‌كه ئاسان ده‌بێت و مۆڵه‌تیان پێده‌درێت.
ناوی ئه‌وانه‌ی رۆڵی سه‌ره‌كیان بینیوه
ئه‌وه‌ی جێی باسه، نابێت ناوی ئه‌و ئه‌ندامه سه‌ره‌كیانه‌ی له سه‌ره‌تاوه بوونه هه‌وێنی دروستبوونی ئه‌م تیپه له‌بیربكرێن، ئه‌وانه‌ی رۆڵی سه‌ره‌كیان هه‌بوو له به‌رده‌وامی تیپه‌كه‌دا، وه‌ك (خالید سه‌ركار، فرنسیس داود، حسێن عه‌لی، سه‌ربه‌ست محه‌مه‌د، جه‌مال شادان، محمودی ده‌ف ژه‌ن، دواتر هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ ئیبراهیم محه‌مه‌د)، هه‌روه‌ها گۆرانیبێژانی تری دۆستی تیپ وه‌ك (حه‌مه جه‌زا ساڵح و تۆفیق عه‌لی و خه‌سره‌و تۆفیق).
له قۆناغێكی دژوار‌دا بناغه‌یه‌كی تۆكمه‌یان داڕشتووه
له‌و قۆناغه‌دا شێوازی كاركردن ئاسان نه‌بوو، زۆرینه‌ی كاره‌كان له‌ناو ماڵه‌كاندا تۆمار ده‌كران، ئه‌م سه‌ره‌تایانه له‌ڕووی مێژووییه‌وه گرنگی تایبه‌تیان هه‌یه، دیاره بۆ شیكاركردنی رووه (ئیداری و هونه‌ری و نه‌ته‌وایه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابورییه‌كان و …هتد) بۆ هه‌ریه‌كه‌یان توێژینه‌وه‌ی پێویستی ده‌وێت كه چۆن توانرا له‌و زه‌مه‌ن و بارودۆخه‌دا بناغیهكی پته‌وی تۆكمه دابڕێژرێت و پاش (٥٠) ساڵ ئه‌نجامی ئه‌و ره‌وته هونه‌رییه به‌و پرشنگدارییه به‌رده‌وامی هه‌بێت و بگاته ئه‌م ئاسته به‌رزه‌ی ئه‌مڕۆی.
به‌رده‌وام كار بۆ پێشخستنی هونه‌ری مۆسیقا‌و گۆرانی كوردی ده‌كه‌ن
له‌وساته‌وه تائێستا ئه‌م تیپه به‌رده‌وام و به شێوازێكی زانستیانه كار بۆ پێشخستنی هونه‌ری مۆسیقا‌و گۆرانی كوردی ده‌كات، رۆڵی گرنگی هه‌بووه‌و هه‌یه له هێنانه‌كایه‌ی به‌رهه‌می سرودو گۆرانی و مۆسیقای كوردی به فۆرمی جۆراوجۆر، به‌پێی سه‌رده‌مه‌كان و به ره‌چاوكردنی ره‌سه‌نایه‌تی، نوێگه‌ری له هونه‌ری مۆسیقا‌و گۆرانی كوردیدا كاری كردووه، داهێنانی زۆری هه‌بووه له گه‌شه‌پێدانی فۆلكلۆری كوردی و دانانی ئاواز‌و شێوازی نوێی ئاماده‌كردن، دابه‌شكردن، باكگراوندو كاركردن له‌سه‌ر شێوازی كۆراڵ و به‌كارهێنانی ئامێره میللی و رۆژئاواییه‌كان، رۆڵی زۆری هه‌بووه له ده‌رخستن و پێگه‌یاندنی توانا‌و رووخساری نوێ.
رۆڵی كاریگه‌ریان هه‌بووه بۆ هاندانی ره‌گه‌زی مێ بۆناو دنیای هونه‌ر
زۆرجار ئه‌و تیپانه‌ی دوای ئه‌و مێژووه دروستبوون له شێوه‌ی ستایل و كاركردنیاندا رێچكه‌ی هونه‌ریی ئه‌م تیپه‌یان په‌یڕه‌و كردووه، چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی كوڕ‌و كچی گه‌یاندووه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی ئێستا ناویان له‌ناو هونه‌ری كوردیدا دره‌وشاوه‌یه، رۆڵی كاریگهرو ئه‌كتیڤی هه‌بووه له هاندانی ره‌گه‌زی مێ بۆ كاركردن له دنیای هونه‌ردا كه گه‌لێكیان له‌گه‌ڵ ئه‌م تیپه‌دا كاریان كردووه، په‌یوه‌ندی توندوتۆڵی له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی و ده‌زگا هونه‌رییه‌كاندا هه‌بووه، زیاتر له (300) هونه‌رمه‌ندی به‌توانا به‌شداری له‌گه‌ڵ ئه‌م تیپه‌دا كردووه، جگه له گۆرانیبێژه به‌ئه‌زموون و ناوداره‌كانی ناو تیپه‌كه (ئیبراهیم محه‌مه‌د، قادر كابان، ئه‌سعه‌د قه‌ره‌داغی، عوسمان عه‌لی، حه‌سه‌ن گه‌رمیانی، كه‌ریم كابان، عه‌باس محه‌مه‌د، عه‌بدولقادر حه‌سه‌ن، كامه‌ران عهبدولمجید…هتد) و زۆر له گۆرانیبێژه ناوداره‌كانی تری كوردستان له‌گه‌ڵیدا به‌شداربوون، له‌وانه (عه‌لی مه‌ردان، تایه‌ر تۆفیق، ره‌شۆل، ره‌سوڵ گه‌ردی، حه‌مه ساڵح دیلان، حسێن عه‌لی، حه‌سه‌ن زیره‌ك، باكووری، هۆمه‌ر دزه‌یی، شه‌ماڵ سائیب، فوئاد ئه‌حمه‌د، ته‌حسین ته‌ها، بێژه‌نی كامكار، حه‌مه جه‌زا عه‌لی، ناسری ره‌زازی…هتد).
له چه‌ندین فێستیڤاڵی ناوخۆیی و ده‌ره‌وه‌دا پله‌ی به‌رزیان به‌ده‌ستهێناوه
له‌زۆر بۆنه گشتی و نه‌ته‌وایه‌تی و تایبه‌تییه‌كاندا به‌شداری كردووه، ساڵانه به‌رهه‌مه‌كانی پێشكه‌ش و بڵاوكردووه‌ته‌وه، به سه‌دان به‌رهه‌می له رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنه‌كاندا تۆمار كردووه، به‌شداری چه‌ندین فێستیڤاڵی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی كردووه‌و به ده‌یان كۆنسێرتی له شاره‌كانی كوردستان و ده‌ره‌وه‌دا سازداوه، له زۆربه‌یاندا پله‌ی به‌رزی به‌ده‌ستهێناوه، چه‌ندین ئاوازدانه‌ری تیادا هه‌ڵكه‌وتووه كه ئێستا ئه‌و ئاوازانه به شاكاره هونه‌رییه‌كانی مۆسیقای كوردی ناوزه‌ند ده‌كرێن. له رووی هونه‌ری و مه‌عنه‌وییه‌وه هاوكاری گه‌لێك تیپ و گروپی هونه‌ری كردووه.
یه‌كه‌مین تیپی مۆسیقای تایبه‌ت به كچان و منداڵانی دامه‌زراند
به هاوكاری ئه‌ندامانی ئه‌م تیپه (خالید سه‌ركار، فه‌ره‌یدون دارتاش) یه‌كه‌مین تیپی مۆسیقای تایبه‌ت به كچانی سه‌ر به ئاماده‌یی سلێمانی كچان دروستبووه، هه‌ر له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌ندامه‌كانی تیپه‌كانی مۆسیقای منداڵان دروستبوون (نه‌ورۆز: به سه‌رپه‌رشتی مامۆستا عوسمان محه‌مه‌د ئه‌مین) و (پیره‌مێرد: به سه‌رپه‌رشتی مامۆستا سه‌ڵاح ره‌ئوف) و (دیلان: به سه‌رپه‌رشتی مامۆستا فرنسیس داود) و (شێخ مه‌حمود: به سه‌رپه‌رشتی مامۆستا دلێر ئیبراهیم).. به‌داخه‌وه له سه‌ره‌تای گه‌شه‌كردنی ئه‌م تیپه نوێیه‌دا چه‌ند ئه‌ندامێكی وه‌ك (كارزان، فرمان، ئازاد، رێبوار) له كاره‌ساتێكی دڵته‌زێندا شه‌هیدبوون، ئه‌گه‌ر مه‌رگ رێگه‌ی بدانایه ئێستا له هونه‌رمه‌نده دیاره‌كان ده‌بوون. ئه‌مانه سه‌رجه‌میان ئه‌ندامی شانازی تیپ بوون، دواتر بوونه‌ته‌وه به ئه‌ندامی كارای (تیپی مۆسیقای سلێمانی).
حكومه‌تی به‌عس رێگری لێكردوون، به‌ڵام ئه‌مان هه‌ر به‌رده‌وام بوون
هه‌روه‌ها تیپ رۆڵی كارگه‌ری هه‌بووه له هاوكاریكردنی چالاكییه مۆسیقیه‌كانی ده‌زگا حكومییه‌كانی تری وه‌ك (چالاكی قوتابخانه‌كان) و (به‌شی هونه‌ری زانكۆی سلێمانی). گه‌لێك گۆرانی و به‌رهه‌می هونه‌ری سه‌ركه‌وتوویان تۆماركرد كه تائێستا به زیندوویی ماونه‌ته‌وه. پێویسته بوترێت زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌م تیپه (تیپی مۆسیقای شۆڕش) و (تیپی مۆسیقای شه‌هید كارزان)یان پێكهێناوه، له رۆژه سه‌خته‌كانی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا له هه‌موو روویه‌كه‌وه ئه‌ندامه‌كانی له‌ناو شۆڕشه‌كاندا به هونه‌رو پێشمه‌رگایه‌تی به‌شداریان كردووه. له ساڵی (1975) به‌دواوه زۆر له ئه‌ندامانی ئه‌م تیپه له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه بۆ خوارووی عیراق دوورخراونه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چالاكییه‌كان به‌رده‌وام بووه، له دوای ساڵانی هه‌شتاوه ئه‌ندامانی ده‌كه‌ونه ژێر فشار‌و هه‌ڕه‌شه‌كانی رژێمی به‌عس له گرتن و ئازاردان و راونان، ته‌نانه‌ت له‌سێداره‌دانیش، وێنه‌ی شه‌هیدی نه‌مر (قادر كابان) هه‌ر له‌به‌رئه‌وه ماوه‌یه‌ك به سه‌رزاری چالاكییه‌كانی سست ده‌كات، به‌ڵام به نهێنی به‌رده‌وام ده‌بێت و زۆری كاره‌كان له ستۆدیۆی ژێرزه‌مینه‌كه‌ی (ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی)دا ته‌واو ده‌كران.
كاره‌كانیان له دڵ و ده‌روونی هه‌موواندایه
كات له‌دوای كات كاره هونه‌رییه‌كانی ئه‌م تیپه له گه‌شه‌دا بووه، به هه‌ستی هونه‌ریی به‌رزو به‌رپرسیارێتی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه كاری بۆ داهاتوو كردووه. له قۆناغی پێش راپه‌ڕیندا به‌تایبه‌تی له باشوری كوردستاندا به زه‌مه‌نی روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی سه‌ختی خه‌باتی هونه‌ری داده‌نرێت كه به‌رده‌وام له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی داگیركه‌رانی كوردستاندا كاركراوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به شانازییه‌وه له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌م تیپه به خۆڕاگری و هه‌ڵوێستی مه‌ردانه ماوه‌ته‌وه، له‌ڕووی هونه‌ریشه‌وه ئه‌و شاكاره هونه‌ریانه‌ی تۆماركردووه كه تائێستاش به‌زیندوویی له دڵ و ده‌روونی هه‌موواندا ماونه‌ته‌وه.
كاره‌كانیان له‌دوای راپه‌ڕین
له‌دوای راپه‌ڕینه جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی ساڵی (١٩٩١) و رزگاربوون له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی داگیركه‌ری حكومه‌تی به‌عسی عیراقی و هاتنه‌كایه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به گوڕوتینێكی نوێوه درێژه‌ی به كاره‌كانی دایه‌وه‌و پێینایه قۆناغێكی نوێی كاركردن، له‌ڕووی به‌رفراوانبوونی ژماره‌ی ئه‌ندامان و گه‌وره‌بوونی قه‌باره‌ی تیپه‌كه‌و زۆربوونی به‌رهه‌م و چالاكییه‌كان و ئاماده‌كاری بۆ به‌شداری سه‌رجه‌م بۆنه تایبه‌تی و نیشتمانییه‌كان (نه‌ورۆز، هه‌ڵه‌بجه، ئه‌نفال..هتد) و كاری تۆماركردن و ئاهه‌نگ و كۆنسێرته‌كان بۆ شانۆ‌و میدیاكان، به ستایلی جۆراوجۆر‌و له پاڵیشیدا پارێزگاریكردن له‌و رهسهنایهتییهی له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه یه‌كێك بووه له شێوازه هه‌ره گرنگه‌كانی كاركردنی. تیپه‌كه خاوه‌نی ستۆدیۆی تۆماركردنی خۆیه‌تی بۆ ماوه‌یه‌كیش په‌خشی رادیۆی كردووه به ناوی (رادیۆی به‌رنامه‌ی مۆسیقا). باره‌گاكه‌ی له سه‌نته‌ری شاری سلێمانی و له باڵه‌خانه‌كه‌ی (تۆفیق قه‌زاز)دایه. له ئێستاشدا باره‌گای ئیداری له‌ناو بینای رێكخراوی(CDO) دایه.
به‌شێكی ئه‌رشیفه‌كانیان به‌هۆی دژواری سه‌رده‌مه‌وه له‌ناوچوون
ئه‌گه‌رچی له‌ڕووی ئه‌رشیفكردن و تۆماركردنی به‌رهه‌مه‌كانی تیپه‌وه به‌پێی ساڵی پێشكه‌شكردن گه‌لێك كه‌موكورتی ده‌رده‌كه‌وێت و ناتوانرێت به‌وردی جیابكرێنه‌وه، دیاره ئه‌وه‌ش له‌به‌ر هۆكاری ئه‌و سه‌رده‌م و بارودۆخه‌ی پیایدا تێپه‌ڕیوه، زۆینه‌ی له‌ناوچوون، له‌لایه‌كی تره‌وه له‌به‌ر زۆری ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی پێشكه‌شكراون و نه‌بوونی ئامڕازه‌كانی تۆماركردن له‌كاتی خۆیدا، بووه‌ته هۆی له‌بیرچوونه‌وه‌و فه‌رامۆشكردن، بۆیه ئه‌وه‌نده‌ی له‌به‌رده‌ست و بیرهوهریدان هه‌وڵده‌درێت بخرێنه‌ڕوو، ئه‌گه‌رچی بڕێكی باش له فۆتۆكان بۆ خۆیان ده‌بنه زمانحاڵ و گه‌واهیده‌رێك بۆ به‌شێك له به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانی ئه‌م تیپه.
خه‌سڵه‌ته هه‌ره دیاره‌كانی:
* فێرگه‌یه‌كه بۆ هونه‌رو داهێنان.
* خانه‌یه‌كه بۆ به‌رز راگرتنی هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وایه‌تی.
* قوتابخانه‌یه‌كه بۆ په‌روه‌رده‌و فێربوونی دابونه‌ریتی به‌رزی كوردایه‌تی.
* گه‌نجینه‌و ئه‌رشیفێكی فراوانه بۆ پاراستنی ره‌سه‌نایه‌تی.
سەرچاوە: خاك
ئه‌م وێنانه‌ی خواره‌وه به‌شێكه له وێستگه‌و كار‌و چالاكییه‌كانی رابردوویان