ڕۆڵی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت له‌دروستكردنی‌ تاكی‌ لێهاتوو


  به‌شێوه‌یه‌كی‌ ساده‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت به‌هه‌موو ئه‌و ده‌زگاو كۆمپانیانه‌ ده‌گوترێت كه‌ موڵكایه‌تیان ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت. به‌ڵكو به‌سه‌ربه‌خۆ كارده‌كه‌ن‌و ئامانجی‌ سه‌ره‌كییان زۆرترین قازانجه‌. ئه‌وه‌ی‌ گرنگه‌ تا چه‌ند ئه‌م كه‌رته‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا چالاكه‌و بواری  كاركردنی‌ بۆ ڕه‌خسێنراوه‌. 

له‌وڵاتانی‌ پێشكه‌وتوودا زۆر له‌سێكته‌ره‌كانی‌ حكومه‌ت  به‌ڕێوه‌بردنی‌ دراوه‌ به‌كه‌رتی‌ تایبه‌ت. ڕۆڵی‌ كه‌رتی‌ گشتی‌ زۆر لاوازه‌، بۆیه‌ هیچ وڵاتێك پێش ناكه‌وێت ئه‌گه‌ر حكومه‌ت به‌ده‌زگایی‌ نه‌كرێت‌و نه‌درێت به‌كه‌رتی‌ تایبه‌ت. گرنگه‌ سود له‌ئه‌زموونی‌ ئه‌و وڵاتانه‌ وه‌ربگیرێت، ڕێگه‌ بۆ كۆمپانیاكان‌و كارگه‌كان‌و ده‌زگاو دامه‌زراوه‌كانی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت خۆش بكرێت‌و ئاسانكاریان بۆ بكرێت. هه‌موو ئه‌و ماف‌و ئیمتیازاتانه‌ی‌ كه‌ له‌كه‌رتی‌ گشتیدا هه‌یه‌ به‌هه‌مانشێوه‌ له‌كه‌رتی‌ تایبه‌تیشدا دابنرێت. 

لاوازی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت له‌وڵاتانی‌ داوكه‌توو وای‌ كردووه‌ خه‌ڵكی‌ زۆر تامه‌زرۆی ده‌ستكه‌وتنی‌ هه‌لی‌ كار ده‌كه‌ن له‌كه‌رتی‌ گشتیدا، به‌هۆی‌ بوونی‌ ئه‌و ئۆفه‌ره‌ زۆرانه‌ی‌ كه‌ له‌م كه‌رته‌دا ئاماده‌ییان هه‌یه‌. له‌كوردستانیشدا به‌هه‌مان میتۆدی وڵاته‌ نه‌وتیه‌ دواكه‌وتووه‌كان ده‌ستی‌ كارێكی‌ زۆرو بێ‌ به‌رهه‌م ئاخنراوه‌ته‌ كه‌رتی‌ گشتیه‌وه‌. به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ به‌رهه‌مێكیان هه‌بێت. له‌ڕاستیدا ته‌مه‌ڵخانه‌یه‌كی‌  گه‌وره‌ دروستكراوه‌. 

كارمه‌نده‌كانی‌ بێ‌ ئاگان، ته‌مه‌ڵن، به‌كارهێنراون، ته‌نها ئامرازن. ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی به‌رهه‌می‌ كه‌رتی‌ گشتین له‌ڕووی‌ تواناوه‌ زۆر لاوازن، چون مرۆڤ له‌فه‌زایه‌كی‌ وادا ئه‌بێت به‌و ماشێنه‌ی‌ كه‌ بۆ  ئامانجێكی‌ تایبه‌تی‌ لایه‌نێ‌ به‌كارده‌هێنرێت. ئه‌و ناتوانێت خۆی‌ بێت به‌ڵكو ده‌بێت ئه‌و بیت. به‌خواستی‌ ئه‌و دامه‌زراوه‌ی‌ مووچه‌ت دواده‌خات، ده‌یكاته‌ نیو مووچه‌..هتد. 

به‌ڵام له‌به‌ر كه‌می‌ كاركردن‌و زۆری به‌تاڵه‌ تاك بڕیارده‌دات له‌ژێر هه‌یمه‌نه‌ی‌ حكومه‌تدا بێت، ئه‌و كاته‌ ئه‌م ڕه‌فتارانه‌ شتێكی‌ نۆرماڵه‌. باروودۆخێك هێنراوه‌ته‌ ئاراوه‌ كه‌ تۆ ناتوانیت جگه‌ له‌و ژینگه‌یه‌ی‌ كه‌ كه‌رتی‌ گشتی‌ به‌ڕێوه‌ی‌ ده‌بات. بڕیارێكی‌ تر بده‌یت، هیچ ئه‌ڵته‌رناتیڤێك نیه‌. بۆچی‌؟ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ئه‌و جوگرافیایه‌ له‌هه‌لی‌ كار كه‌ له‌كوردستاندا ڕه‌خسێنراوه‌، كه‌رتی‌ تایبه‌ت به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان غائیبه‌ یاخود زۆر كه‌مه‌، ئه‌و  جیاوازیه‌ی‌ له‌نێوان كه‌رتی‌ گشتی‌‌و تایبه‌تیدا هه‌یه‌ له‌ڕووی‌ كه‌می‌ كاركردن‌و پشوو خزمه‌ت‌و خانه‌نشینی‌‌و وه‌رگرتنی‌ قه‌رزو زه‌وی‌‌و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌كه‌رتی‌ تایبه‌تدا نیه‌. 

سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ش له‌كوردستاندا ده‌ستكه‌وتنی‌ هه‌لی‌ كار له‌كه‌رتی‌ تایبه‌تدا زۆر ئاسان نیه‌، چونكه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ كارمه‌ند له‌سه‌ر بنه‌مای‌ لێهاتووییه‌و به‌شێوه‌ی‌ سیڤی‌ ده‌ستی‌ كار هه‌ڵده‌بژێردرێت. 

بۆیه‌ كێشه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ كه‌رتی‌ حكومی‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ كارمه‌ند له‌سه‌ر بنه‌مای‌ توانای‌ كه‌سه‌كان نیه‌، به‌ڵكو زیاتر به‌شێوه‌ی‌ هه‌ڕه‌مه‌كیه‌. له‌كوردستاندا تاك له‌توانا خراوه‌. كاتێك كه‌ لێهاتوویی‌ نه‌بوو به‌تۆپ له‌دیاری‌ كردنی‌ ده‌ستی‌ كاردا، ئه‌وا هه‌وڵدان‌و شاره‌زایی‌‌و خۆپێگه‌یاندن له‌كارده‌خرێت. بۆیه‌ له‌كۆمه‌ڵگه‌ دواكه‌وتووه‌كاندا مه‌هاره‌ به‌های‌ نیه‌. مرۆڤ هه‌موو توانای‌ خۆی‌ خسته‌گه‌ڕو بوو به‌خاوه‌ن بڕوانامه‌ی‌ به‌رزو شاره‌زای‌ زمان كه‌ فه‌زایه‌ك نه‌بوو بیخاته‌گه‌ڕ، چیتر هه‌وڵدان‌و لێهاتووی‌ نابێت به‌پره‌ینسیپی‌ ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌.  

دیمۆكراسی‌ كاتێك دێته‌ ئاراوه‌ كه‌ خه‌ڵكی‌ داره‌ده‌ستی‌ حكومه‌ت نه‌بێت، به‌ڵام كاتێك كه‌رتی‌ تایبه‌ت چالاك بوو ئه‌وكاته‌ ڕۆڵی‌ زۆر گرنگی‌ هه‌یه‌ له‌دروستكردنی‌ كۆمه‌ڵگایه‌ك كه‌ تیایدا چینی‌ ناوه‌ڕاست باڵاده‌ست بێت، ئه‌م چینه‌ش كاتێك به‌هێز ده‌بێت كه‌ كۆمپانیاكانی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت بتوانن ببن به‌كۆڵه‌كه‌یه‌ك كه‌ پاش نه‌مانیان مانای‌ نه‌مانی‌ حكومه‌ت بێت.

له‌ئه‌زموونی‌ ئه‌و سێكته‌رانه‌ی‌ كه‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت به‌ڕێوه‌یان ده‌بات بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ تا چه‌ند سه‌ركه‌وتوو بووه‌، بڕوانه‌ زانكۆ ئه‌هلیه‌كان كه‌سانی‌ كارامه‌تر له‌زانكۆ حكومیه‌كان ده‌خه‌نه‌ بازاڕی‌ كاره‌وه‌.  بڕوانه‌ كاتێك سوته‌مه‌نی‌ درایه‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت كێشه‌ی‌ سوته‌مه‌نی‌ چاره‌سه‌ر كرا. له‌مه‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی‌ ده‌بێت زۆر له‌سێكته‌ره‌ خزمه‌تگوزاریه‌كان له‌ژێر هه‌ژموونی‌ كه‌رتی‌ حكومی‌ ده‌ربهێنرێت، ئه‌وكات چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.
 
هاوار حسێن سۆفی – گۆڤاری بازرگانی‌و پیشەسازی