بازرگانانی سلێمانی و پاکستان پەیوەندیەکانیان بەهێز دەکەن


بەمەبەستی بەھێزکردنی پەیوەندیە بازرگانیەکان لەنێوان سلێمانی و پاکستاندا شاندێکی بازرگانی پاکستان سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیان کرد.

یاسین ڕەحیم فەرەج جێگری یەکەمی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و نەوزاد غەفور جێگری دووەمی سەرۆک و عوسمان فەتاح و بەختیار مەحمود و عەتا ڕەجەب ئەندامانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی پێشوازیان کرد لە شاندی بازرگانی پاکستان.

یاسین ڕەحیم لە کۆبونەوەکەدا ڕایگەیاند” خۆشحاڵبوین بەسەردانکردنتان بۆ شاری سلێمانی، ئێمە کاری تەواومان کردووە بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان بازرگانانی ھەردولادا تا ئەمڕۆ لەم کۆبونەوەیەماندا بازرگانانی ھەردولا یەکتر بناسن و کاری ھاوبەش بکەن”.

ڕاشیگەیاند” ھەرێمی کوردستان بەھۆی پشتبەستن بە داھاتی نەوت لەماوەی ڕابردودا توشی قەیرانی دارایی بوو بەھۆی دابەزینی نرخی نەوت کەئەمەش بووە ھۆی کرمبونەوەی داھات و دروستبونی قیرانی ئابوری وە حکومەتی عێراقیش بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستانی بڕی بەمەش ھەرێمی کوردستان کەوتە قەیرانێکی گەورەی ئابوری بەڵام لە ئێستادا خەریکە ڕەوشەکە بەرەو باشی دەڕوات و حکومەت تەنھا پشت بەکەرتی نەوت نەبەستێت و ھەوڵ بۆ سێکتەرەکانی دەستکەوتنی داھات بکات لە بوارەکانی کشتوکاڵ و گەشتو گوزار و کشتوکاڵدا”.

ئاماژەی بەوەشدا” ڕاستە عێراق لە جەنگی دژ بە تیرۆرستانی داعشە بەڵام ھەرێمی کوردستان لەڕوی ئاسایشەوە زۆر پارێزراوە بازرگانانی پاکستان دەتوانن بێنە کوردستان کاری بازرگانی بکەن”.

سەرۆکی ئەنجەمەنی باڵای بازرگانی پاکستان لە عێراق ڕایگەیاند” ئێمە بۆ یەکەمجارە دێینە سلێمانی وە خۆشحاڵین بەوەی بتوانین کاری بازرگانی لەنێوان ھەردولادا دروستبێت وە ھەمو ھەوڵێک و کار ئاسانیەک دەکین بۆ بازرگانان کە داوای فیزەی وڵاتەکەمان دەکەن بەومەرجەی پشتوانی ژوورە بازرگانیەکانی پێ بێت”.

شاندەکەی ووڵاتی پاکستان پێکھاتبون لە بازرگانانی برنج و قوماش و پێداویستی تەندروستی و کەلوپەلی وەرزشی و سەوزەو میوەی ئامادەکراو.