مەسعود بارزانی ڕۆژی شەممە بەشداری لەیەكەم ڕۆژی كۆڕبەندی جیهانی لەدەریای مردووی ئوردن كردو لەو كۆڕبەندەدا ژمارەیەكی زۆری كەسایەتی سیاسیو ئابووری جیهانو بەرپرسانی وڵاتان بەشداربوون.
هەر لەپەراوێزی كۆڕبەندەكەدا مەسعود بارزانی لەگەڵ فواد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق كۆبووەوە، لەدیدارەكەدا شەڕی داعش لەموسڵو ناوچەكانی تری عێراقو قۆناغی دوای داعشو بابەتی ئاوارەكان، هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا تاوتوێكرا، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوی سەرۆكایەتی هەرێم.
هەر بەپێی راگەیەنراوەكە دوای ئەم دیدارەو پەراوێزی كۆڕبەندەكە بارزانی لەگەڵ بۆڕگ برێند وەزیری دەرەوەی نەروێژ كۆبووەوەو لەو كۆبوونەوەیەدا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستانو نەروێژ تاوتوێكرا، هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر دوایین پێشڤەچوونەكانی شەڕی دژی داعشو قۆناغی دوای داعش لەعێراق، لەگەڵ تاوتوێكردنی بارودۆخی ئاوارەو پەنابەران.
بارزانی لەدرێژەی دیدارەكانی لە پەراوێزی كۆڕبەندەكەدا لەگەڵ كڵاوس شواپ سەرۆكی كۆڕبەندی ئابووری جیهانی كۆبووەوەو لەدیدارەكەدا سەرۆكی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە بەشداربوونی بارزانی لەكۆڕبەندەكە، هەروەها لەوتەیەكدا پێزانینی بۆ هەڵوێستی خەڵكی كوردستان هەبوو لەحەواندنەوەو پێشوازیكردن لەئاوارەو پەنابەرانو ڕۆڵی پێشمەرگەیشی لەتێكشكاندنی داعش بەرز نرخاندو جەختی لەوە كردەوە پێشمەرگە بەچەكو ئیمكانیاتی سنووردار توانی خۆڕاگر بێت و لە جیاتی جیهان شەڕی تیرۆر بكاتو لەو شەڕەیشدا سەركەوت.
دوای ئەو دیدارە و لە هەمان ڕۆژدا بارزانی لەگەڵ بڕێت كۆندێرس وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا كۆبووەوەو لەكۆبوونەوەكەدا وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا خۆشحاڵیی خۆی بە بەرپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان نیشاندا و ئەوەیشی ڕاگەیاند “هۆڵەندا پابەندی گەشەپێدانی پەیوەندییەكانە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بە تایبەت لەبواری وزە و كشتوكاڵ و ئاو”.
لەبەرانبەردا بارزانی پێشوازی كرد لە بەرەوپێشڤەچوونی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و هۆڵەندا و هیوای خواست ئەو پەیوەندییانە لەبواری وزە و كشتوكاڵدا پەرەی زیاتر بستێنێت.
هەر لەم دیدارەدا بارودۆخی سیاسی هەرێم و قەیرانی ئاوارە و پەنابەران و شەڕی داعش تاوتوێ كرا و بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە شكستی سەربازیی داعش لە موسڵ بە مانای كۆتایهاتنی هزری تیرۆر نییە و پێویستە بە جوهدێكی هەمەلایەنەی جیهانی هۆكارەكانی سەرهەڵدان و گەشەی تیرۆر نەهێڵدرێن.
هەر لەپەراوێزی كۆڕبەندەكەدا بارزانی لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەندامانی گەنجی ڕێكخراوی جیهانیی گڵۆباڵ شێپێڕز كۆبۆوە كە ڕێكخراوێكی جیهانییە لە گەنجە هەڵكەوتوو و نوخبەكانی سەرانسەری جیهان پێكهاتووە.
ئەم شاندەی ڕێكخراوی جیهانیی گڵۆباڵ شێپێڕز مەبەستیان بوو كە لەبارەی دۆخی كوردستان و سەربەخۆیی و ڕیفڕاندۆم تێڕوانینی بارزانی لە نزیكەوە بزانن و سەرۆك بارزانیش پوختەیەكی لە مێژووی گەلی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و پێشێلبوونی شەراكەت و ئەو نەهامەتیانە خستەڕوو كە لە لایەن حكوومەتەكانی عێراقیدا بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە.
بارزانی لە درێژەی وتەكەیدا ئەو هۆكارانەی بەوردی باس كرد كە هانی گەلی كوردستانی داوە بڕیار لە سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم بدەن.