لەکاتی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرمادا پێدانی کارەبا بەهاوڵاتیان کەمدەبێتەوە


وه‌زاره‌تی‌ كاره‌با له‌باره‌ی‌ كه‌مبونه‌وه‌ی‌ كاره‌بای‌ نیشتیمانی‌ ڕونكردنه‌وه‌ ده‌دات و به‌رپرسێكی‌ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ش هۆكاره‌كه‌ی‌ ئاشكراده‌كات و ڕایده‌گه‌یه‌نێت”له‌دوو ڕۆژی‌ داهاتودا كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ گرنگ له‌سه‌ر دۆخی‌ كاره‌با ده‌كرێت”.

ئه‌ندازیار ئومێد محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری كۆنترۆڵی كاره‌بای هه‌رێم ڕاگه‌یاند”له‌داهاتودا به‌هۆی‌ به‌رزبونه‌وه‌ی‌ پله‌كانی‌ گه‌رما خواست له‌سه‌ر به‌كارهێنانی‌ كاره‌با زیاد ده‌كات، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی‌ كه‌مبونه‌وه‌ی‌ كاره‌بای‌ نیشتیمانی‌”.

وتیشی‌”تا دوێنێ 20ی‌ ئایار توانراوه‌ (12 بۆ 13) كاتژمێر كاره‌بای‌ نیشتیمانی‌ به‌هاوڵاتیان بدرێت، به‌ڵام چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌هۆی‌ به‌رزبونه‌وه‌ی‌  خواسته‌وه‌، ئه‌و بڕه‌ كه‌مبێته‌وه‌ بۆ  نزیكه‌ی‌ 11 كاتژمێر، چونكه‌ بڕی‌ به‌رهه‌مهێنان  زیادناكات و ئێستاش توانای‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ بڕی‌ دوو هه‌زارو 400 مێگاوات كاره‌بامان هه‌یه‌”.

سه‌باره‌ت به‌كاته‌كانی‌ كاره‌با له‌مانگی‌ ڕه‌مه‌زاندا به‌ڕێوه‌به‌ری‌ كۆنترۆڵی‌ كاره‌بای‌ هه‌رێم ئاشكرایكرد، له‌دوو ڕۆژی‌ داهاتودا كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ گرنگ له‌باره‌ی‌ دۆخی‌ كاره‌با ئه‌نجامده‌درێت و بڕیاری‌ نوێ له‌باره‌ی‌ كاره‌بای‌ نیشتیمانیه‌وه‌ ده‌درێت، “چونكه‌ مه‌ترسی‌ هه‌یه‌ له‌ڕه‌مه‌زاندا كه‌متریش بێته‌وه‌”.