“18 یه‌كتربڕ له‌خۆده‌گرێت” پڕۆژه‌ی‌ شه‌قامی‌ سه‌دمه‌تری‌ سلێمانی ده‌ستیپێده‌كرێت ‌

سه‌رۆكایه‌تی‌ شاره‌وانی‌ سلێمانی‌، پرۆژه‌ی‌ شه‌قامی‌ سه‌دمه‌تری‌ بۆ شاری‌ سلێمانی‌ جێبه‌جێ ده‌كات، به‌وته‌ی‌ به‌رپرسی‌ پلاندانان له‌شاره‌وانی‌ سلێمانی‌، دیزاینی‌ شه‌قامه‌كه‌ ته‌واوكراوه‌‌و له‌ساڵی‌ ئاینده‌دا ده‌ست به‌جێبه‌جێكردنی‌ ده‌كرێت، پڕۆژه‌كه‌ش جگه‌ له‌دروستكردنی‌ شه‌قامێكی‌ سه‌دمه‌تری‌ چه‌ندین خزمه‌تگوزاریی‌ پردو یه‌كتربڕو پرۆژه‌ی‌ بازرگانیی‌ دیكه‌ش له‌خۆ ده‌گرێت.
ئه‌ندازیار ئازاد ره‌سوڵ لێپرسراوی‌ ناوه‌ندی‌ نه‌خشه‌دانان له‌سه‌رۆكایه‌تی‌ شاره‌وانی‌ سلێمانی‌ سه‌باره‌ت به‌چۆنیه‌تی‌ جێبه‌جێكردن‌و ته‌رخانكردنی‌ بودجه‌ی‌ پرۆژه‌كه‌‌و ئه‌و خزمه‌تگوزاریانه‌ی‌ تیایدا ئه‌نجامده‌درێت بە كوردستانی‌ نوێ‌ ،ی ڕاگەیاندوە‌: به‌سه‌رپه‌رشی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ شاره‌وانی‌ سلێمانی‌‌و له‌سه‌ر بودجه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران پرۆژه‌ی‌ دروستكردنی‌ شه‌قامی‌ سه‌دمه‌تری‌ جێبه‌جێ‌ ده‌كرێت، كه‌ به‌م نزیكانه‌ پرۆژه‌كه‌ راده‌گه‌یه‌نرێت، وه‌كو قۆناغی‌ یه‌كه‌م ده‌ستده‌كرێت به‌دروستكردنی‌ شه‌قامی‌ سه‌دمه‌تری‌ كه‌پێداویستییه‌كه‌ی‌ له‌وه‌وه‌ دێت سه‌رجه‌م ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ تایبه‌تی‌‌و بارهه‌ڵگرانه‌ی‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت به‌ره‌و سنووره‌كان بڕۆن، به‌و شه‌قامه‌دا تێپه‌ڕده‌بن‌و نایه‌نه‌ ناو شاری‌ سلێمانییه‌وه‌. 
ئۆتۆمبێلی‌ تێدا ناوه‌ستێ
لێپرسراوی‌ ناوه‌ندی‌ نه‌خشه‌دانان باسی‌ له‌وه‌شكرد، پرۆژه‌ی‌ شه‌قامی‌ سه‌دمه‌تری‌، له‌یه‌كتربڕی‌ تاسلوجه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات‌و به‌به‌كره‌جۆ‌و فرۆكه‌خانه‌و ناوچه‌ی‌ تانجه‌رۆدا تێپه‌ڕده‌بێت‌و ده‌چێته‌وه‌ ده‌مركان، به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ پرۆژه‌كه‌ به‌هه‌مانێشوه‌ به‌پانی‌ سه‌دمه‌تره‌، له‌ كه‌ڵه‌وانانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات تا قوله‌ره‌یسی‌، پاشان به‌یه‌كتربڕێك جیاده‌كرێته‌وه‌ بۆ شه‌ستمتری‌‌و ده‌چێته‌وه‌ هه‌واری‌ شار تاده‌گاته‌ تونیلی‌ (پێشڕه‌و)، له‌هه‌مانكاتدا به‌نۆ شه‌قامه‌وه‌ ده‌به‌سترێته‌وه‌‌و له‌گه‌ڵ جاده‌ی‌ سلێمانی‌ تاسلوجه‌و دواتریش له‌گه‌ڵ شه‌قامی‌ شه‌ستمه‌تریی كۆن یه‌كده‌گرێته‌وه‌.
ئه‌ندازیار ئازاد ره‌سوڵ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا، كۆی‌ درێژی‌ شه‌قامه‌ سه‌دمه‌ترییه‌كه‌ 41 كیلۆمه‌تره‌‌و له‌گه‌ڵ شه‌قامی‌ شه‌ستمه‌تری‌‌و 40 مه‌تریدا ده‌به‌سترێنه‌وه‌ به‌ شه‌قامی‌ سلێمانی‌ تاسلوجه‌وه‌، ئه‌ویش به‌یه‌كتربڕی‌ دووئاستی‌‌و سێ ئاستی‌، به‌نموونه‌ وه‌ك پردی‌ خه‌سره‌وخاڵ، به‌گشتیی‌ 18 یه‌كتربڕی‌ جیاوازی‌ تێده‌كه‌وێت بۆ به‌سته‌وه‌ی‌ شه‌قامه‌كان، تاوه‌كو ئوتومبێلی‌ تیادا نه‌وه‌ستێت، جگه‌ له‌وه‌ 11 پردی‌ تێدایه‌، كۆی‌ گشتیی درێژیی‌ هه‌موو شه‌قامه‌كانی‌ به‌یه‌كه‌وه‌ 146 كیلۆمه‌تره‌‌و پڕۆژه‌كه‌ش ده‌درێته‌ كۆمپانیایه‌كی‌ پێشكه‌وتووی‌ جیهانی‌.
ده‌وره‌كه‌ی‌ په‌رژین ده‌كرێت
سه‌رپه‌رشتیاری‌ به‌شی‌ پلاندان له‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ شاره‌وانی‌ سلێمانی‌ ئاشكراشیكرد، جگه‌ له‌جێبه‌جێكردنی‌ شه‌قامی‌ سه‌دمه‌تری‌، پرۆژه‌ی‌ دروستكردنی‌ سكه‌ی‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر هه‌یه‌، به‌بڕی‌ پێنج ملیار دۆلارو حكومه‌تی‌ ناوه‌ندیی‌ به‌ئه‌نجامی‌ ده‌گه‌یه‌نێت، سكه‌ی‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ری‌ به‌غدا به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ كه‌ركووكه‌وه‌‌و له‌وێوه‌ راده‌كێشرێت بۆ سلێمانی‌ تاده‌گاته‌ ناوچه‌ی‌ پێنجوێن‌و ناوچه‌ سنوورییه‌كان. 
ئازاد ره‌سوڵ باسی‌ له‌وه‌شكرد، ئه‌مبه‌راوبه‌ری‌ شه‌قامه‌ سه‌دمه‌ترییه‌كه‌ په‌رژینی‌ بۆده‌كرێت به‌ دووری‌ 100 مه‌تر واته‌ به‌پانی‌ 200 مه‌تر په‌رژین، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ خێرایی‌ رێپێدراو بۆ ئۆتومبیل له‌شه‌قامه‌كه‌دا 120 كیلمه‌تره‌ له‌سه‌عاتێكدا، بۆیه‌ نابێت یه‌كتر بڕی‌ راسته‌وخۆی‌ تێدا دوست بكرێت، ناشبێت ئاژه‌ڵ‌و پیاده‌ش بێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كه‌، هه‌روه‌ها له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌و ناوچانه‌ گوندنشینن‌و كشتوكاڵ‌و ئاژه‌ڵداری‌ ده‌كه‌ن، بۆ په‌ڕینه‌وه‌ی‌ ئاژه‌ڵ به‌درێژایی شه‌قامه‌كه‌ 11 پرد دانراوه‌، ته‌نانه‌ت بۆ په‌ڕینه‌وه‌ی‌ پیاده‌و هه‌ندێك له‌ئامێره‌ كشتوكاڵییه‌كان به‌كاردێت.
ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد دروستكردنی‌ شه‌قامی‌ سه‌دمه‌تری‌ بۆ به‌شی‌ سه‌ره‌وه‌ی‌ شاری‌ سلێمانی‌ دیزاینی‌ بۆ كراوه‌، به‌ڵام ئێستا ته‌نها به‌شی‌ خواره‌وه‌ واته‌ تاسلوجه‌ – عه‌ربه‌ت جێبه‌جێ‌ ده‌كرێت.
به‌كارهێنانی‌ 
سیستمی‌ هاتوچۆی‌ زیره‌ك
سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامدانی‌ پرۆژه‌‌و خزمه‌تگوزاریی‌ دیكه‌ی‌ تایبه‌ت به‌و ناوچه‌یه‌، سه‌رپه‌رشتیاری‌ به‌شی‌ پلاندانان، ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو، ناوچه‌ی‌ سه‌وزایی‌و سیستمی‌ ئاودێریی‌ بۆ ده‌كرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ شه‌قامه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ شار، بۆیه‌ سیستمی‌ (its)مان داناوه‌ واته‌ سیستمی‌ هاتوچۆی‌ زیره‌ك بۆ به‌ڕێوه‌بردنی‌ شه‌قامه‌كه‌، هه‌روه‌ها سیستمی‌ رادیۆیی تیادا به‌كاردێت، تا بتوانرێت له‌ڕێگه‌ی‌ رادیۆكه‌وه‌ ئاگاداری‌ بدرێته‌ شۆفێران ئه‌كه‌ر له‌ شوێنێكدا روداوێك هه‌بوو، تاپێی‌ بوترێت له‌چ شه‌قامێكه‌وه‌ بڕوات، كه‌ ئه‌مه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئه‌لكترۆنی‌ داده‌نرێت، جگه‌ له‌وه‌ دوو پاركی‌ ئوتومبێل‌و دوو وێستگه‌ی‌ سووته‌مه‌نی‌ تێدایه‌، بڕیاریشه‌ ئوتێل‌و ریستۆرانتێك له‌خۆبگرێت، له‌هه‌ردوو به‌ری‌ سه‌دمه‌ترییه‌وه‌ پڕۆژه‌ی‌ بازرگانیی‌‌و نیشته‌جێبوونی‌ تیادا جێبه‌جێ‌ ده‌كرێت. 
به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ندین پرۆژه‌ی‌ خزمه‌تگوزاریی‌‌و بازرگانی‌ له‌ناوچه‌ی‌ شه‌قامی‌ سه‌دمه‌تری‌ جێبه‌جێ‌ ده‌كرێت، له‌باره‌ی‌ كاریگه‌رییه‌ ئابوورییه‌كانی‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌، ئامانج جه‌لال پسپۆڕی‌ ئابووری‌ مامۆستای‌ زانكۆ وتی‌: به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌, كه‌رتی‌ گواستنه‌وه‌ به‌هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه‌ به‌بنه‌مای‌ سه‌ره‌كی گه‌شه‌كردنی‌ ئابووری‌ نه‌ته‌وه‌یی داده‌نرێت‌و مه‌حاڵه‌ ئابووری‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ گه‌شه‌یه‌كی‌ هاوسه‌نگ له‌كه‌رته‌ جۆربه‌جۆره‌كاندا به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت به‌بێ‌ بوونی‌ كه‌رتێكی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ تۆكمه‌و پێشكه‌وتوو. یه‌كێك له‌هۆكاره‌ خنكێنه‌ره‌كانی‌ گه‌شه‌سه‌ندنی‌ ئابووری‌ به‌تایبه‌تی‌ له‌وڵاتانی‌ تازه‌پێگه‌یشتوودا، بریتییه‌ له‌نه‌بوون‌و لاوازیی‌ گواستنه‌وه‌‌و رێگاوبانی‌ پێویست, چونكه‌ كه‌رتی‌ گواستنه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ فراوانكردنی‌ بازاڕ‌و بازاڕكردن, زیادكردنی‌ به‌رهه‌مداریی‌ له‌ڕێگه‌ی‌ ئاسانكاریی‌ له‌به‌كارهێنانی‌ هه‌موو سه‌رچاوه‌ سروشتی‌‌و مرۆییه‌كان‌و چالاكردنی‌ بازرگانی‌ ناوخۆی‌‌و ده‌ره‌كی‌‌و جموجوڵه‌ ئابوورییكان له‌ناوچه‌ جیاوازه‌كاندا, چونكه‌ له‌گرنگترین كاریگه‌رییه‌كانی‌ بریتییه‌ له‌به‌ستنه‌وه‌ی‌ ناوچه‌كانی‌ به‌رهه‌مهێنان به‌بازاڕ‌و شوێنی‌ به‌كاربردنه‌وه‌.
فراوانبوونی‌ شار
ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا، بوونی‌ كه‌رتێكی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ پێش كه‌وتوو هه‌مه‌جۆر، واتا بوونی‌ تێچوویه‌كی‌ كه‌متر له‌سه‌ر شانی‌ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كان. هه‌ندێك له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان ئه‌وه‌یان ده‌رخستووه‌، كه‌كرێی‌ گواستنه‌وه‌ زیاتر 20%ی‌ كۆی‌ گشتیی‌ تێچووی‌ به‌رهه‌مهێنان پێك ده‌هینێت له‌وڵاتانی‌ هاوشێوه‌ی‌ عیراقدا، بۆیه‌ تاوه‌كو گواستنه‌وه‌ باشبێت ئه‌م تێچوونه‌ كه‌متر ده‌بێته‌وه‌.
ئه‌و پسپۆڕه‌ی‌ بواری‌ ئابوری‌ وتیشی‌: یه‌كێك له‌كێشه‌كانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ بریتیه‌ له‌كێشه‌ی‌ رێگاوبان, به‌هۆی‌ فراوانبوونی‌ شارو زیادبوونی‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوان‌و زۆربوونی‌ ئۆتۆمبێله‌وه‌، هه‌روه‌ها چڕبوونه‌وه‌ی‌ زۆرێك له‌چالاكییه‌ ئابووری‌‌و بازرگانییه‌كان له‌سنوورێكی‌ دیاریكراو‌و چه‌ند شه‌قامێكی‌ ئه‌م شاره‌دا، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كه‌ كێشه‌ی‌ هاتوچۆ‌و جوڵه‌ی‌ هاووڵاتیان كاریگه‌ریی‌ نێگه‌تیڤ له‌سه‌ر لایه‌نی‌ ئابووری‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ئه‌م شاره‌ به‌جێبهێڵێت، ته‌نانه‌ت تائه‌و راده‌یه‌ی‌ كاریگه‌ریی‌ خراپیشی‌ له‌سه‌ر كه‌رتێكی‌ وه‌كو گه‌شتیاریی‌ ئه‌م شاره‌ جێهێشتووه‌. جگه‌ له‌كاریگه‌رییه‌ نێگه‌تیڤه‌كانی‌ له‌ڕووی‌ ژینگه‌وه‌ كه‌ تێچووه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی‌ چه‌ند به‌رامبه‌ر زیادكردووه‌ له‌شه‌ر شانی‌ حكومه‌ت‌و هاووڵاتیان.
كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ تێچووی‌ به‌رهه‌م
بۆیه‌ دروستكردنی‌ هه‌ر رێگاو‌و شه‌قامێك, هه‌ر ئه‌نده‌رپاس‌و پردێك به‌ شێوه‌یه‌كی‌ گشتیی‌‌و به‌تایبه‌تیش شه‌قامی‌ سه‌دمه‌تری‌ كه‌ زیاتر مه‌به‌ستمانه‌، كاریگه‌ریی‌ گرنگی‌ ده‌بێت له‌ڕووی‌ ئابووری‌و له‌ڕووی‌ ژینگه‌‌و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه‌.
ئامانج جه‌لال باسی‌ له‌وه‌شكرد، له‌ڕووی‌ ئابورییه‌وه‌ ئه‌م شه‌قامه‌ ئاسنكارییه‌كی‌ زۆر ده‌كات بۆ بازرگان‌و پرۆژه‌كان كه‌ به‌كاتێكی‌ كه‌متر‌و به‌ئاسانی‌ پێداویستی‌‌و به‌رهه‌مه‌كانیان بگوازنه‌وه‌, جگه‌ له‌كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ تێچووی‌ به‌رهه‌م‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ كاتیش گرنگییه‌كی‌ زۆری‌ هه‌یه‌ بۆیان له‌ڕووی‌ ئابوورییه‌وه‌, هه‌روه‌ها كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ قه‌رباڵغی‌ به‌شێك له‌شه‌قامه‌كانی‌ ناوشار جگه‌له‌وه‌ی‌ رووداوی‌ ئۆتۆمبێل‌و مه‌ترسییه‌ گیانییه‌كان كه‌مده‌كاته‌وه‌‌و كاریگه‌ریشی‌ له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ به‌كاربردنی‌ به‌نزین‌و سووته‌مه‌نی‌ ده‌بێت، له‌ڕووی‌ ژینگه‌شه‌وه‌ سوودێكی‌ زۆری‌ ده‌بێت.
به‌ڵام له‌هه‌موو ئه‌مانه‌ گرنگتر به‌ ستنه‌وه‌ی‌ به‌شه‌ جیاوه‌زه‌كانی‌ شاره‌ به‌یه‌كتره‌وه‌, كه‌ ئاسانكارییه‌كی‌ زۆر ده‌كات له‌گه‌شیتنی‌ هاووڵاتیان به‌ پێداویسته‌كانیان‌و به‌جێگه‌یاندنی‌ ئه‌ركه‌كانیان به‌خێرای‌, سه‌رباری‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ش ده‌بێته‌ هۆی‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ به‌های‌ ئه‌و زه‌وی‌‌و شوێن‌و پرۆژه‌ نیشته‌جێبوونانه‌ی‌ كه‌ ده‌كه‌ونه‌ نزیك ئه‌م شه‌قامه‌ كه‌ئێستا تاڕاده‌یه‌ك به‌شێكی‌ دابڕاون له‌شار, هه‌روه‌ها زیادكردنی‌ رووبه‌رێكی‌ زۆریی زه‌وی‌ بۆبنیاتنانی‌ باڵه‌خانه‌ی‌ بازرگانی‌‌و ئوتێل‌و پڕۆژه‌ی‌ خزمه‌تگوزاریی‌و نیشته‌جێبوون له‌سه‌ر ئه‌م شه‌قامه‌ كه‌ تاڕاده‌یكی‌ باش رۆلیان ده‌بێت له‌گه‌شه‌سه‌ندن‌و چالاكردنی‌ ئابووری‌ ئه‌م شاره‌دا. چونكه‌ له‌ئێستا نه‌بوونی‌ زه‌وی‌ گونجاو یه‌كێكه‌ له‌گرفته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ به‌رده‌م پرۆسه‌ی‌ وه‌به‌رهێنان‌و به‌كارهێنانی ئه‌و زه‌ویانه‌یه‌.
پلانی‌ گشتیش پێویسته‌
بۆیه‌ بنیاتنانی‌ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ به‌ كوالێتییه‌كی‌ باش‌و به‌كاتێكی‌ كه‌م, خێراتر به‌شدار ده‌بێت له‌سوككردنی‌ ئه‌و كێشانه‌ی‌ كه‌ له‌ئه‌نجامی به‌رته‌سكیی‌ شه‌قام‌و زۆریی‌ ئۆتۆمبێل رووبه‌ڕووی‌ هاووڵاتی‌‌و چالاكییه‌ بازرگانی‌‌و ئابووریه‌كانی‌ ئه‌مشاره‌ بۆته‌وه‌. 
له‌باره‌ی‌ دانانی‌ پلانی‌ هاتوچۆ بۆ پرۆژه‌ی‌ شه‌قامی‌ سه‌دمه‌تری‌، كۆساڵان محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ئه‌ندازیاری‌ هاتوچۆی‌ سلێمانی‌ باس له‌وه‌ده‌كات، ئه‌و پرۆژه‌یه‌ گرنگییه‌كی‌ زۆری‌ بۆ شاری‌ سلێمانی‌ هه‌یه‌ كه‌ وه‌ك شه‌قامێكی‌ بازنه‌یی‌ ده‌وری‌ خۆی‌ ده‌بێت، به‌تایبه‌ت سه‌دمه‌تری‌ له‌نێوان تاسڵوجه‌و تانجه‌رۆ، به‌ڵام ئه‌مه‌ ته‌نها هۆكار نییه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ قه‌ره‌باڵغی‌ هاتوچۆی‌ ناوشار، ئه‌وه‌ی‌ كه‌ گرنگه‌ دانانی‌ پلانی‌ گشتییه‌ بۆ هاتوچۆ، كه‌ ئه‌ویش ئێستا له‌قۆناغی‌ ئاماده‌كرن‌و ته‌نده‌ریندایه‌، پلانه‌كه‌ش به‌شێكی‌ تایبه‌ته‌ به‌ رێكخستنه‌وه‌ی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ هێڵی‌ گشتیی‌، كه‌ پێویستییه‌كی‌ سه‌ره‌كییه‌ بۆ شار‌و له‌داهاتوودا كێشه‌ی‌ هاتوچۆ كه‌مده‌كاته‌وه‌،
به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ئه‌ندازیاری‌ هاتوچۆی‌ سلێمانی‌ وتیشی‌: به‌پێی‌ پلانێكی‌ تایبه‌تی‌ هاتوچۆ، شه‌قامی‌ سه‌دمه‌تری‌ رێكده‌خرێت‌و هه‌وڵه‌ده‌ین له‌دوای‌ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ نه‌هێڵرێت ئۆتۆمبێلی‌ بارهه‌ڵگری‌ شوێنه‌كانی‌ دیكه‌ بێته‌ ناو شاره‌وه‌.