قائیمقامی‌ سلێمانی‌ ئاماری‌ ساڵی‌ (2012)ی‌ ئاشكراده‌كات

له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ ڕۆژنامه‌وانیدا، كه‌ له‌دیوانی‌ قائیمقامیه‌ت به‌ڕێوه‌چوو، قائیمقامی‌ سلێمانی‌ ئاماری‌ ساڵی‌ (2012)ی‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی‌ ئاشكراكردو ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد، كه‌ناڵه‌كانی‌ ڕاگه‌یاندن ڕۆڵی‌ گه‌وره‌یان هه‌بووه‌ له‌كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ سه‌رپێچییه‌كان‌و سه‌رخستنی‌ كاری‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی‌ قائیمقامیه‌ت.
له‌كۆنگره‌كه‌دا، (ئاوات محه‌مه‌د) قائیمقامی‌ سلێمانی‌ بۆ كه‌ناڵه‌كانی‌ ڕاگه‌یاندن هێمای‌ به‌وه‌كرد، له‌ڕۆژی‌  (1-1-2012) تا (30-12-2012)، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان، (42) هه‌زارو (630) سه‌ردانیان له‌ناو شاری‌ سلێمانی‌ ئه‌نجامداوه‌و دوو هه‌زارو (879) پسوڵه‌ی‌ سه‌رپێچیان كردووه‌و (127) شوێنیشیان داخستووه‌و (41) كه‌سیشیان ڕووبه‌رووی‌ دادگا كردووه‌ته‌وه‌.
قائیمقامی‌ سلێمانی‌ وتیشی‌:”بڕی‌ كه‌ره‌سته‌ی‌ ده‌ستبه‌سه‌راگیراو، (108) تۆن‌و (250) كلیۆگرام كه‌ڕه‌سته‌ی‌ جۆراوجۆر بووه‌و (172) ملیۆن‌و (700) هه‌زار دینار غه‌رامه‌ی‌ سه‌رپێچیكاران كراوه‌”.
(ئاوات محه‌مه‌د) ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، له‌ئێستادا، به‌هۆی‌ زیادكردنی‌ سه‌ردانی‌ لیژنه‌كان سه‌رپێچییه‌كان كه‌میانكردووه‌و هاوڵاتیانیش به‌ڕێژه‌ی‌ (99%) پابه‌ندی‌ ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان ده‌بن‌و ڕاگه‌یاندنه‌كانیش ڕۆڵی‌ سه‌ره‌كیان هه‌بووه‌ له‌ده‌رخستنی‌ ڕاستیه‌كان‌و هۆشیاركردنه‌وه‌ی‌ هاوڵاتیان‌و پێشخستنی‌ كاری‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی‌ قائیمقامیه‌تی‌ سلێمانی‌.