ڕاپەڕین: یەكەمین سیمپۆزیۆمی زانستی لەبارەی كەرتی پیشەسازی ئەنجامدرا

زانكۆی ڕاپەڕین یەكەمین سیمپۆزیۆمی زانستی سەبارەت بە كەرتی پیشەسازی ئەنجامدا، كە ئامانج لێی بەهێزكردنی پەیوەندی نێوان كەرتی پیشەسازی‌و كەرتە ئابووریەكانی تر بوو، لەپێناو زیادكردنی بەرهەم‌و ڕەخساندنی هەلی كار لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین.

ڕێکخەرانی سیمنارەکە ڕایانگەیاند: بەلێکۆڵینەوە لە کەرستە خاوەکان و سروشت و دارامەتە جوگرافیەکانی ناوچەکە و دانیشتوان و هێزی کار و کۆمەڵێک درامەتی دیکە هەست دەکەین جۆرێک لە دواکەوتن و ناهاوسەنگی هەیە لە پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی و ئەو بنەمایانەی کە هەیە، لەم ڕوانگەیەوە هەوڵماندا کۆمەڵە سیمنارێک ڕێکبخەین بە بەشداریی مامۆستایانی زانکۆ و کۆمەلێک پسپۆڕ و شارەزایی دەرەکی.

بەشداربوانی سیمنارەکەش لەزانکۆ ڕاپەرین بە گرنگیەوە لە سیمنارەکە دەڕوانن و ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن گفتۆگۆکردن سەبارەت  کەرتی پیشەسازی لەلایەن کەسانی پسپۆڕ و شارەزاوە گرنگی زۆری هەیە بۆ ئەوەی کەرتی پیشەسازی بخرێتە خزمەتی گەشەکردنی وڵات و ئایندەیەکی رۆشنی لەسەر بنیاد بنرێت.

لە سیمپۆزیۆمی برەودان بە کەرتی پیشەسازی لە ئیدارەی ڕاپەرین رۆڵی کەرەستەی خاوی کشتوکالی و بنەماکانی پیشەسازی و پەیوەندی نێوان ژینگە و پرۆژە  پیشەسازیەکان و گەشەی پیشەسازی خۆراک و کاریگەری  پیشەسازی لەسەر پەرەپێدانی هەرێمی و رۆڵی بنەما جوگرافیەکان لە دابەشبوونی کارگەکان بەشیوازێکی زانستی گفتۆگۆیان لەبارەوە کرا.

لەکۆتای سیمپۆزیۆمەکەشدا ئەنجامەکان خرانەڕوو تاوەکو وەک نەخشە رێکاری داهاتوو بخرێنە خزمەت ئیدارەی راپەرین.