زیاتر لە دوو ساڵە نزیكەی دوو هەزار شوقە بۆ مامۆستایانی شاری سلێمانی دەرچووە، بەڵام بەهۆی خراپی دۆخی دارایی، مامۆستایان ناتوانن قیستی مانگانە بدەن، بانكی نیشتەجێبوونیش دەڵێت، ناتوانین سزای ئەو كەسانە بدەین كە پارەی مانگانە نادەن.
ئەمڕۆ سێشەم 16ی ئایار/مایۆ، یاسین حوسێن بەڕێوەبەری بانكی نیشتەجێبوونی سلێمانی ڕاگەیاند، ئەوانەی بەشدارییان لە یەكەی نیشتەجێبوون كردووە، بەپێی ئەو گرێبەستەی لە نێوان ئەوان و هاووڵاتییەكە هەیە، بە گوێرەی یاسا ئەگەر لە چوار مانگ تێپەڕی و پارەی مانگانەی نەدا، دەبێت بدرێتە دادگا، بەڵام ئێمە ڕەچاوی دۆخەكەمان كردووە و ئەوە ناكەین بەهۆی ئەو دۆخەوە.
زیاتر روونی دەكاتەوە، ئەگەر هاووڵاتییەك ساڵێكی تەواو كرد و پارەی مانگانەی نەدا، دەتوانین لە دادگا سكاڵای لەسەر تۆمار بكەین، زۆرن ئەو هاووڵاتییانەی قیستی مانگانەیان لە پێنج مانگەوە بۆ زیاتر لە یەك ساڵ دەبێت نەداوە، بەڵام چونكە هەر سكاڵا تۆماركردنێك بڕی 75 هەزار دیناری دەوێت لە كاتی تۆماركردن، ناتوانین ئەو كارە بكەین.
سەنگەر فایەق جێگری سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان ڕاگەیاند، لە ئێستەدا بەهۆی خراپی دۆخی دارایی، مامۆستایانی بەشداربوونی لە شوقەكانی شاری مامۆستایان لە سلێمانی ناتوانن قیستی مانگانە كە 300 دۆلارە بدەنە كۆمپانیاكە.
دووپاتی دەكاتەوە، كۆمپانیاكەیش ئەو دۆخەی لە بەرچاو گرتووە و دەزانێت لایەنی دارایی مامۆستایان باش نییە، پاڵەپەستۆی لە مامۆستایان نەكردووە، لەگەڵ ئەوەشدا نزیك بە %50 كارەكانی ئەو شوقانەی تەواو كردووە.
كۆمپانیای ڕەسەن كە پڕۆژەكە ئەنجام دەدات، لە مانگی تەمووزی 2015 دەستی كردووە بە دروستكردنی ئەو یەكانە و ماوەی تەواوبوونەكەی 50 مانگە، پێشەكی 10 هەزار دۆلاری لە مامۆستایان وەرگرتووە و كۆی شوقەكانیش نزیك بە دوو هەزار یەكەی نیشەجێبوون دەبێت، بڕی قیستی مانگانەش 300 دۆلارە بۆ بەشداربووانی ئەو شوقانە.