سلێمانی: منداڵان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان دوور ده‌خرێنه‌وه‌

 
ئه‌مڕۆ 16-5-2017 له‌ دیوانی قائیمقامیه‌تی قه‌زای ناوه‌ندی سلێمانی كۆبونه‌وه‌یه‌كی فراوان له‌ نێوان قائیمقام و چه‌ند ده‌زگایه‌كی په‌یوه‌ندیدار به‌ منداڵانی سه‌رشه‌قام به‌ڕێوه‌چوو، كۆبونه‌وه‌كه‌ بۆ قسه‌كردن بوو  له‌سه‌ر پرۆژه‌یه‌ك بۆ دوورخستنه‌وه‌ی منداڵانی سه‌رشه‌قام و له‌ داهاتویه‌كی نزیكشدا منداڵان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان نامێنن.

به‌مه‌به‌ستی قسه‌كردن له‌سه‌ر پرۆژه‌یه‌كی منداڵپارێزی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ نه‌هێشتنی منداڵانی سه‌رشه‌قام و كۆكردنه‌وه‌یان له‌ سه‌نته‌رێكی په‌روه‌رده‌یه‌یی، ئه‌مرۆ له‌ دیوانی قائیمقامیه‌ت كۆبونه‌وه‌یه‌كی فراوان به‌ڕێوه‌چوو، دوای كۆبونه‌وه‌كه‌ ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامی قه‌زای ناوه‌ندی سلێمانی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئاماژه‌ی به‌ ته‌وه‌ره‌كانی كۆبونه‌وه‌كه‌ كردو رایگه‌یاند ؛ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مرۆ به‌ ئاماده‌بوونی چه‌ند رێكخراوێك و منداڵپارێزی كوردستان بوو، كۆبونه‌وه‌كه‌ درێژه‌ پێده‌ری كۆبونه‌وه‌كانی تره‌ كه‌ له‌سه‌رده‌می سه‌ردار قادردا ئه‌نجاممان ده‌درا، وتیشی ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت  وه‌ك یه‌كه‌م تیم كار بكه‌ین تا ئه‌و منداڵانه‌ی به‌سه‌ر شه‌قامه‌كاندا وه‌ك بێ سه‌رپه‌رشتیار بڵاوبونه‌تووه‌ دووربخه‌ینه‌وه‌، كۆبونه‌وه‌كه‌ بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند كردنی پرۆژه‌كه‌ی منداڵپارێز بوو، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی باش مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت و بخرێنه‌ ئه‌و سه‌نته‌رێكی په‌روه‌رده‌كردن كه‌ منداڵپارێزی كوردستان به‌هاوكاری چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی دروستیان كردوه‌، تا منداڵه‌كان كه‌یس به‌ كه‌یس مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ین تا هه‌موان پێكه‌وه‌ ڕووبه‌رووی ئه‌و دیارده‌ ناشرینه‌ بكه‌ین،وتیشی  كۆبونه‌وه‌كه‌ زۆر باش بوو، له‌ داهاتوودا ده‌ست به‌ كاره‌كانمان ده‌كه‌ین و پرۆژه‌كه‌ ده‌خه‌ینه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌و كه‌سانه‌شی كه‌ به‌ناوی كاره‌وه‌ ده‌چنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و گومانی له‌شفرۆشیان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، ئاوات محه‌مه‌د وتی: كه‌یسی ئه‌مانه‌ جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ كه‌یسی منداڵه‌كان،  بێگومان ئه‌وانیش كاریان له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، وتیشی هه‌مووی ئه‌مانه‌  ئیشی هه‌مه‌لایه‌نه‌.

له‌ كۆتایشدا سه‌باره‌ت به‌ ده‌رئه‌نجامی كۆبونه‌وه‌كه‌ قائیمقامی قه‌زای ناوه‌ندی سلێمانی  وتی: ئه‌م كۆبونه‌وه‌یه‌ درێژكراوه‌ی كۆبونه‌وه‌كانی پێشوتره‌، كۆبونه‌وه‌كه‌ زیاتر بۆ قسه‌كردن بوو له‌سه‌ر پرۆژه‌كه‌ی منداڵپارێزی كوردستان و تا میكانیزمێك دابنێین بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كه‌، له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كه‌ ده‌كه‌ین.

وتیشی: له‌كاتی جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كه‌ رێكاری یاسایی دژ به‌ دایك و باوكی منداڵه‌كان ده‌رینه‌ به‌ر.