قائیمقامی سلێمانی بڕیاری لابردنی ئه‌و شوێنه‌ی ئاژه‌ڵ تیایدا به‌خێوده‌كرێت جێبه‌جێده‌كات


ئه‌و شوێنه‌ی ئاژه‌ڵ تیایدا به‌خێوده‌كرێت، به‌پێی رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان پێویسته‌ له‌ شوێنی نیشته‌جێبوونی مرۆڤ دووربێت تا مه‌ترسی بۆ سه‌ر ته‌ندروستی دانیشتوانی شارو ئه‌و هاووڵاتیانه‌ نه‌بێت كه‌ له‌ نزیكی ده‌ژین، به‌ڵام به‌شێك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی ناو سنوری ماسته‌رپلانی شاری سلێمانی خانی تێدا كراوه‌ته‌وه‌و بووه‌ته‌ هۆی بێزاری زۆری هاووڵاتیان به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ خانه‌كانه‌وه‌ نزیكن.

سه‌میره‌ محه‌مه‌د-ی 27 ساڵ كه‌ ژنی ماڵه‌وه‌یه‌و دانیشتووی یه‌كێك له‌و گه‌ڕه‌كانه‌یه‌و خاوه‌نی سێ منداڵه‌ وتی: ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ی تێیدا ده‌ژین خانی به‌خێوكردنی ئاژه‌ڵی تێدایه‌، هه‌روه‌ها خۆشحاڵی به‌ لابردنی خانی گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی نه‌شارده‌وه‌و وتی: له‌ خۆشی لابردنی گه‌وڕی گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان چووم دراوسێكه‌مانم ئاگاداركرده‌وه‌، بۆنی ناخۆش و مێشوله‌ خواردینی. وتیشی: خاوه‌نه‌كه‌ی ماڵی له‌ گه‌ڕه‌كێكی تره‌ به‌ڵام بۆ به‌خێوكردنی ئاژه‌ڵه‌كانی خانی له‌م گه‌ڕه‌كه‌دا دروست كردووه‌.

به‌پێی رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان پێویسته‌ شوێنی نیشته‌جێبوونی مرۆڤ له‌ خانه‌ی به‌خێوكردنی ئاژه‌ڵه‌وه‌ دووربێت كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ مه‌ترسی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی لێده‌كرێت.

دایكێك كه‌ خاوه‌نی دوو منداڵه‌ به‌ “توخوا ناوم مه‌هێنه‌” گله‌ییه‌كانی خۆی له‌ هه‌بوونی خانی به‌خێوكردنی ئاژه‌ڵ له‌ گه‌ڕه‌كه‌كه‌یاندا ده‌ربڕی، كه‌ چه‌ند مه‌ترێكی كه‌م له‌ ماڵه‌كه‌یه‌وه‌ دووره‌و وتی: خاوه‌ن گه‌وڕه‌كه‌ ته‌نها بیر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ده‌كاته‌وه‌، خه‌ڵكی ئه‌م گه‌ڕه‌كه‌ی به‌ بۆنی ناخۆش و پیسی و ده‌نگه‌ده‌نگی ئاژه‌ڵه‌كان هه‌راسان كردووه‌. ده‌رباره‌ی زیانی ته‌ندروستی بۆ سه‌ر دانیشتوانی گه‌ڕه‌ك و منداڵه‌كانی وتی: گه‌وڕه‌كان زیانی بۆ ته‌ندروستمان هه‌یه‌و به‌هۆیه‌وه‌ منداڵه‌كانم زوو زوو نه‌خۆش ده‌كه‌ون، گه‌ر خانه‌كان لانه‌برێن له‌ وه‌رزی گه‌رماو هاویندا ده‌بێت به‌ڕێی نه‌خۆشخانه‌وه‌ بین.

ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامی قه‌زای مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی فه‌رمانی لابردنی خانه‌كانی به‌خێوكردنی ئاژه‌ڵی بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنوری ماسته‌رپلانی شاری سلێمانی ده‌ركردووه‌و به‌شی خزمه‌تگوزاری شاره‌وانی سلێمانی به‌ هاوكاری لیوای یه‌كی پاراستنی سلێمانی بڕیاره‌كه‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.

رزگار ئه‌حمه‌د لێپرسراوی به‌شی خزمه‌تگوزاری له‌ شاره‌وانی سلێمانی وتی: بۆ نه‌مانی ئه‌و دیمه‌نه‌ ناشرینانه‌ له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانداو پاراستنی ته‌ندروستی هاووڵاتیان و پاكڕاگرتنی شه‌قام و كۆڵانه‌كان، قائیمقام بڕیاری بنه‌بڕكردنی خانی به‌خێوكردنی ئاژه‌ڵی بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنوری ماسته‌رپلانی سلێمانی داوه‌ كه‌ شاره‌وانی سلێمانی به‌ هاوكاری لیوای یه‌كی پاراستنی سلێمانی بڕیاره‌كه‌ جێبه‌جێ ده‌كات.

سه‌باره‌ت به‌ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ رزگار ئه‌حمه‌د وتی: خانه‌كان تێكده‌درێت و چه‌ند رۆژێك مۆڵه‌ت ده‌درێت به‌ خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كان كه‌ ئاژه‌ڵه‌كانیان ببه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوری ماسته‌رپلانی شاری سلێمانی، هه‌ر خاوه‌ن ئاژه‌ڵێك سه‌رپێچی بكات روبه‌ڕووی سزای یاسایی ده‌كه‌ینه‌وه‌.

ده‌رباره‌ی ماوه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ به‌رپرسی به‌شی خزمه‌تگوزاری شاره‌وانی وتی: هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ به‌ به‌رده‌وامی ئه‌نجام ده‌درێت و رێگه‌ به‌ هه‌بوونی خانی به‌خێوكردنی ئاژه‌ڵ له‌ سنوری ماسته‌رپلانی شاری سلێمانی نادرێت.