وه‌رگرتنی پاره‌ی گومرگ زیاد ده‌كرێت

به‌ڕێوه‌به‌ری كاروبارو یاسای گومركی له‌هه‌رێمی كوردستان ئاشكرایكرد، به‌مه‌به‌ستی بره‌ودان به‌به‌رهه‌می خۆماڵی، ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی له‌ناوخۆی كوردستاندا به‌رهه‌مده‌هێنرێن، ئه‌گه‌ر هاورده‌بكرێن بڕی پاره‌ی گومركی زیاتریان ده‌خرێته‌ سه‌ر، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌ڕێژه‌ی (5%) له‌نرخی كه‌لوپه‌ل‌و خوارده‌مه‌نییه‌كان گومرك وه‌رده‌گیرێت.
(قادر پیرۆت) به‌ڕێوه‌به‌ری كاروبارو یاسای گومركی له‌هه‌رێمی كوردستان به‌ NNA ڕاگه‌یاند، گومركه‌كان تاوه‌كو ئێستا به‌بڕیارێكی (پۆڵ بریمه‌ر) حاكمی پێشووی ئه‌مریكا له‌عێراق به‌ڕێوه‌ده‌برێن، به‌گوێره‌ی ئه‌و بڕیاره‌ش هه‌ر كه‌لوپه‌لێك‌و خوارده‌مه‌نییه‌ك هاورده‌ ده‌كرێت، بڕی (5%)ی نرخه‌كه‌ی وه‌رده‌گیرێت، جگه‌ له‌جگه‌ره‌ كه‌ گومركی (30%)یه‌، كۆمه‌ڵێك شتی دیكه‌ش كه‌ گومركییان له‌سه‌ر نییه‌.
به‌ڕێوه‌به‌ری كاروبارو یاسای گومركی له‌هه‌رێمی كوردستان ڕوونیكرده‌وه‌، به‌گوێره‌ی وه‌رزه‌كان له‌ڕێگه‌ی گومركه‌وه‌ ڕێگه‌نادرێت هاورده‌ی ئه‌و خوارده‌مه‌نیی‌و كه‌لوپه‌لانه‌ بكرێت كه‌ له‌ناوخۆیی وڵاته‌وه‌ دروست ده‌كرێن‌و به‌رهه‌مده‌هێنرێن، ئه‌ویش به‌ئامانجی بره‌ودان به‌به‌رهه‌می خۆماڵییه‌.