مۆزه‌خانه‌ی سلێمانی ڕێز له‌ كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی شاره‌كه‌ ده‌گرێت

 
هاوكات له‌گه‌ڵ ڕۆژی جیهانی مۆزه‌خانه‌، مۆزه‌خانه‌ی سلێمانی وه‌ك وه‌فایه‌ك ڕێز له‌ سه‌ربازێكی ونی كه‌لتووری شاره‌كه‌ ده‌گرێت.

هاشم حه‌مه‌ عه‌بدوڵڵا به‌ڕێوه‌به‌ری مۆزه‌خانه‌ی سلێمانی راگه‌یاند: به‌ بۆنه‌ی رۆژی جیهانی مۆزه‌خانه‌، مۆزه‌خانه‌ی سلێمانی سه‌عات 11 ی پێشنیوه‌ڕۆی ڕۆژی 18-5-2017 مه‌راسیمێك له‌ بینای مۆزه‌خانه‌ی سلێمانی ساز ده‌كات.

وتیشی: له‌و مه‌راسیمه‌دا وه‌ك وه‌فا و پێزانین بۆ هه‌وڵه‌كانی یه‌كێك له‌ كه‌سایه‌تییه‌كانی شاری سلێمانی كه‌ ساڵانێكه‌ وه‌ك سه‌ربازی ون خزمه‌ت به‌ كه‌لتوور و ئاسه‌وار و مێژوو و فه‌رهه‌نگی كورده‌واری ده‌كات رێزی لێده‌گرێت و خه‌ڵات ده‌كرێت.

به‌ڕێوه‌به‌ری مۆزه‌خانه‌ی سلێمانی وتیشی: ژماره‌یه‌ك له‌ فه‌رمانبه‌رانیش به‌هۆی زه‌حمه‌ت و هه‌وڵه‌كانیان خه‌ڵات ده‌كرێن.

جێی باسه‌ مۆزه‌خانه‌ی سلێمانی له‌ساڵی 1961 دامه‌زراوه‌ و یه‌كه‌مین به‌رێوه‌به‌ره‌كه‌شی ناوی ڕه‌فیق فه‌تحوڵڵا بووه‌.

به‌پێی راپۆرتی یونسكۆ مۆزه‌خانه‌ی سلێمانی له‌سه‌ر ئاستی عیراق دووه‌مه‌ و له‌سه‌رئاستی هه‌رێم یه‌كه‌مه‌، زۆربه‌ی ئاسه‌واره‌كانی بۆ مێژووی میزۆپۆتامیا و كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

كۆنترین ئاسه‌وار، ئاسه‌واری ده‌سته‌ پاچێكه‌ كه‌ له‌ناوچه‌ی چه‌مچه‌ماڵ دۆزراوه‌ته‌وه‌ و مێژووه‌كه‌ی بۆ 100 هه‌زار له‌مه‌وپێش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.




PUKmedia