دەرباز كۆسرەت رەسوڵ: تەواوكردنی پرۆژەكان پێویستی بە زیاتر لە ‌یەك ملیار و 400 ملیۆن دۆلار هەیە‌

 
 (دەرباز كۆسرەت رەسوڵ) وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنی هەرێم رایگەیاند، بەهۆی ئەو قەیرانەی بەرۆكی كوردستانی گرتووەتەوە زۆربەی پرۆژە سەرەكیەكانی وەزارەتەكەیان دواكەوتوون ئەوەش بۆتە هۆی دواكەوتنی پێدانی مافە داراییەكانی بەڵێندەرانی كە نزیكەی 200 ملیۆن دۆلارە.
 
لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ماڵپەری حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، ئاماژەی بەوەكردوە، كە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە لەكۆی 218 پرۆژەی سەرەكی تەنها 56ی تەواوكردووەو بەهۆی قەیرانیشەوە پرۆژەكان بەسستی كاریان تێدا دەكرێت. رونیشیكردوەتەوە، كە پرۆژەكانی وەزارەت پرۆژەی ژێرخان و گەورەن، وەك پرۆژەی رێگای هێڵی خێرا كە دروستكردنی كیلۆمەترێك لەو رێگا‌یە پێویستی بەنزیكەی سێ ملیۆن دۆلار هەیە.

وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنی هەرێم وتیشی، بۆ تەواوكردنی پرۆژەكانی رێگاوبان و نیشتەجێبوون كە 97 پرۆژەی ستراتیژین و تا ئێستا تەواو نەكراون، حكومەت پێویستی بە زیاتر لە ‌یەك ملیار و 400 ملیۆن دۆلار هەیە‌.

ئاماژەی بەوەشدا، حكومەتی هەرێم و‌وەزارەتەكەیان سوودمەند نەبوون‌لەو قەرزە سیادیانەی كە حكومەتی بەغدا بۆ دروستكردنی رێگاكان وەریگرتوون. 

(دەرباز كۆسرەت رەسوڵ)  ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەتەكەیان پرۆژەیەكی ئامادەكردووە كە هەندێ بەرێوەبەرایەتی بكرێن بەكۆمپانیای گشتی بۆ ئەوەی خۆیان بەرێوەببەن و خزمەتگوزاریی باشترپێشكەش بەهاوڵاتیان بكەن.