ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانیG7 کۆتاییپێهات کە بڕیارە لە 25 و26 ئەم مانگە بەڕێوەبچێت ، وەزیرانی دارایی G7 یش هۆشدارییاندا لە خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری جیهان ئەگەر بێت و هەنگاوی پێویست نەنێن، بەشێوەیەک کە ئابووری لە خزمەت هەموو کەسێکدابێت.
وەزیرانی داراییG7 داوایان لە ئەمریکاش کرد، کە بگەڕێتەوە بۆ ناو رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، کە بەهۆی سیاستەکانی ترەمپەوە مەترسی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێککەوتنانە درووستبووە. گەشەی گشتگیر مژاری سەرەکی دوو رۆژ کۆبوونەوەی وەزیرانی دارایی گرووپی حەوت وڵاتی پیشەسازی جیهان بوو لە شاری باری لە ئیتاڵیا کە لە راگەیاندنی کۆتایی کۆبوونەوەکانیاندا رەنگی دابووەوە.
پییەر کارلۆ پادۆن، وەزیری دارایی ئیتاڵیا دەڵێت: “بابەتەکانی ناو کۆبوونەوەی شاری باری کە من بە (مانیفستۆی باری) ناوی دەبەم ئەو سیاسەتە بنەڕەتییانەی داڕشت کە پێویستن بۆ بەدەستهێنانی گەشەی گەشتگیر و رووبەڕووبوونەوەی پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتی”. وەزیرانی دارایی گرووپی حەوت هەروەها داوای چڕکردنەوەی هەوڵەکانیان کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشە ئەلێکترۆنییەکان.
پەیامێک کە بە لەبەر چاوگرتنی هێرشە ئەلێکترۆنییەکەی رۆژی شەممە لەکاتی خۆیدا بڵاوکرایەوە. وەزیری دارایی ئیتالیا پێیوایە: “کاردانەوەکان بە هێرشی ئەلێکترۆنی رۆژێک پێش کووبوونەوەکە لە کاتی خۆیدا بوو. ئێمە هەوڵمانداوە بۆ هەموو لایەک بیسەلمێنین کە تاچەند ئەو رێگەچارانەی ئێمە خستوومانەتەڕوو پێویستن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشە سایبێرییەکان. ئەو هەوڵانە کووبوونەوە دوای کووبوونەوە، هەر کاتێک ئێمە یەکتر دەبینین زیاتر چڕدەبنەوە”.
جگە لە تاوتوێکردن و دەستنیشانکردنی تەحەددا سەرەکییەکانی بەردەم گەشەی ئابووری جیهان، حەوت وەزیری ئەندام لە G7 ئامادەکاری پێویستیان ئەنجامدا بۆ کۆبوونەوەی لووتکەی ئەو گرووپە کە بریارە لە رۆژانی 25 و 26 ی ئەم مانگە لە شاری سیسیلی ئیتاڵیا بەرێوەبچێت. وەزیرانی دارایی G7 هەروەها داوایان لە ئەمریکا کرد بگەڕێتەوە بۆ ناو رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، کە بەهۆی سیاستەکانی ترەمپەوە نیگەرانی لە هەڵوەشاندنەوەیان درووستبووە.
میشل ساپین، وەزیری دارایی فەرەنسا گوتی: “ئەو شتەی کە لە ئاستی جیهاندا بۆ هەموو لایەک باشە، بۆ وڵاتە پێشکەوتووەکانیش باشە. لەبەرژەوەندی ئەمریکایە پابەند بێت بە رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان. ئەوەی کە ئێستا دەتوانم ئارەزووی بکەم و هیوای بۆ بخوازم ئەوەیە کە ئیدارەی ئەمریکا لەوە تێبگات و خاڵە لاوازەکانی خۆی لەم بوارەدا دەستنیشان بکات”.
وڵاتانی گرووپی حەوت پێکدێن لە کەنەدا ، فەرەنسا ، ئەڵمانیا ، ژاپۆن ، ئیتاڵیا ، ئەمریکا و بەریتانیا. نوێنەری یەکێتی ئەوروپاش لە کۆبوونەوەکانیG7 بەشدار دەبێت.
ڕووداو