چین هه‌وڵده‌دات رێگای‌ بازرگانی‌ ئاوریشم دوباره‌ دروستبكاته‌وه‌


بەیجین ئامادەكاری دەكات بۆ میوانداری كردنی كۆڕبەندی یەك پشتێن ‌و یەك رێگا بۆ خستنەڕوی دەست پێشخەرییەك بۆ دروست كردنەوەی رێگای بازرگانی ئاوریشم.

پلانی ئەم دەستیپێشخەرییە بیرۆكەی خی ژینگ پینگ  سەرۆك چینە و ئامانج لێی دروست كردنی رێگایەكی نوێی ئاوریشمە لە بەندەرەكان ‌و رێگاكانی شەمەندەفەر ‌و رێگا‌وبانەكان بەمەبەستی فراوان كردنی بارزگانی لەنێوان هەرسێ‌ كیشوەری ئاسیا‌ و ئەفەریقا ‌و ئەوروپا.
بانكی گەشەپێدانی ئاسیا دەڵێت: كیشوەری ئاسیا كە (60%)ی دانیشتوانی جیهانی تێدا دەژی، تا ساڵی (2030) پێویستی بە (26) ترلیۆن دۆلار  وەبەرهێنانی لەو شێوەیە دەبێت بۆ ئەوەی درێژە بە گەشەی ئابوری بدرێت.

وردەكاری بودجەی ئەم دەستپێشخەرییە بە شاراوەی  ماوەتەوە هەرچەندە لەوەتەی سەرۆكی چین لە ساڵی (2013) رایگەیاندوە، بەیجین دەیان پرۆژەی رێگای شەمەندەفەری لە تاجیكستان ‌و تایلەند ‌و وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای لە ڤێتنام ‌و قیرغیزستان دەس تپێكردوە، پێشبینی دەكرێت پرۆژەكە ببێتە خێرو بێرێکی زۆر بۆ چەند شارێكی چین كە دەكەونە سەر رێگاكە لەوانەش دالیان.
دالیان كە دەكەوێتە باكوری رۆژهەڵاتی چین لە نێوان روسیا‌ و نیمچە دورگەی كۆریا ‌و شارێكی بەندەرییە، ناوچەیەكی بازرگانی ئازادی برەوپێدراوە ‌و بەرپرسانی شارەكە دەیانەوێت ئەوپەڕی سود لە دەست پێشخەری  یەك پشتێن-یەك رێگا وەربگرن.

لەوباریەوە وانگ هیویان، جێگری بەڕێوەبەری گشتی كۆمیتەی بەڕێوەبردنی هەرێمی نوێنی ژینپو دالیان لەوبارەیەوە وتی :”لەڕێگەی دەریا‌و هێڵی شەمەندەفەرەوە دەتوانین دالیان ببەستینەوە بە هەرێمی لیاۆنینگ، مەنگۆلیا‌ و روسیا، هەروەها لەڕێگەی روسیاوە دەكرێت ئەورپا‌ و مەنگۆلیا بەیەوە ببەستینەوە، هەمو رێگاكان كراوەن بۆ هاتوچۆ. بە كورتی دالیان پردێك ‌و شوێنێكی بەیەكەوە بەستنەوەی گرنگی  دەست پێشخەری یەك پشتێن- یەك رێگایە”.

وڵاتانی جیهان هەر لە ئەمەریكاوە بۆ مۆسكۆ بۆ نیودەلهی نیگەرانن لەوەی بەیجین لەهەوڵی دروست كردنی هەژمونی سیاسی ‌و لاوازكردنی پێگەی بەرامبەرەكانیدایە و نیگەرانی لە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ لەلایەن چین و قورسكردنی باری سەرشانی وڵاتە هەژارەكان بە پێدانی قەرز دەردەبڕن.

بانكی گەشەپێدانی چین كە لەلایەن حكومەتی ئەو وڵاتەوە بەڕێوەدەبڕیت لە ساڵی (2015) رایگەیاند: (900) ملیۆن دۆلاری بۆ پرۆژەی دەست پێشخەری یەك پشتێن-یەك ریگا لە (60) وڵات تەرخان كردوە.

بانكی هەناردەكردن‌و هاوردەكردنی حكومی لە چین لەوباریەوە رایگەیاند: بودجەی هەزار پرۆژە لە (49) وڵات دابین دەكات، بۆ نمونە تەرخانكردنی بڕی (1.3) ملیار دۆلار بۆ فراوانكردنی رێگای كاراكۆرام لە پاكستان، كە بەشێكە لە رێڕەوی ئابوری پاكستان ‌و چین و دەیان وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا‌و رێگا‌ و بەندەر لەخۆدەگرێت.