ڕۆژنامه‌ی‌ تایمزی‌ به‌ریتانی‌: ئابوری‌ ئێران له‌ هه‌ره‌سهێنان نزیكبۆته‌وه‌

رۆژنامه‌ی‌ تایمزی‌ به‌ریتانی‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ چه‌ند داتا و زانیاریه‌كی‌ گرنگی‌ به‌ده‌ستهێناوه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ره‌وشی‌ ئێرانه‌وه‌ هه‌یه‌ و پشتڕاستی‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئابوری‌ ئێران له‌ هه‌ره‌سهێنان نزیكبۆته‌وه‌. 
به‌پێی‌ ئه‌و رۆژنامه‌یه‌، رژێمی‌ ئێران ناتوانێت له‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگی‌ داهاتوودا خه‌رجییه‌كانی‌ پێداویستییه‌ ژیاری‌ و سه‌ره‌كییه‌كان ده‌سته‌به‌ر بكات. 
تایمز ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌، به‌هۆی‌ كاریگه‌ری‌ ئه‌و سزا ئابوریه‌ توندانه‌وه‌ كه‌ به‌سه‌ر ئێراندا سه‌پێنراون، جگه‌ له‌ بلۆككردنی‌ زۆرێك له‌ پاره‌و سه‌رمایه‌كانی‌ ئێران له‌ جیهاندا، بۆیه‌ هه‌ره‌سهێنانی‌ ئابوری‌ ئێران نزیكه‌. 
راشیگه‌یاندووه‌، دراوی‌ بیانی‌ له‌ ئێران بۆ كه‌متر له‌ 60% دابه‌زیوه‌، ئه‌وه‌ش هۆشداریه‌ بۆ نزیكبوونه‌وه‌ی‌ ئابوری‌ ئێران له‌ شكستهێنانێكی‌ چاوه‌ڕوانكراو. 
به‌پێی‌ رۆژنامه‌كه‌، حكومه‌تی‌ تاران ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ بڕی‌ 110 ملیار دۆلاری‌ یه‌ده‌گی‌ نه‌ختی‌ بیانی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگادار و خاوه‌نی‌ زانیاری‌ راسته‌قینه‌ له‌سه‌ر باری‌ ئابووری‌ ئێران به‌ تایمزیان راگه‌یاندووه‌ كه‌ ژماره‌ی‌ ڕاسته‌قینه‌ی‌ بڕی‌ نه‌ختینه‌ی‌ بیانی‌ له‌ ده‌ستی‌ حكومه‌تی‌ ئێراندا ته‌نها 85 ملیار دۆلاره‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ 25 ملیار دۆلار له‌ چوارچێوه‌ی‌ حساباتی‌ بانكی‌ حكومه‌تی‌ ئێران له‌ ده‌ره‌وه‌ بلۆككراوه‌.