سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی: ئاماری سەرپێچیەكان كەمی كردووە


لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بۆ پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان و رێگری كردن لە هەرجۆرە سەرپێچیەك كە زیان بە بەرژەوەندی گشتی بگەیەنێت بەردەوامن لە گەڕان و پشكنینەكانیان و سەرۆكی لیژنەهاوبەشەكانیش دەڵێت ئاماری سەرپێچیەكان بەبەراورد بە رابردوو بەشێوەیەكی بەرچاو رووی لە كەمبوونەوە كردووە.

گۆران قادر سەرۆكی لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند بەبەردەوامی لیژنەهاوبەشەكان لە ئەركدان بۆ جێبەجێكردنی ئەو ئەركە گرنگەی كە لە ئەستۆیاندایەو بە رۆژ و شەو  بەردەوامن لە سەردان و پشكنینەكانیان بەمەبەستی دڵنیابوونەوەیان لە پابەند بوونی خاوەنكارەكان بە مەرج و رێنماییەكانی كاركردنەوە.

گۆران قادر دەشلێت بەپێی بەدواداچونەكانیان بەبەراورد بە پێشتر ئێستا هۆشیارییەكی گشتی دەربارەی سەلامەتی خواردن لە رێستۆران و چێشتخانەو فرۆشتگاكاندا دروست بووە و زۆربەی شوێنەكان پابەندن بە جێبەجێكردنی مەرج و رێنماییەكانی كاركردنەوە كە ئەمەش ئەوە نیشان دەدات لیژنەكان جیا لە سزا و لێپرسینەوەكانیان توانیویانە كاریگەرییان لەسەر دروستكردنی هۆشیاری گشتی هەبێت.

سەرۆكی لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ووتی: بۆ پاراستنی هاوڵاتیان لیژنەكان بەردەوام دەبن لەگەران و پێشكنینەكانیان و لە هەر شوێنێك كەموكرتی هەبێت لێپرسینەوە دەكرێت .