هێرشێكی ئه‌لیكترۆنی فراوان 99 وڵاتی‌ گرتووه‌ته‌وه‌


هێرشێكی ئه‌لیكترۆنی فراوان له‌سه‌رانسه‌ری جیهاندا چه‌ندین نه‌خۆشخانه‌و وكۆمپانیا و فه‌رمانگه‌ی حكومی گرتووته‌وه‌ و هێرشبه‌ران ده‌ستده‌گرن به‌سه‌ر كۆنتڕۆڵی كۆمپیوته‌ره‌كانداو داوای‌ پاره‌ ده‌كه‌ن.

كه‌ناڵی سی ئێن ئێن له‌زاری كۆمپانیای ئه‌ڤاست بۆ ئاسایشتی ئه‌له‌كترۆنی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ دوێنێ هێرشی ئه‌لیكترۆنی 99 وڵاتی جیهانی  گرتووه‌ته‌و زیاتر له‌ 75 هه‌زار هێرشی ئه‌لیكترۆنی  كه‌ داوای پێدانی پاره‌ده‌كه‌ن ئه‌نجامدراوه‌.

زۆربه‌ی هێرشه‌كان ڕووسیا و ئۆكرانیا و تایوانی گرتووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام نه‌خۆشخانه‌كانی به‌ریتانیا و كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئیسپانیا ڕایانگه‌یاند ئه‌وانیش هێرشیان كراوه‌ته‌سه‌ر. 

هێرشه‌كه‌ چیه‌؟

هێرشبه‌ره‌كان هه‌موو فایله‌كانی كۆمپیوته‌رێكی تووشبوو به‌ ڤایرۆسه‌كه‌  داده‌خات و داوا له‌ خاوه‌نی‌ كۆمپیوته‌ره‌كه‌ ده‌كات پاره‌بدات هه‌تاوه‌كو بتوانێت كۆنتڕۆڵی كۆمپیوته‌ره‌كه‌ی بۆ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌.

ئه‌و جۆره‌ ڤایرۆسه‌ ناوی “واناكرای”یه‌ و به‌سوودوه‌رگرتن له‌ كه‌لێنێكی ئه‌منی كۆمپانیای مایكرۆسۆفت بڵاوده‌بێته‌وه‌.

 مایكرۆسۆفت(MSFT, Tech30)   له‌ مانگی ئازاری ڕابردوودا كه‌لێنه‌ ئه‌منییه‌كه‌ی ئاشكراكرد، به‌ڵام ئه‌و كۆمپیوته‌ر و  نێتۆركانه‌ی كه‌ سیستمه‌كانی  خۆیان ئه‌پده‌یت نه‌كردووه‌ته‌وه‌ له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی هێرش و مه‌ترسیدان.

ده‌بێت ئه‌دمینیسته‌ری ئه‌و كۆمپیوته‌رانه‌ی هێرشیان كراوه‌ته‌سه‌ر، له‌ماوه‌ی شه‌ش كاتژمێردا پاره‌كه‌ بده‌ن و خاوه‌نی زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی كۆمپیوته‌ره‌كانیان تووش بووه‌ له‌چه‌ند كاتژمێری یه‌كه‌مدا بڕی 300 دۆلاری ئه‌مه‌ریكییان داوه‌ له‌به‌رامبه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی  كۆنترۆڵی كۆمپیوته‌ره‌كانیاندا.   

چۆنێتی  دوورخستنه‌وه‌ی  هێرشه‌كان.

به‌ ئه‌پده‌یتكردنه‌وه‌ی ئۆتۆماتیكی ئه‌و كه‌لێنه‌ ئه‌منییه‌، مایكرۆسۆفت ڕایگه‌یاندووه‌، هێرشبه‌ران ناتوانن زیان به‌و كۆمپیوته‌ره‌كان بگه‌یه‌نن، به‌ڵام ئه‌و كۆمپیوته‌رانه‌ی پێشتر تووش بوون هیچ چاره‌سه‌رێكی نییه‌.